1
هەر چرکەیەکی تەمەنی پێشمەرگایەتی دەکرێت ڕۆمان و فیلمنامە و داستانێکی لێ ساز بکرێت
Thursday, 13 September 2012 10:01
هەر چرکەیەکی تەمەنی پێشمەرگایەتی دەکرێت ڕۆمان و فیلمنامە و داستانێکی لێ ساز بکرێت
 
ئیبراهیم کۆنەپۆشی، پێشمەرگە و کادری دێرینی کۆمەڵە وتووێژی لاپەڕەی پێشمەرگانە لە گەڵ هاوڕێ ئیبراهیم کۆنەپۆشی، پێشمەرگە و کادری دێرینی کۆمەڵە

سازدان: سامان ریشەساحێب

 

سەرەتا بەر لە هەموو شتێک خۆتان بناسێنن بۆ خوێنەرانی بەڕێزی ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ بە تایبەتی لاپەڕەی پێشمەرگانە؟

ئیبراهیم کۆنەپۆشی: سڵاو بۆ ئێوە بەڕێوەبەرانی ئاسۆی ڕۆژهەڵات و لە رێگای ئێوەیشەوە رێز و حورمەتی خۆم پێشکەش بە خوێنەرانی بەڕێز دەکەم. من ئیبراهیم کۆنەپۆشی ناسراو بە ڕزگار، لە ئاوایی بایەوە لە ناوچەی مەریوان لە دایک بوم.

 

 

هاوڕێ ئیبراهیم سەرەتای ئاشنا بوونی ئێوە لە گەڵ کۆمەڵە بۆ چ کاتێک دەگەرێتەوە؟

ئیبراهیم کۆنەپۆشی: ئاشنا بوونی من لەگەڵ کۆمەڵە هەڵئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لاوێتیم، من لە بنەماڵەیەکدا گەورە بوم کەبە هۆی تێکەڵاوی لەگەل کۆمەڵە ئازار و کوێرەوەری ومەینەتی زۆری کێشاوە، ساڵەکانی شەستەکان ئەوکاتە من هێشتا منداڵ بوم، ماڵمان بە هۆی شەڕی ئێران وعێراقەوە لە بایەوە باریان کرد ولەمەریوان گیرساینەوە، لە سەردەمێکدا کە تەمەنم ١٤ تا ١٥ ساڵان بوو ئیتر خۆشەویستی کۆمەڵە لە دڵمدا ڕەگ وڕیشەی داکوتابو.

 

 

چ فاکتۆرگەلێک بوونە هۆی ئەوەیکە کۆمەڵە وەک جەریانێکی سیاسی هەڵبژێرن؟

ئیبراهیم کۆنەپۆشی: هەر لە سەرەتاکانی جێگیربونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان بنەماڵەی من وەک زۆرێک لە بنەماڵە شۆرشگێڕەکانی دیکە کەوتنە بەر ئازار وئەشکەنجەو سوکایەتی دامو دەزگاکانی ڕژیم، برایەکم مامۆستای خوێندنگا بو دەرکرا و پاشان بۆ چەندین کەڕەت لە گرتوخانە کرا کە تەمەنێکی زۆر لەبەندیخانەدابوو، برایەکی دیکەم پێشمەرگەی کۆمەڵەبو، ماڵمان چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستی بەسەردا گیردرا و هەمو کەلو پەلیان بە ئاشکرا بە تاڵان برد، ئەمانە ببونە هۆکارگەلێک کە قین لە کۆماری ئیسلامی هەڵگرم، برایەکم پێشمەرگەی کۆمەڵەبوو عومەر کۆنەپۆشی(جەلال بایەوە) برایەکی دیکەم بە تۆمەتی هاوکاری لەگەل کۆمەڵە لە بەندیخانەدا بوو، ماڵیشمان بەهۆی ئەوەی بنەماڵە کۆمەڵە بوین موسادرە کرابوو، ئەوەی کەسایەتی خۆشناوو سیمای ناسراوی ناچەکە کە من ئەمناسین یان ناویانم بیستبوو، کۆمەڵە بوون یان لایەنگری کۆمەڵە بون، من ئەوکات لە دونیای سیاسەت شتێکم نەدەزانی، زوڵمەکانی ڕژیمم ئەبینی قینم لە ڕژیم بو، ئەو فاکتەرانەی سەرەوە و هەر وەها هەرچی کەسایەتی باش و خۆشەویستی ناو کۆمەڵەگاکەم هەبوو، بەردەوام باسی کۆمەڵەیان بە باشی ئەکرد ئەیانوت کۆمەڵە لایەنگری فەقیر وهەژارە، مافی ئینسانی ئەوێت و دژی زوڵم وزۆر وچەوسانەوەیە و زۆر سیفاتی باشی دیکە، ئەوانە ببونە هۆکارگەلێک کە کۆمەڵە هەڵبژێرم.

