0
گه‌وره‌ترین بیره‌وه‌ریم بوونمان له‌ ناو دڵی خه‌ڵكدا بوو
Friday, 15 June 2012 01:03
گه‌وره‌ترین بیره‌وه‌ریم بوونمان له‌ ناو دڵی خه‌ڵكدا بوو
 
ئا: سامان ریشه‌ساحێب سه‌ره‌تا به‌ر له‌ هه‌موو شتێك خۆتان بۆ خوێنه‌رانی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات بناسێنن؟


من عه‌بدۆڵڵا عه‌زیمی ناسراو به‌ مامه‌ عه‌وده‌م له‌ ساڵی 1318ی هه‌تاوی له‌ كۆشی بنه‌ماڵه‌یه‌كی مام ناوه‌ند له‌ ئاوایی گڵه‌ سووری  سه‌ر به‌ شاری دیوانده‌ره‌ له‌ دایك بووم.

مامه‌ عه‌وده‌ ئه‌گه‌ر ده‌كرێ باسی ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ جه‌نابت چۆن له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ ئاشنا بوویت؟
من ده‌مهه‌وێ سه‌ره‌تا ئاماژه‌یه‌كی كورت بكه‌م به‌ رابردووی خۆم. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای لاوییه‌وه‌ هه‌ستم به‌ زوڵم و زۆر و نابه‌رابه‌ری  ده‌كرد و هه‌موو كاتێكیش دژ به‌م كرده‌وه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ بووم. هه‌ر وه‌ك ئاگادارن له‌ ساڵه‌كانی 40 و41ی هه‌تاوی(شۆڕشی سپی) (اصلاحات ارزی) كرا له‌ ئێران . ده‌ور ده‌وری ئاغا و ره‌عیه‌ت بوو. ئه‌و كات ئێمه‌ له‌ ئاواییه‌ك بووین به‌ ناوی ئاوای تازاوه‌ی مه‌جی خان كه‌ زه‌وی و زارێكی یه‌كجار زۆری هه‌بوو. مالكینی ناوچه‌كه‌ به‌ ته‌ماح كه‌وتبون كه‌ هه‌مووی داگیر بكه‌ن. ئێمه‌ش ئه‌و كات كۆمه‌ڵێك لاو بووین كه‌ وێڕای خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌، دژ به‌م كرده‌وه‌یه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كی زۆرمان ده‌ربڕی. ساڵی 1344.ه كه‌ له‌شكه‌ركێشیه‌كی گه‌وره‌ له‌ لایه‌ن پاسگا و ژاندارمێری و چریكی ئه‌و كاتی حكومه‌تی پاشایه‌تی و هه‌روه‌ها گروپێك به‌ ناوی(جه‌وانمه‌رد) كه‌ پێكهاتبون له‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی ناوشیار و دور له‌ تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤ به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هه‌موو جۆرێكی چه‌كی سارد و گه‌رم هێرشیان كرده‌ سه‌رمان و سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌مووه‌ هێزه‌ ئێمه‌ ئیزنی ئه‌وه‌مان نه‌دا كه‌ زه‌وییه‌كانمان داگیر بكه‌ن . به‌ داخه‌وه‌ له‌و شه‌ڕو پێكدادانه‌ یه‌كێك له‌ دڵسۆزان و پیاوچاكانی ناوچه‌كه‌ به‌ ناوی مه‌جید ئه‌حمه‌دی كوژرا و چه‌ند كه‌س له‌ هێزه‌كانی ژاندارمیش بریندار بوون و پاشه‌كشه‌یان كرد. چه‌ند رۆژ دواتر ئێمه‌ش ناچار بووین كه‌ ئاوایی چۆڵ بكه‌ین و  بۆ ماوه‌یه‌ك ئاواییمان به‌ جێ هێشت.
