2
چەند لاپەڕەیەک لەژیانی شۆرشگێڕی قارەمان شەهید عەتا قورئانی
Tuesday, 11 September 2012 11:02
چەند لاپەڕەیەک لەژیانی شۆرشگێڕی قارەمان شەهید عەتا قورئانی
 
چەند لاپەڕەیەک لەژیانی شۆرشگێڕی قارەمان و نیشتمانپەوروەری ناسراوی شاری سەقز، شەهید عەتا قورئانی

عەتا قورئانی، مانگی گوڵانی ساڵی 1331ی هەتاوی (1952) ی زاینی، لەبنەماڵەیەکی مامناوەندیی لەشاری بانە چاوی بەدنیا پشکوت. کاتێک تەمەنی گەیشتە چوارساڵ، بنەماڵەکەیان گەڕانەوە بۆ شاری سەقز. دایکوباوکی خەڵکی سەقز بوون، باوکی فەرمانبەری سوپا و دایکیشی کابانی ماڵ بوو. عەتا منداڵێکی چوستوچالاک و بزێو و شاد و دەم بە پێکەنین و ئێسکسووک و وریا بوو. لەنێو پۆلی منداڵانی گەڕەک لەگەمە و یارییەکانی سەردەمی منداڵیدا زیرەکییەکەی دیار و بەرچاوبوو. هاوکات لەقوتابخانەش خوێندکارێکی زیرەک بوو، قوتابخانەی سەرەتای و ناوەندی و دواناوەندیی لەشاری سەقزدا تەواوکرد.

عەتا، لەتەمەنی لاویدا روویکردە وەرزش و حەزی لەهەموو جۆرە وەرزشێکی وەک فۆتباڵ و ژیمناستیک و راکردن و بازدان و مەلەکردن دەکرد. جگە لەوەی کە ئەندامی تیپی فوتباڵی گەڕەکەکەیان بوو، هەروەها ناوبانگی مەلەوانییەکەی کەوتبووە سەر زارانەوە و، بەمەلەوانێکی باش ناوی رۆیبوو، چۆنکە توانیبووی جەند جارێک لەچەمی سەقز کەسانی نەشارەزا لەخنکان رزگاربکات.

کاتێک پێینایە تەمەنی گەنجییەوە، خێراتر لە تەمەنی خۆی کەسایەتی و خووڕەوشت وهەڵسوکەوتی وەک لەشولاری باڵا و گەشەیان کرد. ئەندامانی بنەمالەکەی و هاوڕێیانی دەیاندیت عەتا رێز وخۆشەویستییەکی زۆر بەرامبەر دایکوباوکی و هاوڕێیانی و خوشکوبراکانی پێشاندەدا. کەسێکی بەتۆرە و لەسەرخۆ و خاوەنڕەوشتی بەرز و جێکەوتووە. ئەمەش هانی دەوروبەر و هاوڕێیانی و تەنانەت دەرودراوسێی بەساڵاچووشی دەدا بەچاوی رێزەوە لێی بڕوانن. بزەی سەرلێوی و کردار و هەڵسوکەوت و رەوشتی بەرز و دڵسۆزانەی بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر کاریگەریی لەسەر دەوروبەری دادەنا. ئەگەرچی باوکی گەورەی ماڵەوەیان بوو، بەڵام عەتا کۆڵەکەی ماڵ و هۆکاری سەقامگیریی چوارچێوەی بنەمالە و گەرموگوڕیی نێوماڵ بوو.

عەتا لەریزی ئەو دەگمەن کەسانە بوو لەتەمەنی لاوێتیدا رێنوێی خوشکوبرا و هاوڕێیانی دەکرد، کە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی سەرفراز و بەختەوەر و ئازاد، رێی راستودروست هەڵبژێرن.

دوای ماوەیەک، عەتا لەگەڵ کۆمەلێک لەهاوڕێیانی نێزیکی، دەستیاندایە خوێدنەوەی کتێبی سیاسی و کۆمەڵایەتیی، بۆ ئەوەی ئاستی تێگەیشتن و زانیاریی خۆیان پەرەپێبدەن. لەسەردەمی دیکتاتۆریی حەمەڕەزاشادا، پەرتۆکی سیاسی و رۆشنبیریی بەکەمی دەستدەکەوت، ئەوەش کە هەبوو لەترسی ساواک و هێزەکانی سەرکوتکاری پاشایەتیی لەحەوت کون دەشاردرانەوە و لەکاتی چوونە کێو و دەرەوەی شار لەنیو کۆڕی هاوڕێیانی باوەڕپێکراودا دەخوێندرانەوە. لەکۆبوونەوەکاندا سەبارەت بەبارودۆخی ئێران و دیکتاتۆریی رژێمی پاشایەتی و نەبوونی ئازادی ئاڵوگۆڕی بیروڕادەکرا. لەهەموو ئەم دانیشتنانەدا عەتا رۆڵێکی چالاک و کاریگەری هەبوو. پاش ماوەیەک عەتا نەک هەر لەگەڵ خوێندکار و رۆناکبیرانی شار، بەڵکو لەگەڵ زۆرێک لەو خوێندکارانە پێوەندییەکی دۆستانەی بەست کە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری سەقز بوون. قسەی بۆ دەکردن، هۆنراوەی شاعیرانی ناوداری کورد وەک ''قانع'' و ''گۆران'' و ''بێکەس'' و هێمن'' ی دەخوێندەوە بۆیان و مزگێنی هاتنەدی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و بەختەوەری پێدەدان.