 

هاوڕێ ئیبراهیم چ کاتێک راستەوخۆ هاتنە نێو هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە، بارودۆخی ئەو کاتی کوردستان چۆن بوو؟

ئیبراهیم کۆنەپۆشی: اییزی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوە من ئەبوا لە پۆلی دوی دەبیرستان ناو نووسیم بکردایەت. بەڵام بە گومانی ئەوەی کە لایەنگری کۆمەڵەم ناو نوسیان نەکردم و لە خوێندن بێبەش کرام، سەرەتاکانی هەمان پاییز لەگەڵ هاوڕێیەکم بڕیارمان دا ببین بە پێشمەرگەی کۆمەڵە، بۆ ئەو مەبەستە لە شار هاتینە دەر و کۆتاییەکانی مانگی ٧ی ١٣٦٤ی هەتاوی پەیوەست بوین بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە.

بارو دۆخی ئەوکات هەستیارییەکی تایبەتی هەبوو، شەڕی ئێران و عێراق بە گەرمی بەردەوام بوو، هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر کوردستان و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە بە توندی بەردەوام بوو. گرانی ودەست تەنگی، بێکاری وئاوارەیی، شەڕ وبۆمباران و تۆپباران ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بوو. بە داخەوە لەو سەردەمەیشدا شەڕی ناوخۆیی دیموکرات و کۆمەڵە سەرباری هەمو بارەکان بوو. لە وەها کاتێکدا من کە تازە پێم نابوە ناو تەمەنی ١٦ ساڵی بوم بە پێشمەرگەی کۆمەڵە و ژیانی شاخم هەڵبژارد.

 

 

لە ماوەی تەمەنی پێشمەرگایەتیدا دیارە لە زۆر یەک لە عەمەلیاتەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەشداریت کردووە، دەکرێ ئاماژە بە نمونەیەک لەو عەمەلیاتانە بکەیت؟

ئیبراهیم کۆنەپۆشی: لەماوەی تەمەنی پێشمەرگایەتیمدا لەگەڵ هاوڕێیانم لە زۆرێک لە عەملیاتەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا بە تایبەت لە ناوچەی مەریوان بەشداریم کردوە، لەگرتنی چەندین پایەگای هێزەکانی ڕژیم، لە زۆر عەملیات لە ناوشاری مەریوان، لە بەدەستەوە گرتنی ڕێگاکانی مەریوان بۆ سنە و مەریوان بۆ سەقز، لە دەیان کەمین دانان، لە چەندین شەڕی سەخت کە بەرپەرچی هێرشی هێزەکانی ڕژیممان داوەتەوە، بە کورتی لە زۆرێک لە چالاکییەکانی گوردانی کاک فواد و دەستەی سازماندەی خاو میرائاوا بەشداریم کردوە، کە دەتوانم دودانەیان کە هێشتا ئاسەواریان لەمێشکمدا هەر وەک کاتی عەملیاتەکە دەزرنگێتەوە ناوبەرم، یەکیان کارەساتی دڵتەزێنی شەڕی کانی خەیارانی لای دزڵی هەورامان بوو کە دوژمن هاتە سەرمان و ماوەی سێ شەو ڕۆژ بە بێ نان و ئاو خۆڕاگریمان کرد، گەرچی دوژمن تەڵەفاتی زۆری لێکەوت بەڵام بە داخەوە ٣٢ کەس لە هاوڕێیانمان بەدیل گیران وگیانیانبەختکرد کە بە داخەوە ژمارەیەک لە بەدیل گیراوەکان دواتر لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تیرباران کران، عەمەلیاتێکی دیکە کە ئەتوانم ناوی بەرم حەماسە و قارەمانەتی هاوڕێیانی کۆمەڵەبوو لە پشت ولەژێر، ئەویش هەر هێزەکانی ڕژیم بە هەزاران چەکدار و دەیان تۆپ وکاتیۆشا و هەمو جۆر کەرەسەیەکی شەڕەوە هاتنە سەرمان و ١٢ سەعات بەرخۆدانمان کرد کە ئاکامەکەی بوو بەوە، هێزێکی زۆر لە دوژمن کوژران برینداربوون و ناچار بە پاشەکشە کران و ئەو هێزە زۆر وزەبەندە تێکشکا و بە خۆشییەوە هاوڕێیانی ئێمە هەر هەمو سڵامەت بوون، تەنیا دوبریندارمان دا کە هیچیان جێگای مەترسی نەبون.

 

چ کەس یان کەسایەتیەک کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر ئێوە؟

ئیبراهیم کۆنەپۆشی: ئەو کەسەی کە زۆر کاریگەری هەبوە لە سەر من برای گیانبەختکردوم عومەر کۆنەپۆشی(جەلال بایەوە) بوو.