دوابه‌دوای ئه‌مه‌ و چه‌ند ساڵ دواتر سه‌ر له‌ نوێ هێزێكی تازه‌ له‌ كرماشان و سنه‌ و سه‌قز رێكه‌وتن به‌ره‌و ناوچه‌ی دیوانده‌ره‌. ئه‌و رۆژه‌ شه‌ر وپێكدادانێكی زۆر كرا و  زۆربه‌ی سه‌رۆكی عه‌شایه‌ر و ژاندارم و مالكین به‌ ده‌ستی خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتووی ناوچه‌كه‌ بریندار بوون . له‌ نیهایه‌تدا به‌ داخه‌و نزیك به‌ 17 كه‌س له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ من بووم و بۆ ماوه‌ی  7 مانگ زیندانی كراین. دواتر به‌ دانی 500هه‌زار تمه‌نی ئه‌و كات له‌ زیندان ئازاد كراین. من هه‌ر وه‌ك له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باسم كرد هه‌ر ئه‌و كات هه‌ستم به‌و هه‌موو زوڵم و زۆر و نادادپه‌روه‌رییه‌ ده‌كرد. چه‌ندین بانگه‌وازی گه‌وره‌ی خۆپیشاندانمان رێكخست كه‌ به‌ حه‌قیقه‌ت جوڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی بوو و ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ باسیان ده‌كرد .  به‌ داخه‌وه‌ رێبه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌ پشت نه‌بوو.
خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ساڵه‌كانی 56 و 57ی.هه‌تاوی، كۆمه‌ڵێك لاوی خوێنده‌واری ژیری لێهاتوو و شۆڕشگێر سه‌ریان هه‌ڵدا وه‌ك: شه‌هید ئه‌یوب نه‌به‌وی، شه‌هید نه‌ورۆز گه‌نجی، شه‌هید ئه‌حمه‌د و حسێن پیرخزری و هه‌روه‌ها هاوڕێ هوشه‌نگ خه‌تمی كه‌ ئه‌و كات له‌ ئاواییه‌كان مامۆستا بوون. ئه‌م كه‌سایه‌تییانه‌ زۆربه‌ی كاته‌كان لاوه‌كان و خه‌ڵكی ئاواییان كۆ ده‌ركرده‌وه‌و سه‌باره‌ت به‌و هه‌مووه‌ زوڵمو چه‌وسانه‌واندنه‌ خه‌ڵكیان وشیار ده‌كرده‌وه‌. هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا بوو كه‌ یه‌كیه‌تی جوتیاران به‌ رابه‌ڕیی كاك فۆئاد مسته‌فاسوڵتانی سه‌ری هه‌ڵدا و له‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ بانگه‌وازی ده‌ركرد. له‌ ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ش یه‌كیه‌تی جوتیاران له‌ ئاوایی باغچه‌ڵه‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌یان دژ به‌ مالكینی ئه‌و كات ساز كرد كه‌ من بۆ خۆم به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌ بووم.  هه‌ر ئه‌وكات من هه‌ستم به‌وه‌ كرد كه‌ ره‌وتێك هه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی رێبه‌ری و كه‌سی باشه‌، دژ به‌ نابه‌رابه‌ری و زۆڵم و زۆرو هه‌روه‌ها بۆ گرتنی ماڤه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی چه‌وساوه‌ی كوردستان. ئیتر له‌و كاته‌وه‌ بوو كه‌ من له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ ئاشنا بووم.