عەتا کوردیزانێکی باش و شەیدای کولتووری رەسەنی وڵاتەکەی بوو. خۆی فێری زۆربەی شێوازەکانی هەڵپەڕکیی کوردی لەوانە کابووکێ و شێخانی و مەریوانی و... هتد کردبوو، هانی هاوڕێیانی دەدا لەگەڵی هەڵپەڕن و زۆربەیانی فێری شێوازەکانی هەڵپەڕکێی ناوچەجیاجیاکانی کوردستان کرد. لەگەڵ هاوڕێیانیدا تیپێکی هەڵپەڕکێیان سازکرد و لەشای و زەماوەندی نێو شاردا بەشدارییان دەکرد و، بەنواندنی شێوازەکانی هەڵپەڕکیی کوردی، دەبوونە هۆی شادمانی زیاتری خەڵکی بەشداربووی شاییەکە. گوێگرتن لە گۆرانییەکانی هونەرمەندی گەورە و نەتەوەیی مامۆستا تاهیر تۆفیق، هەروەها گۆرانییەکانی کەریم کابان و هۆمەر دزەی و قادر دیلان وهتد، لەگەڵ خوێندنەوەی پەرتۆکی نووسەرانی ئازادیخواز و شۆرشگێڕی کورد وئێرانی بەشێک بوون لەسەر قاڵیی رۆژانەی عەتا و هاوڕێیانی.

هەرچەندە عەتا خوازیاری ئازادیی وڵاتەکەی بوو، هاوکات خوازیاری هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دادپەروەر بوو کە دووربێت لە چەوساندنەوەی رەگەزی و چینایەتیی. هاوڕێ وپشتیوانی رەبەن و هەژاری شار و گوند بوو، زۆر بەخێرایی لەگەڵیان دەبووە هاوڕێ و لەچارەسەرکردنی ئێشوئازارەکانیان دەدوا و بۆ ئاشناکردنیان بە ئەدەبیاتی نەتەوەکەیان، هۆنراوەی شاعیرانی گەورەی کوردی دەخوێندەوە بۆیان.

عەتا رێزی بۆ هەموو بیروڕا و ئاین و ئیدۆلۆژیی جیاواز دادەنا، هاوکات خوازیاری جیاکردنەوەی ئاین بوو لە حکوومەت ودەسەلاتدارێتیی سیاسی. خۆتێهەڵقورتاندن و دەستێوەردانی چینی ئاینیی بۆ سەر حکوومەت و کۆمەڵگە، بەهۆکاری سەرەکیدەزانی لەدواخستنی کۆمەڵگەدا لەهەموو روویەکەوە.

سەرەتای پەنجاکانی هەتاویی، لەئێران لەنێو کۆڕوکۆمەڵی خوێندکاری و رۆشنبیریی بزووتنەوەیەکی سیاسی دەستیپێکرد. هەربۆیە عەتا بەپێویستیزانی لەگەڵ هاوڕێیانیدا بەشێوەی رێکخراو کاربکەن، بچنە نێو خەڵک و هەوڵی رێکخستن بدەن. بۆ ئەم مەبەستە روویکردە شیرکەتی دروستکردنی خانووبەرە لەتاران، چۆنکە زۆربەی کرێکاری شیرکەتی شارەگەورەکانی ئێران، کورد بوون. عەتا وازی لەخوێندن هێنا و بوو بە کرێکاری شیرکەت. لەگەڵ زۆرێک لەکرێکارانی شیرکەت بوو بەهاوڕێ و لەکاتی نانخواردن و پشوودا باسی زۆرداری و چەوساندنەوەی سیستەمی گەندەڵی سەرمایەداری و پێویستیی یەکگرتنی کرێکار و زەنجدەرانی دەکرد بۆیان، کە دەبێ بۆ وەرگرتنی مافەکانی خۆیان یەکبگرن.

لەوسەردەمەدا لەبەرامبەر سیستەمی کاپیتالیستیدا، ئیدۆلۆژیی کۆمۆنیستی بەتاکە ئەلتەرناتیڤ و چارەسەری سیاسی دادەنرا. پەرتۆکەکانی مارکس و ئەنگلس و لینین سەرچاوەی پەروەردەی سیاسی و کۆمۆنیستی بوون. لەلایەن دەزگەی ''ساواک'' (دەزگەی پاراستنی رژێمی پاشایەتیی) وە لەچاپدان و بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە پەرتۆک و نووسراوەیەکی کۆمۆنیستی و سیاسی رێبەند (ممنوع) کرابوو، بەپێی یاسای رژێمی شا، هەڵگری کتێبی کۆمۆنیستی و بیری کۆمۆنیستی بەتاوانی گەورە ئەژماردەکرا. سیخوڕەکانی ساواک بۆ دۆزینەوەی ئازادیخوازان و شۆرشگێڕان کە بەنهێنیی خەباتیاندەکرد، دەچوونە نێو هەموو دەزگە و ئۆرگانێکی وڵات بەتایبەتی نێو کۆڕوکۆمەڵی لاوان و زانستگە و ناوەندەکانی پەروەردە و هونەر و راگەیاندن و سەریان بەهەموو کونوقوژبنێکدا دەکرد.

