0
دایە ئامین لە هەمووان ڕۆیی
Tuesday, 30 January 2018 09:12
دایە ئامین لە هەمووان ڕۆیی
 
  دایە ئامین ژنە زەحمەتکێشی ناو ریزەکانی کۆمەڵە ماڵئاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.


مەرگ بەر دەرکە بە هەموومان دەگرێت، بەڵام چ خۆشە دوای مردنەکەشت ببیتە جێگای رێز و ئیحترامی کۆمەڵانی خەڵک. دایە ئامین، هەم وەک دایکی شەهیدێکی کۆمەڵە و هەم وەک دایکی دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەو هەم وەک ئەندامێکی کۆمەڵە جێگای ڕێزی پێشمەرگە و ئەندامانی کۆمەڵە بوو. دایە ئامین، بە دڵێکی پاکەوە کۆمەڵەی خۆش دەوست، بە هەڵکشانی کۆمەڵە گەشکەی دەکرد و بە داکشانی کۆمەڵەش تووشی خەم و خەفەت دەبوو.
دایە ئامین، لە ژوورەکەیدا لە ڕێگای تەلەفزیۆنێکی چکۆلەی بیست اینچی دایم چاوی لەسەر کەناڵی ڕۆژهەڵات تیڤی بوو. ئاخرین هەواڵ و باسەکانی لەوێوە وەردەگرت. ماڵی دایە ئامین، دایم میواندارێتی پێشمەرگە و ئەندامانی کۆمەڵەی دەکرد. کەسم پێ شک نایەت کە لە قرچەی گەرماکەی هاوینی سلێمانیدا لە بەر دەرگای ماڵە فەقیرانەکەی دایە ئامینەوە تێپەڕ بووبێت و پەرداخێک لە "دۆ"، بەناو بانگەکەی دایە ئامینی نەخواردبێتەوە.
ئاخر دایە ئامینی زەحمەتکێش، هەر ئەوەی بوو، پەزیرایی لە پێشمەرگە پێوە بکات.
دایە ئامین، بە حەق وەک دایک بوو، بۆ هەموومان. لەگەڵ تاڵی و سەختیەکاندا لەگەڵمان شەریک بوو. بەشداری شادی و خۆشیەکانمانی دەکرد. من وەک وەفایەک و ڕێز گرتنێک لە دایە ئامین و لالە حەمە لە کتێبی "مامە عەودە مێژوویەک لە خۆڕاگری و خەبات " کە بەم زووانە چاپ دەبێ وێنەیەکی دایە ئامین و لالە حەمەم چاپ کردووە و بەو هیوایە بووم کە دایە ئامین بیبینێت و دڵی پێخۆش بێت، بەڵام کوا مەرگی ناوەخت و جەرگبڕ، رەحم بە هیواکانی ئێمە دەکا.
دایە ئامینی هەمووان، مەرگ لێی بردین. وێرای پرسە و سەرەخۆشی لە لالە حەمەی هاوسەری و مام رەحمان و شوان و کچەکانی و نەوەکانی، سەرەخۆشی لە کادرو پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەکەم، دایە ئامین لە هەموومان ڕۆیی.
یادی دایە ئامین لە بیرەوەری هەمووماندا بە نەمری دەمێنێتەوە

 

45جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1911
Share/Save/Bookmark