مامه‌ عه‌وه‌د چ كاتێك به‌ شێوه‌ی فه‌رمی چالاكی خۆتان ده‌ست پێكرد له‌ ناو كۆمه‌ڵه‌دا؟
هه‌ر دوابه‌دوای روخانی رژیمی پاشایه‌تی من چالاكی خۆم له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ ده‌ست پێكرد. دیاره‌ كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك كاك ئه‌یوب نه‌به‌وی كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه‌ له‌ سه‌ر من، ئه‌و كات له‌ بنكه‌ی شاری سنه‌ شه‌هید ئه‌یوب نه‌به‌وی كۆبونه‌وه‌یه‌كی سێ كه‌سیمانی بۆ گرت و زۆرمان قسه‌ وباس كرد و بارودۆخی ئه‌وكاتی كوردستان و ناوچه‌كه‌ی بۆمان شی كرده‌وه‌ و ...هتد. دواتر ئێمه‌ چه‌ند كه‌س بووین كه‌ هه‌ڵبژێردراین بۆ كاروبارو سازمان دراین و ئیتر له‌و كاته‌وه‌ پێوه‌ندی راسته‌وخۆم له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ گرت.

هۆكاری هه‌ڵبژاردنی ئه‌م رێبازه‌ له‌ لای ئێوه‌ بۆ چ فاكتۆرگه‌لێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
فاكتۆرگه‌ڵیكی زۆر منیان هاندا كه‌ ئه‌م رێبازه‌ پیرۆزه‌ هه‌ڵبژێرم ره‌نگه‌ لێره‌ مه‌جالی ئه‌وه‌ نه‌بێ من خاڵ به‌ خاڵ باسیان بكه‌م، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌ چه‌ند شتی كورت ده‌كه‌م: ئه‌و كاته‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك روویان ده‌كرده‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌ به‌ حه‌قیقه‌ت گوڵبژێر كرابوون، ئینسانهایه‌كی ناسراو و پاك، ژیر و وشیار، شۆڕشگێر و لێهاتوو بوون. كۆمه‌ڵه‌ ئاڵاهه‌ڵگری چینی هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێش بوو، لایه‌نگه‌ری قۆڵ و باڵ دڕاوه‌كان بوو، دیفاعی له‌ خه‌ڵكانێك ده‌كرد كه‌ چه‌ندین ده‌یه‌ له‌ ژێر زوڵم و نادادپه‌روه‌ری چه‌وسا بوونه‌وه‌، كۆمه‌ڵه‌ بوون و هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ رزگاری خه‌ڵك بوو، بۆیه‌ من به‌و فاكته‌رانه‌ كۆمه‌ڵه‌ و رێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌یم هه‌ڵبژارد.

مامه‌ عه‌وده‌ جه‌نابتان ساڵی چه‌نێك بوون به‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌؟
من ساڵی58 یان 59 بوو كه‌ بووم به‌ به‌رئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ و دواتریش بووم به‌ ئه‌ندامی ره‌سمی كۆمه‌ڵه‌.

دیاره‌ له‌ماوه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیت به‌رپرسیاریه‌تی زۆرتان پێ سپێردراوه‌ ده‌كرێ ئاماژه‌ به‌و مه‌سئولییه‌تانه‌تان بكه‌ن له‌ ناو كۆمه‌ڵه‌؟
ده‌مه‌وێ سه‌ره‌تا باسی شتێك بكه‌م به‌ڵام تكایه‌ به‌ خراپ له‌ منی وه‌رمه‌گرن. من هه‌ر له‌ یه‌كه‌مین رۆژی په‌یوه‌ست بوونم به‌ حیزبی كۆمه‌ڵه‌وه‌، وه‌ك به‌رپرس ده‌ستم دایه‌ كارو چالاكی، من كاتی خۆی وه‌ك ته‌شكیلاتی نهێنی بووم به‌ به‌رپرسی به‌شێكی زۆر له‌  هێزه‌كانی به‌رگری ئه‌و كاتی ناوچه‌ی دیوانده‌ره‌. ئه‌و كات هه‌ڵبژاردن بوو و منیش هه‌ڵبژێردرام و  هاوكات هه‌م له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان بووم و هه‌میش له‌ نێوان خه‌ڵكی ئاواییه‌كان ده‌سته‌ی سازمانده‌رو لایه‌نگر و ئه‌ندمی كۆمه‌ڵه‌م رێكده‌خست . ماوه‌ی نزیك به‌ 5 ساڵ ئێمه‌ له‌ ناو خه‌ڵكی كوردستان بووین. یه‌كه‌مین به‌رپرسیاریه‌تیم مه‌سئولی ده‌سته‌یه‌ك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی ناوچه‌ی دیوانده‌ره‌ بووم كه‌ ئه‌مه‌ ماوه‌یه‌كی كورت بوو و دواتر وه‌ك به‌رپرسی ماڵی و ته‌دارۆكات هه‌ڵبژێردرام. پاشان به‌ هۆی شاره‌زایی و ئاشنا بوونم له‌ ناوچه‌كه‌ بووم به‌ به‌رپرسی كاری ته‌شكیلاتی و ماڵی ناوچه‌ی دیوانده‌ره‌، دواتر كاتێك كه‌ پێشمه‌رگه‌ شار و گونده‌كانی كوردستانیان چۆڵ كرد، من زیاتر به‌رپرسی كه‌مپه‌كان و مقه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵه‌م وه‌ ئه‌ستۆ بوو. دوابه‌دوای جیا بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ حیزبی كۆمونیستی ئێران، له‌ ساڵی 2000 تا كوو 2010 من ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ بووم.