قسەوباسی نێوخەڵک و چالاکی بەردەوامی عەتا و هاتوچۆکردنی لەکوردستانەوە بۆ تاران، سەرنجی سیخوڕەکانی ساواکی بۆلای خۆی راکێشا و لەلایەن کاربەدەستانی ساواکەوە بڕیاری گرتنی درا. لەسەرەتای مانگی رەزبەری ساڵی 1355 ی هەتاوی (1977ی زاینی)، لەکاتی شەودا، پۆلێک لەبەکرێگیراوانی ساواک وپۆلیس رژانە نێوماڵیانەوە و بە بەرچاوی دایکوباوک و خوشکوبراکانییەوە قۆڵبەستیانکرد و بەپەلە بەسواری ئۆتۆمۆبیل لەگەڵ خۆیان بردیان. لەسەقزەوە برا بۆ تاران بۆ زیندانی بەناوبانگی ''قەسر''. پاش ماوەیەک لێدان و شکەنجەکردنی گوێزرایەوە بۆ زیندانێکی دیکەی تاران بەناوی ''قزل حصار''. لێرەش، بەمەبەستی رووخاندنی ورەی بەرزی دیسان بەشێوازێکی زۆر دڕندانە خرایەوە ژێر شکەنجەوە، هەموو لەشیان بەقەمچی شین ومۆرکردەوە و پەنجەی پێیان شکاند، ماوەی چەندین حەفتە خستیانە ژووری تاکەکەسی، بەڵام عەتا لەبەرامبەر هەموو شکەنجە و شۆڕکردنەوە و دارکاریکردنێکدا سەربەرزانە خۆیڕاگرت و چۆکی دانەدا بۆیان.

لەلایەن دەزگەی ''ساواک'' وە حوکمی دوانزەساڵ زیندانیان بۆبڕییەوە. لەبەندیخانە لەگەڵ هاوڕێیانی دیکەی بەندکراویدا بڕیاریاندا ئازایانە بەرگریی لەخۆیان بکەن و، بەورەیەکی بەرزەوە بەرەوڕووی شکەنجە و هەڕەشە و گوشاری شکەنجەکارانی ساواک ببنەوە. ورەی بەرز و خۆڕاگریی عەتا لەبەرامبەر شکەنجەکارانی رژێمی پاشایەتیی، بووە هۆی ڕێز و خۆشەویستیی زیاتری لەنێو هاوڕێیانیدا. لەکاتی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی، یان کاتی قسەکردنی بە تەلەفۆن لەگەڵیان، وایپێشاندەدا کە لەزینداندا تەندروستی باشە و هیچ کێشە و ئازارێکی نییە، بەڵام کەسوکار و خزم و هاوڕێیانی، کەسایەتیی بەرز و ورەی پۆڵاینی عەتایان دەناسی و، دەیانزانی، هەزارهێندەش شکەنجە وئازاربدرێت، ناتوانن ئیرادە و ورەی بەرزی بڕووخێنن. بەدرێژایی چەندین مانگ، شکەنجە و گوشاری دەروونی وجەستەیی لەسەری بەردەوامبوو، بەڵام نەیانتوانی سەبارەت بە چالاکی و تێکۆشینی خۆی و هاوڕێیانی بچووکترین زانیاریی لێوەربگرن.

ساواک دوای گرتنی عەتا، وازیان لەبنەماڵەی نەهێنا و، بەردەوام چاودێریی براکانی و دوو خۆشکەکەی دەکرد. پاش ماوەیەک برایەکی دیکەی بەناوی کاک رەوف (*1) کە دووساڵ لەخۆی گەورەتر بوو، گیرا و ئەویش خرایە بەندیخانەی ساواکەوە. بۆ تێکڕای بنەمالەکەیان ئەمە کارەساتێکی گەورە بوو. باوکی عەتا (کاک حەسەن) کە بە ''سەرکار قورئانی'' بانگدەکرا، سی (30) ساڵی تەواو لەسوپادا خزمەتی ئەو رژێمەی کردبوو، تەمەنی خۆی تەرخانکردبوو بۆ بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانی، زۆر دژوار و ئەستەم بوو بۆی، دوو کوڕی لاو و ژیر و وریای بەناڕەوا بکەونە زیندانی ساواکەوە و بێبەزەییانە ئەشکەنجە بدرێن. ژن ومنداڵەکانی و درواسێ و هاوڕێیانی کە لەو رۆژە سەختانەدا ئاگاداری بارودۆخی سەرکار قورئانی بوون، دەیگێڕنەوە دوای گرتنی کوڕەکانی، باری دەروونیی تێکچووبوو، زۆربەی رۆژەکان لەماڵ دەچووەدەر، بێئەوەی ئاگای لەخۆی بێت، بەدەم رێگەرۆیشتنەوە دەگریا. رۆژێکیان لەنێزیکی ''مزگەوتی جامێعا'' (مزگەوتی گەورە) خۆیپێڕاناگیری و، بەدەنگی بەزر هاواردەکا: ''ئەی هاوار خەڵکینە دوو کوڕی جوان و گەنجم گیراون...!''. پەژارە و خەفەتی دوو رۆڵەی بەندکراوی سەرەنجام تەنگیان پێهەڵچنی و تووشی جەڵتەی دڵهات و، لەمانگی رێبەندانی ساڵی 1978 ی زاینی، بە بەرچاوی ژن ومنداڵەکانییەوە کۆچیدواییکرد.

