0
ژیانی منداڵی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه
Thursday, 21 June 2012 10:51
ژیانی منداڵی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه
 
ئه‌مه کورته‌باسێکه سه‌باره‌ت به‌ ژیانی منداڵانی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه له نێوان ساڵه‌کانی ١٣٧٠ـ١٣٦٠ هه‌تاوی که بۆخۆم که‌م یان زۆر شاهیدی بووم

.

 

تا ئه‌وکاته که شاره‌کانی کوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان و پێشمه‌رگه‌دا بوو، ژیانی منداڵی پێشمه‌رگه وه‌ک منداڵانی هاوته‌مه‌نی خۆیان بوو. له‌گه‌ڵ هه‌ڤالانی خۆیان کایه‌یان ده‌کرد، ده‌چوونه مه‌دره‌سه و له‌نێو بنه‌ماڵه و خزم و که‌سوکاردا ده‌ژیان و ژیانێکی تاراده‌یه‌ک ئاسایییان هه‌بوو.

دوای ساڵی ١٣٦٠ که بۆکان، ئاخرین شاری کوردستان له لایه‌ن هێزه‌کانی ج.ا وه داگیرکرا، هێزه‌کانی پێشمه‌رگه زیاتر گه‌رۆک بوون و دووساڵ دواتر زۆربه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له سه‌رسنووره‌کان دامه‌زران و چالاکیی خۆیان له گروپی چکۆله و له به‌هاره‌وه ده‌ست پێ ده‌کرد. به دوای توندبوونه‌ی شه‌ر و دژواربوونی ژیان له ئاواییه‌کانی سه‌رسنوور، هێزی پێشمه‌رگه ناچاربوو رووبکاته‌ ئه‌و دێهاته که له لایه‌ن رژیمی سه‌ددام حسێن‌وه چۆل و کاولکرابوون. هه‌ندێک له منداڵان له ئه‌م راگوێزراگوێزه‌دا له دایکبوون، هه‌ندێکیان له جه‌رگه‌ی شه‌ر و پێکداداندا، هه‌ندێکیان له حه‌شارگه و ئه‌و شوێنانه‌ی که ژنانی پێشمه‌رگه خۆیان لێ شاردبووه له‌دایکبوون. به‌شێکی زۆر له ئه‌م دایکانه رووداوی منداڵبوونیان تا هه‌تاهه‌تایه له‌بیریان ماوه و بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت ده‌یان کتێبی له‌سه‌ر بنوسرێت.

سه‌رده‌مایه‌ک که شه‌ری کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێران و ئێراق چرتربوو، هێزی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه، مه‌قه‌ر و شوێنی ژیانیان که‌وته به‌ر هێرشی درندانه‌ی ئاگری تۆپ و تانگ و ته‌یاره‌‌ی هێزه‌کانی ئێران و ئێراق له‌ دوولاوه. چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه له بۆتی، له ٢٠ کیلۆمیتری شاری رانیه له کوردستانی باشوور، به‌هۆی بۆمبارانی فرۆکه‌ی جه‌نگی ئێران گیانیان به‌ختکرد. هه‌ر ماوه‌یه‌ک دواتر ٢٣ پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه له بۆتی به‌هۆی بۆمبارانی شیمیایی له لایه‌ن هێزی ئاسمانی ئێراقه‌وه گیانیان له‌ده‌ست دا. ئه‌مجۆره کاره‌ساته له ئاوایی مالومه که مه‌قه‌ری سه‌ره‌کیی کۆمه‌ڵه بوو دووپات کرایه‌وه و چه‌ندین پێشمه‌رگه له کاتی جیاوازدا گیانیان به‌ختکرد.

بۆ ماوه‌یه‌ک ژیان له مه‌قه‌رات و ئوردووگاکان ئه‌وه‌ندی دیکه دژوارتر بوو. بۆ پاراستنی گیانمان ناچاربووین له‌سه‌عات ٣ و ٤ی نێوه‌شه‌وه‌وه تا ئێوارێ دره‌نگ له شاخه‌کان و نێوئه‌شکه‌وته‌کانی ده‌وروبه‌ری ئوردووگاکان بژین که منداڵانیش لێره‌دا هاوبه‌شمان بوون، منداڵانی ساوا به‌ کٶلی دایکوباوکه‌وه بۆ ئه‌م شوێنانه راگوێزتران. زۆرجاران له‌به‌ر نیسه‌ی ره‌وه‌زه به‌رددا ده‌نووستن، زۆرجاران شیره‌ویشک به‌شی نه‌ده‌کردن و له‌برسانه ده‌گریان.