له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ ده‌توانن ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵ بكه‌ن؟
شۆڕشگێڕ بوون، سه‌فاو سه‌میمیه‌ت، دۆستایه‌تی و ره‌فاقه‌ت، دڵسۆزی و گیانبازی، هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی كردن، به‌ نه‌زم و به‌ دیسیپلین بوون، لایه‌نگه‌ری هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێش، لێهاتوویی و ئازایی و زۆر تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌ كه‌ نازانم به‌راستی باسی كامه‌یان بكه‌م. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ ئه‌و ده‌ورانه‌ به‌ڕاستی سه‌خت بوو. ژیان سه‌خت بوو، پێشمه‌رگه‌ له‌ شاخ بوو، پر له‌ برسیه‌تی و بێ ئاوی و هه‌ژاری، دوور له‌ كه‌ره‌سه‌ی پێویستی بێهداشتی كه‌ ئه‌مانه‌ به‌ حه‌قیقه‌ت نابێ هیچ كات له‌ بیر بچنه‌وه‌ و...هتد. ئه‌م حیزبه‌ پێشووتر له‌م مێژووه‌ نه‌ ده‌وره‌یه‌كی وه‌های بینیبوو نه‌ مێژوویه‌ك و  ته‌مه‌نێكی خه‌باتكارانه‌ی دوورودرێژی هه‌بوو. زۆر سه‌یر بوو كه‌ وه‌ها حیزبێك بتوانێت ئاوا تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌بێت و بتوانێت زۆر زوو جێگای خۆی له‌ ناو دڵی خه‌ڵكی كوردستان بكاته‌وه‌. به‌راستی ته‌واوی ده‌ورانی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی من هه‌ر ئه‌و كاتانه‌ بوو. یانی ده‌ورانی موحیبه‌ت، خۆشه‌ویستی و هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی كردن.


چ كه‌سانێك یان چ كه‌سایه‌تییه‌ك له‌ سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیتان هه‌میشه‌ ناویان له‌لای ئێوه‌ زیندووه‌و بوون به‌ مشوق و الگو بۆتان؟
هه‌موو ئازیزانی گیانبه‌ختكردوو كۆمه‌ڵه‌ بۆ من ئۆلگو و نمونه‌ بوون.
دیاره‌ له‌ ناو ئه‌مانه‌دا هه‌ندێكیان بۆ من به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ گه‌ڵیان بووم زۆرتر كاریگه‌ریان هه‌بووه‌ له‌ سه‌ر من بۆنمونه‌ ده‌توانم ئاماژه‌ به‌ كاك سدیق كه‌مانگه‌ر، دكتور جه‌عفه‌ر شه‌فیعی، شه‌هید ئه‌یوب نه‌به‌وی، شه‌هید عه‌تای قه‌مه‌ری و شه‌هید قادری به‌هرامی بكه‌م.