 

هاوڕێ ئیبراهیم جەنابتان ساڵی چەنێک بوون بە ئەندامی کۆمەڵە؟

ئیبراهیم کۆنەپۆشی: من ئەوکات واتە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی بومە ئەندامی حیزبی کومونیست، دواتر بە هۆی هەندێک شەرایەتی تایبەتی خۆمەوە گەڕامەوە بۆ مەریوان، لەوێ وەک هەڵسووڕاوی نەهێنی لە شانەیەکدا لەگەڵ هاوڕێی گیانبەختکردو عوسمان کیانی وکۆمەڵێک هاوڕێی دیکە کارمان بۆ کۆمەڵە ئەکرد، ساڵیانێک وەک ئەندامی سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمونیستی ئێران کاری نەهێنیم کرد. دواتر بە هاتنە دەرەوەی کۆمەڵە لە حیزبی کۆمونیستی ئێران منیش و زۆرێک لە هاوڕێیانی دیکە لەتەک پرۆژەی بوژانەوەی کۆمەڵە کەوتین و هەر ئەوکات واتە ساڵی ٢٠٠٠ بوین بە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و ئێمەیش و زۆرێکی دیکە لە هاوڕێیان وازمان لە حیزبی کۆمونیست هێنا و تا ئێستە وەک ئەندامی کۆمەڵە سەرقاڵی کار وچالاکی وتێکۆشانم.

 

 

ئەو بەرپرسیارییەتانەی (مسئولیت) وا لە ناو کۆمەڵە لە سەر شانتان بووە کامانەن؟ لەکام یەک لە ئۆرگانەکانی کۆمەڵە کارتان کردووە؟

ئیبراهیم کۆنەپۆشی: ئەگەر هەر لە سەرەتاوە باس بکەم، دەتوانم بڵێم لە بڕێک لە ئۆرگانەکانی کۆمەڵە کارم کردوە و مەسئولیەتم پێسپێردراوە، وەک هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەگوردانەکانی کاک فواد، ٢٢ی ورمێ و ٢٤ی مەهاباد، رێکخراوی پزشکی، دەستەی سازماندە، بڵاو کراوەی شۆڕش، پەزیرشی فێرگەی پێشمەرگایەتی (بەشی وەرگرتن) ئۆرگانی زاگرۆس(بەشی ڕێکخستنەکانی نەهێنی کۆمەڵە)، مقەڕەکانی کۆمەڵە لە سلێمانی، ئێستەیش وەک کۆمیتەی کۆمەڵە لە نۆروێژ و بەرپرسی بەشی پێوەندیە کوردستانییەکانی کۆمەڵە لەم وڵاتە سەرقاڵی تێکۆشانم.

 

بیرەوەرییەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی زۆرن، وەک بیرەوەری تاڵ و شیرین ئەگەر دەتوانن ئاماژە بە چەند نمونەی گرینگ بکەن؟