به‌دوای بۆمبارانه‌کانی په‌یتاپه‌یتای ته‌یاره‌کانی ئێران وئێراق، کونه‌ته‌یاره له‌ هه‌موو ئوردووگاکان سازکران، لیباسی سه‌رتاپێی پلاستیک و ماسک بۆ به‌رگری و خۆپاراستن له بۆمبارانی شیمیایی به هه‌مووهێزی پێشمه‌رگه درا. ئه‌م جلوبه‌رگه پلاستیکییه زۆر ناخۆش و تاقه‌تپروکێن بوو. له ناوئوردووگاکاندا ئاژیری هه‌وایی له‌ رێگه‌ی بلندگۆکانه‌وه بڵاوده‌کرانه‌وه و ئێمه‌ش ماوه‌یه‌کی زۆر کورتمان به‌ده‌سته‌وه بوو که خۆمان بگه‌یه‌نینه کونه‌ته‌یاره‌کان. به‌ڵام درێژه‌دانی ئه‌م وه‌زعه بۆ منداڵانی پێشمه‌رگه زۆر سه‌خت و دژوار بوو. زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌کان منداڵانی خۆیان نارده‌وه ناوئێران و به‌لای خزم و که‌سوکار و دۆست و ئاشنا مانه‌وه تا به‌مجۆره ساخی و سه‌لامه‌تییان بپارێزدرێت.

ئه‌م مه‌سه‌له‌ێه مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ بوو بۆ ئه‌م بنه‌ماڵانه‌ی که به‌خێوکردنی ئه‌م منداڵانه‌یان به‌ئه‌ستۆ گرتبوو. هه‌ندێکیان نێوی منداڵه‌کانیان گۆری، هه‌ندێکیان به‌نێوی منداڵی خۆیان سجیلیان بۆ وه‌رگرتن، هه‌ندێکیان به‌‌نێوی منداڵی ئاواره و یان منداڵی خزم و نزیکانیان ده‌یانناساندن. هه‌مووی بۆ ئه‌وه‌ بوو که له‌گه‌ڵ هێزی "ااطلاعات"ی رژیم تووشی کێشه نه‌بن. هه‌ندێک له ئه‌م منداڵانه پێیان وابوو که دوو دایک و دوو باوکیان هه‌یه یه‌کیان له ناو ئوردووگاکان و یه‌کیان له ناو شار و دێهاتی ئێران. ئه‌م وه‌زعه کاریگه‌ری زۆر ناخۆشی هه‌بوو به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر دایکانی پێشمه‌ر‌گه که منداڵه‌کانیان هه‌ر له ته‌مه‌نی چه‌ند رۆژی یان چه‌ند مانگی ده‌نارده‌وه ئێران و هه‌ندێکجار تا ته‌مه‌نی گه‌وره‌ساڵی چاویان به منداڵانیان نه‌ده‌که‌وته‌وه. رۆژێک له یه‌کێک له مه‌قه‌ره‌کان کاتێک ته‌له‌ڤیزیۆن چه‌ند کارژیله و به‌رخی نیشان دا، به‌شێک له دایکان که له‌ مه‌قه‌ربوون به دێتنی ئه‌م دیمه‌نه زۆری پێ تێکچوون و بۆنی منداڵه‌کانیان به ئه‌م کارژیله و به‌رخانه‌وه ده‌نا. هه‌ندێک له ئه‌م پێشمه‌رگانه ئێستاش خۆیان لۆمه‌ ده‌که‌ن که بۆچی منداڵانی ساوای خۆیان نارده‌وه بۆ ناوئێران و به‌نازی دایکوباوکیان گه‌وره‌یان نه‌کرد. به واتایه‌کی دیکه، ئه‌م دایکوباوکانه دووربوون له ژیانی گروگۆڵی منداله‌کانیان و ئه‌م ده‌وره له ژیانی منداڵانیان.

بێگومان، ئه‌م منداڵانه زۆر به‌باشی له‌لایه‌ن ئه‌م بنه‌ماڵانه‌وه چاودێری کراوان به‌ڵام جێی خاڵی دایکوباوک له ژیانیاندا زۆر دیاره که پێویستیی به لێکۆلینه‌وه‌ی زیاتره.

هاشم ره‌زایی ١٨/٦/٢٠١٢

 

‌ • نوسه‌ر:هاشم رەزایی
5141جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:826
Share/Save/Bookmark