مامه‌ عه‌وده‌ ده‌كرێ باسی چه‌ند نمونه‌ له‌ شه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ بكه‌ن كه‌ خۆتان به‌شدار بوبێتن؟
من بیره‌وه‌ریم یه‌كجار زۆره‌. بۆیه‌ لێره‌ مه‌جالی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ من بتوانم هه‌موویان باس بكه‌م. وه‌كوو دار گوێزێك وایه‌ كه‌ سه‌دان لقو پۆی هه‌یه‌. بۆیه‌ ناكرێ من هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی باس بكه‌م، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌ چه‌ند عه‌مه‌لیاتی گه‌وره‌و حه‌ماسه‌ خولقێنه‌ری هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌م: من كاتی خۆی به‌رپرسی پێداوێستی(تداروكات) بووم. بۆیه‌ له‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كان به‌شدار بووم و به‌ ده‌م پێشمه‌رگه‌كانه‌وه‌ بووم. بۆ نمونه‌ ده‌توانم ئاماژه‌ به‌ شه‌ڕی 17 رۆژه‌ی شاری دیوانده‌ره‌ بكه‌م به‌ فه‌رمانده‌یی كاك خه‌سره‌و ره‌شیدیان كه‌ به‌ داخه‌وه‌ هه‌ر له‌و شه‌ڕه‌ گیانی ئازیزی به‌خت كرد. پلانێكمان دارشتبوو بۆ گرتنی بانكی دیوانده‌ره‌ كه‌ پێكهاتبو له‌ هێزی سه‌قز و دیوانده‌ره‌ و به‌شێك له‌ هاوڕێیانی گوردانی ئارێز. دیاره‌ ئه‌مه‌ ماجه‌رای هه‌ر شه‌وێكی ده‌توانم بڵێم یه‌ك كتێب له‌ خۆ ده‌گرێ. له‌م شه‌ره‌ كه‌ به‌فرێكی یه‌كجار زۆر باریبوو، ئێمه‌ توانیمان ده‌ستكه‌وتێكی باش به‌ ده‌ست بهێنین كه‌ به‌داخه‌ هاوڕێ موسا مارنجیش هه‌ر له‌م شه‌ڕه‌دا شه‌هید بوو.
نمونه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌توانم ئاماژه‌ به‌ شه‌ڕی ئاوایی ینگیه‌رخ له‌ چوار كیلومه‌تری شاری دیوانده‌ره‌ بكه‌م كه‌ به‌راستی ده‌كرێ چیرۆكێكی واقێعی لێ دروست بكرێ. فه‌رمانده‌ی شه‌ڕه‌كه‌ شه‌هید قادر به‌هرامی بوو، له‌ باوه‌رشانی هه‌مدانه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا سه‌قز_بیجار_سنه‌_دیوانده‌ره‌ و تیكاب هێزی كۆماری ئیسلامی به‌شداری شه‌ڕه‌كه‌یان كرد. نزیك به‌ 13 ساعه‌ت شه‌ڕ كرا، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر گرینگ بوو، ئه‌مه‌ بوو كه‌ ئێمه‌ سه‌رجه‌م 60 پێشمه‌رگه‌ بووین كه‌ 30 كه‌سمان تازه‌ چه‌كدار بوون، له‌و شه‌ڕه‌ به‌ داخه‌و سێ كه‌سمان شه‌هید كران به‌ ناوه‌كانی شه‌هید ساڵح گۆمه‌یی، شه‌هید ناسر كانی چه‌رموو و شه‌هید یه‌ده‌ی كانی چایی. سێ كه‌سی دیكه‌شمان لێ بریندار كرا. به‌ حه‌قیقه‌ت شه‌ڕێكی قاره‌مانانه‌ی هێزی پێشمه‌رگی كۆمه‌ڵه‌ بوو ته‌نانه‌ت فیشه‌ك نه‌ما ئه‌و كه‌سه‌ی وا زۆر ئێحتیاتی كردبوو، ته‌نیا 15 فیشه‌كی پێمابوو. بۆیه‌ بۆ ئێحتیات كردن له‌ لایه‌ن فه‌رمانده‌ی شه‌ڕه‌كه‌ فه‌رمان ده‌ركرا كه‌ چه‌كه‌ قورسه‌كانی وه‌ك ئارپیچی و .. حه‌شار بدرێن. شه‌هید «قادر به‌هرامی» لاوێكی ته‌مه‌ن نزیك 23ساڵ بوو به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ لێهاتوو و له‌ سه‌ره‌خۆ و ئازا بوو كه‌ به‌راستی نازانم چۆنی باس بكه‌م. ره‌نگه‌ له‌ 100 لاپه‌ره‌ش نه‌توانم باسی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ قاره‌مانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ بكه‌م. پێشمه‌رگه‌یه‌كمان بوو له‌م شه‌ره‌ نزیك به‌ 12 خه‌شابی به‌خۆیه‌وه‌ به‌ستبوو له‌ باری جیسمی زۆر كه‌سێكی به‌خۆش نه‌بوو به‌ڵام به‌راستی زۆره‌ تۆ 13ساعه‌ت  12 خه‌شاب به‌ خۆته‌وه‌ ببه‌ستی و شه‌ڕ بكه‌ی و ته‌نانه‌ت چه‌ك و فانۆسقه‌و ره‌ختی ده‌ستكه‌وتیش له‌گه‌ڵ خۆت بار بكه‌ی.

تا چ ساڵێك ئێوه‌ له‌ ناوخۆی كوردستان واته‌ وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ناوچه‌كانی كوردستان بوون؟
من تاساڵی 1364ی هه‌تاوی زۆرتر له‌ ناوچه‌ی دیوانده‌ره‌ بووم. یانی هاوكات له‌ گه‌ڵ شه‌هید بوونی كاك خۆسره‌و ره‌شیدیان من تا ئه‌و كات له‌ كوردستان بووم. دیاره‌ بۆ مه‌ئموریه‌تی ته‌شكیلاتی ناوچه‌كانی سنه‌ و مه‌ریوان و سه‌رشیو و خوڕخوڕه‌ی سه‌قزیش رۆیشتوم. به‌ڵام به‌رده‌وام له‌ ناوچه‌ی دیوانده‌ره‌ بووم كه‌ ده‌كاته‌ نزیك به‌ 7ساڵ من له‌ ناو خه‌ڵكی كوردستان بووم.