شادی و گەرموگوڕیی نێوماڵ و خۆشی سالانی پێشوو رەوینەوە و شین و گریان و ماتەمینی بوونە میوانی هەمیشەیی دایکو دوو خوشک و محەممەد کوڕەچکۆلەی ماڵ کە لەگەڵ خۆشکی گەورەی (شاناز) پێیاننابووە تەمەنی لاوییەوە. ''خاتوون نەسرەت'' ی دایک، دەترسا دوای گیرانی رەوف و عەتا، ساواک ''محەممەد'' و ''شاناز'' یش بگرێت....

پێشینیان گوتوویانە: ''تەنگانە بەری کورتە!''. لەساڵی 1978 بەهۆی گوشاری رێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی و داوای راستەوخۆی جیمی کارتر سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا لەشا بۆ بەخشینی ئازادیی زیاتری سیاسی و راگەیاندن، شا رێیدا بە رێکخراوەی مافی مرۆڤی جیهانیی سەردانی بەندیخانەکان بکەن و، لەنێزیکەوە چاویان بە بارودۆخی بەندکراوانی سیاسی بکەوێ. رۆژنامەکانیش رێیان پێدرا بەشێوەیەکی بەرتەسک رەخنە و گازندەی خەڵک سەبارەت بە کێشەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکەنەوە. لەمەوە دیواری ئەستووری ترس و ئەنگوستەچاو و شەوەزەنگی دیکتاتۆریی حەمەڕەزاشا درزی تێکەوت و، لەکۆتاییەکانی مانگی گەڵاڕیزانی ١٩٧٨ دا خۆپێشاندانێک لەلایەن مەلاکان ولایەنگرانیان لەشاری قۆم بەڕێوەچوو. خۆپێشاندانەکە لەلایەن هێزەکانی شاوە هێرشیکرایەسەر و، دەیانکەس کوژران و، سەدانکەسی دیکەش بۆ بەندیخانەکان بەڕێکران. لەچلەی کوژراوانی شاری قۆم، ئەوجا لەچەندین شاری گەورەی ئێران، بەتایبەتیی لەشاری تەورێز خۆپێشاندانێکی گەورەی جەماوەریی بەرپاکرا. هێزەکانی رژێمی شا هەروەک شاری قۆم لەکوشتنوبڕینی خەڵکی تەورێز دەسیاننەپاراست، بەڵام رەق و بێزاریی پەنگخواردووی دەیانساڵەی گەلانی بندەست و جەماوەری تینووی ئازادیی، بورکانئاسا تەقییەوە و، ناڕەزایەتی و دژایەتیکردنی رژێم بەرە بەرە هەروەک ئاگر و پووش بڵێسەی سەند و هەموو شارۆچکە و مەڵبەند و شار و ناوەندی بازرگانی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێرانی گرتەوە...

پەرەسەندنی شەپۆلی خۆپێشاندانی جەماوەریی لەسەرتاسەری ئێران، شای ناچارکرد لەچەند حەفتەیەکدا تێکڕای زندانییە سیاسییەکان ئازاد بکات. لەگەڵ ئازادبوونی بەندکراوانی سیاسی و گەڕانەوەیان بۆ شار و زێدی خۆیان، دەیانهەزار کەس بەرەوپیریان دەچوون و، قارەمانانی راستینەی خۆیان لەئامێز دەگرت. عەتا لەگەڵ ژمارەیەک لەهاوڕێیانی بەندکراوی وەرزی پایزی ساڵی 1357 (1978) گەڕایەوە بۆ شاری سەقز و، لەلایەن هەزاران لاو و پیری شارەوە پێشوازیکرا. پۆل پۆل دانیشتوانی شار ودێ سەردانی ماڵی عەتا و زندانیانی رزگاربووی دیکەیان دەکرد.

لەسەروبەندی تەشەنەسەندنی خۆپێشاندانەکان لەرۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەردوو پارێزگەی سنە و ورمێ، پێڕەوانی ئایەتۆڵڵاخومەینی بەناردنی نوێنەری ئاینی و بەکەڵکوەرگرتن لەلایەنگرانی سەر بەمەلا شیعەکان وەک ئەحمەد موفتیزادە، هەوڵیاندەدا رووی درۆشم و ناڕەزایەتییان وەرگێڕن بەلای درۆشم و داخوازیی ئیسلامیدا، بەڵام جیاوازیی ئاینی کە زۆربەی دانیشتوانی ئەم دوو پارێزگەیە سەر بەئاینزای سوننەن، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ئەوەوە کە هەست و بیری نەتەوەیی کوردی لەم دوو پارێزگەیە مێژوویەکی دێرینی هەبوو، هێشتا هەزاران ژن وپیاوی بەسالاچوو بیرەوەریی کۆماری کوردستان بەسەرۆکایەتیی پێشەوا قازی و، دواتر بزووتنەوەی چەکداریی کۆمیتەی شۆرشگێڕی حیزبی دێمۆکرات لەساڵانی ٤٦-٤٧ ی هەتاوییان لەبیرمابوو. جگە لەمانە، لەکاتی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانی جەماوەریی لەدژی رژێمی شا، رۆشنبیران و چەپی کورد کە هەر لەسەرەتاوە زۆرینەیان لەرێکخراوەیەکی هاوبەش بەنێوی ''جمعیت دفاع از آزادی زحمتکشان''، (رێکخراوی پارێزگاریی لەئازادیی چەوساوەکان) کۆببوونەوە، و سەرپەرشتیی خۆپێشاندانەکانیان دەکرد و، شۆرای شارەکانیان دامەزراندبوو، ئایەتۆڵڵاکان نەیانتوانی لەم دوو پارێزگەیەدا وەکو باقی بەشەکانی دیکەی ئێران، جڵەوی خەبات و ناڕەزایەتیی دژ بەرژێمی پەهلەوی بگرنەدەستی خۆیانەوە.