ئیبراهیم کۆنەپۆشی: دونیای پێشمەرگایەتی پڕە لە یادەورەی خۆش و ناخۆش، پڕە لە سەختی و شادی و بزە و گریان، بیر لەهەر چرکەیەکی ئەوکات ئەکەمەوە بیرەوەرییەک دێتەوە یادم، ڕەنگە لە حەوسەڵەی ئەم باسەدا نەبێت کە بتوانم بیرەوەرییەک بە کامڵی باسکەم، من هەوڵم داوە بیرەوەرییەکانی خۆم کۆبکەمەوە وچاپیان بکەم کە بە خۆشیەوە کتێبێکم بە ناوی (چـــرکە زێـــڕینەکانی شاخ) کە هەموی بیرەوەری دەورانی پێشمەرگایەتیمە چاپ وبڵاو کراوەتەوە و ئێستە کتێبێکی دیکەم بە ناوی سەفەرێک بۆ ڕابردو ئامادەی چاپە کە بە زویی چاپ ئەکرێت. بەڵام لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە بەسەرهاتێکی تاڵ ئەکەم کە پاش تێبەڕ بوونی زیاتر لە بیست ساڵ هێشتا ئاسەواری تاڵی لە مێشکمدا ماوەتەوە، لە ماوەی تەمەنی پێشمەرگایەتیمدا زۆر کارەساتی گەورەم بینی یان خۆم تێێدابوم، بەڵام هیچیان وەک ئەم بەسەر هاتە بەڵامەوە تاڵ و ناخۆش نەبوو، هاوینێکی گەرم، ساڵی ٦٦ی هەتاوی، پەلێک لە هاوڕێیانی گوردانی کاک فواد مەئمووریەتمان پێدرا ١٨ کوڕ و کچ کە هاتبون بۆ پێشمەرگایەتی و هەر وەها هاوڕێیەکی بریندرا بە ناوی حوسەین هوشیاری(حوسەین بێلو) بگەیەنینە کوردستانی باشوور و ئەوان بۆ فێرگە و هاوڕێ حوسەین بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی دژواری رێگا و بارو دۆخی خراپی بریندارەکەمان لە شوێنێک بە ناوی کانیخەیاران لە نزیک گەورە دێی دزڵی لە ناوچەی هەورامان ماینەوە، کاروانێکی گەورەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە کە سەر بە ناوچە جیا جیاکانی کوردستان بوون لە باشوورەوە بەرەو کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەهاتنەوە، ئەوانیش بڕیان نەکرد و لەو دۆڵەدا لای ئێمە مانەوە، هەردولامان ڕۆژێک بێ ئاو رێگامان بڕیبو، ڕۆژی دووهەم بە بێ ئاو لە حەشارگەیەک ماینەوە و چاوەڕوان بوین هەوا تاریک دابێت و بەرەو شوێنی مەبەستمان ڕێبکەوین، بەهۆی خەیانەتی کەسێکەوە کە لە ناو موجاهدینەوە هاتبوە ناو کۆمەڵە پێمان زاندرا و هێزێکی یەکجار زۆری دوژمن هاتنە سەرمان، شەڕێکی توند و دەستەو یەخە بۆ ماوەی سێ شەو و ڕۆژ دەستی پێکرد و بە تونیەتی وبرسێتی بەردەوام بوو. ئازووقە نەما، فیشەک بەرەو تەواو بوون ئەڕۆیشت، هێز لە لەشدا نەمابوو، تونیەتی وبرسێتی زۆری بۆ هێنابوین، هەر تاوە و کەسێک لە تونیەتیدا بێهۆش ئەبوو، زۆربەی هاوڕێیان لە تونیەتیدا گمیزی خۆیان ئەخواردەوە تەنیا بەو مەبەستەی قوڕگیان تەڕ بێت ونەلکێت بەیەکدا تا بەڵکو بتوانن هەناسە بدەن، لەماوەی سێ ڕۆژ شەڕدا سێ هاوڕێمان گیانیانبەختکرد کە بریتی بون لە هاوڕێی بریندار کە پێش دەست پێکی شەڕ گیانی بەختکرد(حوسەین بێلو)، هاوڕێی قادر مارابی و هاوڕێ موحمەد میراوا ، بەڵام ٢٩ نەفەر لە هاوڕێیان لە تونیەتییدا لە بنەدەوەن ولەبنەبەردەکاندا بێهۆش کەوتبوون و پاسدرەکان بە دیلیان گرتن کە بە داخەوە دواتر زۆرێکیان لە بەندیخانەکانی رژیمدا تیرباران کران، کارەساتێکی سەخت و ناخۆش، دڵتەزێن و ژاناوی بوو، ئێستەیش ناتوانم لەبیرم بچێتەوە کە ئەو هەموە ئینسانە لەژێر گوشاری تونیەتی، تەقە و هێرشی دوژمن، برسێتی، گەرما، بێخەوی، ماندویەتی و ترس و دڵە ڕاوکێ بە چ ورەیەکەوە خۆڕاگریان ئەکرد و هەوڵی دەربازبونیان لەو گەمارۆ ئەدا، ئەو کارەساتە هەم مەیدانی فیداکاری وحەماسە و خۆڕاگری بوو، هەم مەیدانی کارەسات و ژان و شین بوو، ئاسەوارێکی تاڵی لەمێشکمدا بەجێهێشتوە کە پاش زیاتر لە بیست ساڵ، هەرکات ناوی ڕووداوی ناخۆش یان ئەو ناوچەیە ئەبیستم دێتەوە یادم وهەست ئەکەم ئەو ڕۆژگارەیە و وام لە ناو ڕوداوەکەدا، ڕوداوێک کە هەر چرکەیەکی دەکرێت ڕۆمان و فیلمنامە و داستانێکی لێ ساز بکرێت.

 

 

زۆر سپاس بۆ بەشداریتان

زۆر سوپاس بۆ ئێوەی ئازیز بۆ بەسەرکردنەوەکەتان

‌ • نوسه‌ر:سامان ریشەساحێب
 • سه‌رچاوه: ئاسۆی رۆژهەلات‌
2223جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:994
Share/Save/Bookmark

Ahmad Rostami
Tuesday, 18 September 2012 21:36
Slaw! destan xosh bet bo aw hawletan ke legel hawryani derini komala chawpekawtn deken w beseryan dekenawe.
mnish amadem agar petan xosh bet chawpekawteni watan legel bkam w xatera w biraweri zorm haye basi bkam bo mejo. Supas!