ده‌كرێ باسی تاڵترین و خۆشترین بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیت بكه‌ی؟
به‌ڵێ زۆر راسته‌ هه‌موو كه‌س بیره‌وه‌ری تاڵ و شیرینی هه‌یه‌. به‌ڵام بیره‌وه‌رییه‌كانی من ئه‌وه‌نده‌ زۆرن كه‌ هه‌ر وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد ناتوانم له‌ چه‌ند ره‌سته‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌موویان بكه‌م، به‌ڵام سه‌رجه‌م ده‌توانم بڵێم كه‌ شه‌هید بوونی رێبه‌رانی ئێمه‌ وه‌ك كاك حه‌مه‌ حسێن، وه‌ك كاك فۆئاد، وه‌ك دوكتور جه‌عفه‌ر وكاك سدیقی كه‌مانگه‌ر و كاك ئه‌یوبی نه‌به‌وی و ئه‌مساڵی وه‌كوو ئه‌وان كه‌ یه‌كجار زۆرن و من ناتوانم ناوی هه‌موویان بهێنم، بۆ من ناخۆشترین و تاڵترین بیره‌وه‌ریی سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیم بوون. وه‌ك بیره‌وه‌ی خۆشیش هه‌ر ئه‌وه‌یكه‌ كاتی خۆی ئێمه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ بووین، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سه‌ختی و گوشارانه‌ كه‌ رۆژی وا بوو 12 جار بارمان ده‌پێچاوه‌و دیسان سه‌ر له‌ نوێ ده‌چوینه‌ شوێنێكی دیكه‌، به‌ڵام كاتێك كه‌ روومان ده‌كرده‌ گونده‌كان ئه‌و هه‌مووه‌ پێشوازی و خۆشه‌ویستی و به‌باوه‌ڕبوونی خه‌ڵكمان به‌ خۆمانه‌وه‌ ده‌بینی، خۆشترین كاته‌كانی ژیانمان بوو و هیچ ماندووبونێكمان پێوه‌ دیار نه‌بوو. له‌ بیرمه‌ 140 پێشمه‌رگه‌ بووین. 2 برینداریشمان بوو. هێزی ده‌وڵه‌ت به‌ شوێنمانه‌وه‌ بوون. باوه‌ڕ كه‌ نه‌مانده‌توانی روو له‌ هیچ شوێنێك بكه‌ین به‌ هۆی بارودۆخه‌كه‌مان. یه‌ك شتت پێ بڵێم ره‌نگه‌ باوه‌ڕ نه‌كه‌ی ئێمه‌ ئه‌و دوو شه‌و و دوو رۆژه‌، ته‌نیا دوو به‌سته‌ (بسكویت)مان پێ بوو. ته‌نیا بیره‌وه‌رییه‌ خۆشه‌كانی ئێمه‌، بوونمان له‌ ناو دڵی خه‌ڵك بوو به‌ حه‌قیقه‌ت. ره‌نگه‌ باوه‌ركردنی زۆر سه‌خت بێ كه‌ تۆ 7 ساڵ له‌ ناو دێهاته‌كانه‌ بگه‌ڕی و جه‌وله‌ی سیاسی و نیزامی بكه‌ی، به‌ڵام گیری حكومه‌ت نه‌كه‌وی. بۆیه‌ به‌راستی ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین بیره‌وه‌ری سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیم بوو. داوا ده‌كه‌م رۆژیك هه‌مووی ئه‌م ئه‌زموونانه‌ كۆبكرێنه‌وه‌و بۆ نه‌وه‌ی نوێ تۆمار بكرێت و له‌ ئه‌رشیفه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ دابنرێن.

ئاسوی رۆژهه‌لاَت: زۆر سپاس مامه‌ عه‌وه‌دی به‌رێز بۆ به‌شداریتان له‌م وتووێژه‌
مامه‌ عه‌وده‌ی عه‌زیمی: سپاس بۆ ئێوش و هیوام سه‌ركه‌وتنتانه‌

‌ • نوسه‌ر:ئا: سامان ریشه‌ساحێب
 • سه‌رچاوه: ئاسۆی رۆژهه‌ڵات‌
5061جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:813
Share/Save/Bookmark