دوای رووخانی رژێمی شا و هاتنەسەرکاری کۆماری بنچینەگری ئیسلامیی، لەو دوو پارێزگەیە (سنە و ورمێ) جگە لەسەربازخانەی مەهاباد کە لەلایەن خەڵکی شارەوە داگیرکرابوو، رژێم تەنیا سەربازخانەکانی بەدەستەوە مابوو. سەرجەم شارەکان لەژێر دەسەلاتی پێشمەرگەدا بوون.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستان پاش چەندین ساڵ خەباتی نهێنی و لەدەستدانی دەیان سەرکردە و کادری لێهاتووی لەلایەن هێزەکانی رژێمی حەمەڕەزاشاوە، توانی دوای پەرەگرتنی ئاستی خۆپێشاندانی جەماوەریی لەئێران و کوردستان، بگەڕێتەوە بۆ نێو شارەکانی کوردستان و خەباتی ئاشکرای سیاسی و حیزبی دستپێکاتەوە. بەکورتی، حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، لەگەڵ کۆمۆنیستەکان کە تاکو ئەوکات لەنێو بەرەیەکی هاوبەش بەنێوی ''جمعیت'' کۆببوونەوە، دوو هێزی سەرەکیی گۆڕەپانەکە بوون.

بۆ عەتا و هاوڕێیانی ئەم دۆخە تازەیە بە قۆناخێکی هەستیار و چارەنووسساز دەژمێردرا، لەبەر ئەوە هەموو کاتی خۆیان تەرخانکرد بۆ کاری سیاسی و پەروەردەکردنی لاوان و چینی خوێندەواری شارەکان و گەورەکردنەوەی توانای رێکخستن و چالاکییان. زۆرینەی ئەندامانی ئەم رێکخراوەیە لەکادرەکانی نهێنیی کۆمەڵە بوون و، لەگەڵ خۆئاشکراکردنی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، هەموو چالاکیی خۆیان تەرخانکرد بۆ بەهێزکردنی رێکخستن و پێگەی جەماوەریی کۆمەڵە لەنێو چینی رۆشنبیران و خوێندەواردا.

لای تێکڕای چاودێرانی سیاسیی کورد و ئێرانیی ئاشکرابوو کە لەنێوان رژێمی تازەدامەزراوی ئیسلامیی بەسەرۆکایەتیی خۆمەینیی، لەگەڵ نەتەوەی کورد شەڕ دێتە ئاراوە، چۆنکە بیری ئازادیخوازیی گەلی کورد و، داخوازیی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بەمافەکانی سیاسی و نەتەوەیی، لەگەڵ ئامانجی داگیرکەرانەی رژێمی خومەینیدا یەکیاننەدەگرتەوە کە لەسەر ئیدۆلۆژیی بنچینەگرانەی ئیسلامی و دەسەڵاتی وەلی فەقیە بناخەکەی داڕێژرابوو. ئەوەبوو هەر لە یەکەم حەفتەکانی سەرکەوتنی شۆرشی ئیسلامیدا، ئایەتۆڵڵا خومەینی رێکەوتی 28/5/1358 بەرامبەر بە (18/8/1980) لەدژی نەتەوەی مافپێشێلکراوی کورد فتوای جیهادی دەرکرد و، فەرمانی بە سەرجەم هێزەکانی ئێراندا لەکەمترین ماوەدا کوردستان داگیربکەنەوە. ئەم لەشکرکێشییەی رژێمی ئیسلامیی لەمێژووی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە ''شەڕی سێ مانگە'' ناوبانگی دەرکرد.

دوای شەڕوشۆرێکی خوێناویی لە پاوە و هەورامان و شاری سەقز و مەڵبەندی سەڵماس و ماکۆ کە سوپای رژێم زیانی گەورەی سەربازیی بەرکەوت، عەتا لەگەڵ هاوڕێیانی کۆمەڵە لەشاری سەقز چوونەدەرەوە و بەرەو شاری بانە کشانەوە. لەشاری بانە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پسپۆڕێکی جەنگی پارتیزانی دەستنیشانکرا بۆ پەروەردەکردنی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە. ئەم کەسەش نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەی دێرین کاک شەریف قورئانی (*2) براگەورەی عەتا و کوڕەگەورەی بنەماڵەی قورئانی بوو، کە لەتەمەنی لاویدا ببوو بە پێشمەرگەی شۆرشی ئەیلوول و، دوای هەرەسهێنانی شۆرش لەساڵی 1975 ببوو بەئەندام و پێشمەرگە لە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و، چووبووە نێو ریزی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە....

ماوەی سێ مانگ شەڕو لێکدانی خوێناویی لە کوردستان بەردەوامبوو، رژێمی ئیسلامیی سەدانهەزار چەکداری رژاندبووە کوردستانەوە و لەلایەن خومەینی و سەرکۆمار ''ئەبولحەسەن بەنیسەدر'' ەوە فەرمانیان پێدرابوو لەماوەیەکی کورتدا بەوتەی خۆیان دژەشۆرش لەنێوبەرن. ئەگەرچی ژمارەی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەوسات و رۆژانەدا زۆر کەم بوو، بەڵام ورەی بەرزی پێشمەرگە و پشتیوانیی بێوێنە و دڵسۆزانەی جەماوەری کورد لە پێشمەرگەی کۆمەڵە و حیزبی دێمۆکرات، بوونە هۆی ئەوە کە سوپای ئێران لەهەموو بەرەکاندا تێکبشکێندرێ و، بەدانی هەزاران کوژراو، لەچەندین شار و شارۆچکە و مەڵبەند پاشەکشە بەهێزەکانیان بکەن. ئایەتۆڵڵا خومەینیی بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری هێرشی پێشمەرگە، سێ مانگ دوای دەرکردنی فەرمانی جیهاد، لەڕووی ناچارییەوە ''ئاگربەس'' ی راگەیاند و، لەپەیامێکدا بەدرۆ و فێڵبازی داوای چارەسەرکردنی کێشەی کوردی کرد.

دەستپێکردنی وتووێژی نێوان شاندی رژێمی ئیسلامی بەناوی ''هیئت حسن نیت'' (دەستەی نیازپاکیی) و نوێنەرانی هەڵبژاردەی گەلی کورد بەنێوی ''هیئت نمایندگی خلق کرد'' (دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد)، دەرفەتێکی لەبار وزێڕینی بۆ رێکخراوی کۆمەڵە رەخساند لەشار و گوندەکاندا پەرە بەرێکخستن و پەروەردەی پێشمەرگەیەتیی بدات. گوندی تورجان لە سنووری نێوان سەقز و بۆکان کرا بەبنکەی سەرەکیی ناوچەی سەقز. عەتا و هاوڕێیانی جگە لەئەرکی پاراستنی هێمنی و ئاسایشی شار و ناوچەکە، دەبوو تەواوی کاروباری کۆمەڵایەتی و پەروەردە و راهێنانی پێشمەرگەی تازە، ناساندنی سیاسەت و ئامانجی کۆمەڵە بە خەڵک و، بەهێزترکردنی توانای ئابووریی کۆمەڵە بەڕێوەبەرن.

عەتا ماندووێتی نەدەناسی. لەهەموو کات و دەرفەتێک سوودی وەردەگرت بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ خەڵک. کەسایەتیی جێکەوتووی و هێمنی و رووی خۆش و بزەی سەرلێوی، لەگەڵ کاریگەریی شێوازی قسەکردنی، وای لەدەوروبەری دەکرد کە زۆر زوو پەیمانی هاوڕێتی لەگەڵ ببەستن و باوەڕ بەقسەکانی بێنن. رووی لەهەر گوندێک دەکرد لەماوەیەکی کورتدا چەندین کەس دەبوونە هاوڕێی. عەتا مرۆڤێکی خۆنەویست بوو، بێگوێدانە پلەوپایە و خۆدەرخستن، هەر ئەرکێکی پێدەسپێردرا چی لەتوانایدا بوایە،دەیکرد بۆ ئەوەی ئەرکی پێسپێردراوی بەباشی ئەنجامبدات. هەرچییەک پووڵ و جلوبەرگی تازە لەدایک و هاوڕێیانی شار و گوندەوە دەستیدەکەوت، دابەشیدەکرد بەسەر هاوڕێیانی پێشمەرگەیدا. هەموو ئەو هاوڕێیانەی لەنێزیکەوە عەتایان دەناسی و، هاوسەنگەر و هاوخەباتی بوون، بەدڵ ستایشی لەخۆبردووی و رادەی بەرزی دڵسۆزییان دەکرد. بەکورتی، بەدیتنی باوەڕی بەرز ولەبننەهاتووی بەرزگاریی گەلەکەی و سەرکەوتنی ئامانجی، شەونخوونی و چالاکیی بەردەوامی لەهەموو بوارەکاندا هەستتدەکرد عەتا ئەرکی تەواوی بزووتنەوەکەی خستووەتە سەرشانی خۆیەوە.

هەروەک شارەزایانی سیاسیی پێشبینییاندەکرد، ئاگربەسی نێوان کورد ورژێمی ئێران دوومانگ زیاتری نەخایاند و، خومەینی پاش دڵنیابوون لەئامادەیی زیاتری هێزەکانی و هەوڵدانی لاتەنیشت بۆ ناکۆکیی خستنەنێوان حیزبی دێمۆکرات وکۆمەڵە، سەرلەنوێ لەشکری بۆ کوردستان خستەوەڕێ و، لەئاسمان و زەوییەوە بۆمبابارانی کوردستان دەستیپێکرایەوە. هەر لە کامیاران و سنەوە تاکو ماکۆ و سەڵماس هێزی پێشمەرگەی کورستان و، لەشکری داگیرکەری ئێران بەرەوڕووی یەکبوونەوە.

لەکاتی هێرشکردنەسەر لەشکرگەی شاری بانە، عەتا فەرماندەی پەلێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوو. لە کێوی ئاربابا دامەزرابوون و، لەوێوە بۆ رزگارکردنی شاری بانە پەیتاپەیتا هێرشیاندەکردە سەر لەشکرگە و مۆڵگەکانی بەکرێگیراوانی رژێم. لەگەرمەی شەڕەکاندا هەلیکۆپتەرێکیان خستەخوارەوە بەڵام، بەهۆی ئاگربارانی خەستی دوژمنەوە عەتا بەدژواری بریندارکرا و، بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەی کۆمەڵە لەناوچەی بۆکان.

مانگی گەلاوێژی ساڵی 1982 ی زاینی، هەزاران پاسدار و جاش، بەپشتیوانی هەلیکۆپتەر و تۆپخانە، هیرشیانکردە سەر گوندی تورجان و چیاکانی دەوروبەری. دوای شەڕوشۆرێکی خوێناوی و شەهیدبوونی پێشمەرگەی قارەمان سەعید تەها و چەندین پێشمەرگەی قارەمانی دیکە، گوندی تورجان داگیرکرا و، پێشمەرگەکانی ناوچەی سەقز بەرەو گوندەکانی دەوروبەری تورجان - بۆ دۆڵی ''ئاغۆتمان'' و ''دەروێشان'' پاشەکشەیان کرد. عەتا لەشەڕی تورجان و لەزۆربەی شەڕەکاندا تاکو ئەوکات وەک فەرماندەیەکی ئازا و لێهاتوو بەشداریکردبوو، دوای داگیرکردنی تورجان بەرپرسیارێتی بنکەیەکی تازەی پێسپێردرا لە گوندی ''قرووچە'' ی سەر بەناوچەی ''گەورک'' ی سەقز.

ماوەیەک بوو عەتا هەستی بەبوونی دەستەگەرێتی و کەموکورتی و هەڵاواردن (تبعیض) و پشتگوێخستنی ئەندامانی رەخنەگر و خاوەنهەڵوێست لەلایەن بەرپرسانی تەشکیلاتی ناوچەی سەقزەوە کردبوو. ئەم هەست و تێڕوانینەی خۆی نەک هەر لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەی سەقز، بەڵکو لەگەڵ هێندێک لەهاوڕێیانی نێزیکی پێشمەرگەی دەربڕیبوو. داوای کۆبوونەوەی کردبوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گیروگرۆ و ئاستەنگانەی کە رێگرن لەبەردەم گەشەی رێکخستن و بەهێزترکردنی چالاکی و جموجوڵی زیاتری پێشمەرگە. بەکورتی، عەتا دەیویست لەو بارودۆخە هەستیارەی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو، ئەرک و بەرپرسیارەتییەکان بە کەسانی دڵسۆز و زانا و کارامە بسپێردرێن و، دەستەودەستەگەرێتیی بنبڕبکرێن.

عەتا، بەڵێنی پێدەدرێت لەرۆژانێکی نێزیکدا کۆبوونەوەی لەگەڵدا دەکرێت، رۆژێک دواتر بڕێکی زۆر کەرستەی تەقینەوەی بۆ دەنێردرێت کە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک لەدژی پێگەیەکی سەربازیی رژێم ئامادەی بکات. هەزار مخابن و بەداخێکی زۆر گرانەوە لەڕۆژێکی ساردی مانگی سەرماوەز 1361 ی هەتاوی بەرامبەر بە (15/11/1982) دا ئەم رۆڵە ئازا و تێکۆشەرە، کاتێک سەرقاڵی ئامادەکردنی بۆمباکە دەبێ، لەنەکاو دەتەقێتەوە و دەسبەجێ خۆی و چوار پێشمەرگەی قارەمانی دیکە شەهیددەبن و، گیانی پاکیان پێشکێشی ئازادی و رزگاریی گەلەکەیان دەکەن.

تەرمی عەتا و هاوڕێیانی دیکەی شەهیدی، لەنێو ئاپۆرەی گریانی هەزاران خەڵکی شار و گوندەکان، دایکی و دووخوشکی پێشمەرگەی (شاناز و ماناز)، و سەدان پێشمەرگەی کۆمەڵە، لە گۆڕستانی ''دەروێشان''ی سەر بە شاری بۆکان، بە خاکی نیشتمان سپێردران.

هەواڵی شەهیدبوونی عەتا بەخێرایی لەناوچەکانی بندەسەلاتی پێشمەرگە بڵاوبووەوە. حەمە (براچکۆلەی عەتا) کە بۆ ئەنجامی چالاکییەک بەرەو سەرشێوی سەرۆی سەقز رۆیشتبوو، لەلایەن هاوڕێیانییەوە ئاگادارکرا کە عەتای برای شەهید بووە... حەمە لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگەکانی ناوچەی بانە، دەکەوێتەڕێ، لەنێزیکی ''کەلی خان'' دەکەونە نێو ''کەمین'' (تەڵە) ی جاش و پاسدارەوە و، بە چەرمەسەرییەکی زۆر دەتوانن خۆیان دەربازبکەن. پێشمەرگەکان لەدەوروبەری بانە دەمێننەوە و حەمە بەتاقی تەنیا ملی هەرد و شاخ و دۆڵ دەگرێتە بەر، لەنێو باهۆز و کڕێوە و سەرمای سەختی زستانی سەقز دەگاتەوە گوندی دەروێشان. هاوڕێیانی و دایک و دوو خۆشکە پێشمەرگەکەی دەیبەنە سەرگۆڕی عەتای جوانەمەرگ و برای قارەمان و دڵسۆزترین و نێزیکترین هاوڕێی ژیانی. حەمە و دایک وخوشکانی لەتەنیشتی گۆڕی پیرۆزی عەتاوە دادەنیشن، قوڕەسوورەی گۆڕستان و بارانی فرمێسک و کلووکلووی بەفر، لەگەڵ لەشی ماندوو و خەمباریان دەبنە جەستەیەکی هاوبەش و تابلۆیەکی دڵتەزێن دەنەخشێنن و، پێکەوە شین بۆ مەرگی ناوادەی عەتای گەورە و بەشمەینەتیی گەلێکی هەمیشە خەمگینی بێ نیشتمان دەگێڕن....

شەهیدبوونی قارەمانی بەندیخانەکانی سەردەمی رژێمی پاشایەتی و قارەمانی جەرگەی خەبات و تێکۆشین لەدژی رژێمی کۆنەپەرست و داگیرکەری ئێران، بۆ هەموو هاوڕێیانی و بنەمالەکەی و دانیشتوانی ناوچەکە ژانێکی جەرگبڕ وکارەساتێکی گەورە بوو. خەم و ماتەمینی شاری سەقز و ناوچەکەی گرتەوە. هاوکات بەکرێگیراوانی رژێم بەبیستنی هەواڵی شەهیدبوونی عەتا دڵخۆش بوون و، لەرادیۆ و رۆژنامەکاندا وەک هەواڵێکی گرنگ بڵاویانکردەوە....

هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی شەهید عەتا و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان!

 

(*1) - هونەرمەندی وێنەکێش، دەنگخۆش، شۆرشگێڕ و ئازادیخواز کاک رەوف قورئانی، یەکەم شەهیدی بنەماڵە، لەمانگی رێبەندانی 1357ی هەتاوی (January 1979) لەلایەن بەکرێگیراوانی رژێمی شاهەنشاهییەوە لەشاری سەقز لەنێزیکی سەربازخانەی گەورەی شار شەهید کرا.

 

(*2)- پێشمەرگەی قارەمان و ناسراوی هەردوو دیوی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کاک شەریف قورئانی سێیەم شەهیدی بنەماڵە، لەسالانی دووردرێژی پێشمەرگایەتیی لەلایەن سەرۆکایەتیی شۆرش لەناوچە جیاجیاکانی کورستاندا چەندین ئەرک و بەرپرسیارەتیی جۆراوجۆری پێسپێردراوە، دواپلەی فەرماندەیەتیی، فەرماندەی هێزی تۆپخانەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوو. رێکەوتی 5/5/1994 لەقەڵای خۆرماڵ. خۆی و هەژدە پێشمەرگەی هاوڕێی لەلایەن بەکرێگیراوانی ''ئەنسارولئیسلام'' وە شەهید کران.

 

 

وێنەی هەرسێ شەهیدی بنەماڵەی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازی قورئانی،

لەڕاستەوە: شەهید عەتا، شەهید شەریف و شەهید رەوف

تێبینی:

١- لەداهاتووی نێزیکدا ژیاننامەی شەهیدان کاک شەریف و کاک رەوف ئامادە دەکرێت.

٢- ئەم ژیاننامەیە لەلایەن محەممەد (برای شەهید عەتا) شاناز و ماناز (دوو خوشکی شەهید عەتا)، لەگەڵ سیروان کاوسی هاوڕێی پێشمەرگایەتی و یەکێک لەنێزیکترین هاوڕێیانی شەهید ئامادەکراوە!

 

 

‌ • نوسه‌ر:محەممەد (برای شەهید عەتا) شاناز و ماناز (دوو خوشکی شەهید عەتا)، لەگەڵ سیروان کاوسی
4317جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:986
Share/Save/Bookmark

Resha d mustafa- soltani
Sunday, 28 October 2012 17:20
ده‌سته‌کانتان خۆش بیت . یادی ئازیزی هه‌موویان به‌ خێر بێت . برینه‌کانی دڵم دیسان کولایه‌وه‌ .
من له‌ خزمه‌ت شه‌هید عه‌تا ، بووم و ئاگام له‌ شه‌خسیه‌تی به‌رزی ئه‌و ئازیزه‌ هه‌یه‌ . له‌ سوید
براتان ڕه‌شاد 28 10 2012
ره وه ند كه رميانى
Tuesday, 09 October 2012 20:12
هه زاران هه زار سلازز له كيانى باكى سه هيدان كاكه عه تاو كاكه شه ربف و كاكه محمد و ايكراى شه هيدانى ريكاى سه رفرازى كوردو كوردستان.
من خوم يه كيكم له بيشمه ركه كانى يه كيتى تيشتمانى كه به شدارى شه ره كانى ئه ووروزه بووم كه كاكه شه ريف قوربانى تيكوشه رو خونه ويستى تبا شه هيد بوو.يه راستى ئه وو قاره مانه و هاوريكانى تا دووا فبشه ك به ره نكاريان كرد و داستانيكى بر سه روه ريان بو ميزووى بر له شانازى كه له كه مان تورمار كرد له خورمال.
شه هيد بوونى كاكه شه ريف شاهيد حالى را ستى يه كه كه كورد يه ك كه له و كوردستانيش يه ك خاكه و يه ك بارجه يه و ئه وو سنووره نه كريسه ى كه داكيركه ران بو بارجه كردنى كوردستان كيشاوويانه له لاى ئيمه ى كورد شتيكى باوه ر بينه كراوه و روزيك هه رديت له سه ر نه خشه بيسرينه وه...سلاوو له خه بات و فيداكارى كورد و له ريكحستنو حيزب و لا يه نه كوردى يه كان سلاوو له كه لى كوردى قاره مان سلاوو له روزهه لات و رزوئاواو باكورو باشورى كوردستان.نه مرى بو شه هيدان.