0
جه‌لال كه‌ریم {ئه‌بو شوارب}ئه‌ستێره‌یه‌كی شیوعی پرشنگدار
Thursday, 24 October 2013 04:39
جه‌لال كه‌ریم {ئه‌بو شوارب}ئه‌ستێره‌یه‌كی شیوعی پرشنگدار
 
  له‌ ساڵی (1958) شۆرشی ته‌مموز به‌‌رپا بوو پاشان نیقابه‌ی كرێكاران(سه‌ندیكای كرێكاران) له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق دروست بوو

 

له‌ پێناو به‌رگریكردن له‌ مافی زه‌وتكراوی كرێكاران و له‌ ده‌ربه‌ندیخان دوو سه‌ندیكا، سه‌ندیكای كرێكاران دروست بوون، یه‌كه‌میان بۆ كرێكارانی بیناسازی و پرۆژه‌كان (البناء والمشاریع) و دووه‌میان بۆ كرێكارانی ره‌ی (ئاوو ئاودێری) ده‌ربه‌ندیخان.

له‌ رێی سه‌ندیكاوه‌ ده‌سكرا به‌ چالاكی و گورجوگۆڵی جۆراوجۆرو له‌وانه‌ش وه‌رزش، وله‌ رێی وه‌رزشه‌وه‌ تێكڵاوی كرێكاران بووم و، زۆر جار گوێم له‌ وشه‌ی شیوعی و شیوعییه‌ت ئه‌بوو" رۆژێكیان یاری باله‌مان له‌ گه‌ڵ سه‌ندیكای ره‌ی هه‌بوو، زه‌لامێكی ئه‌سمه‌ری مه‌یله‌و سپی خوێن شیرین و خاوه‌ن سمێلێكی ئه‌ستور له‌ تۆپه‌كه‌ی ئه‌داو قسه‌ی خۆشی ئه‌كردو، ده‌م به‌ پێكه‌نین بوو، رۆژ هات و رۆژ چوو به‌ هوێ یاری باله‌، سه‌به‌ته‌، فووتبۆڵ و مه‌له‌ كردن له‌ ئاوی سیروان ئه‌م قسه‌ خۆشه‌و، سمێڵ ئه‌ستوره‌و ژماره‌یه‌كی تری كرێكاران بوون به‌ براده‌رم و، براده‌ره‌ سمێڵ ئه‌ستوره‌كه‌ ناوی جه‌لال كریم بوو، پێیان ئه‌وت (جه‌لال ئه‌بو شوارب).

رۆژێكیان لێم پرسی وشه‌ی شیوعییه‌ت مانای چییه‌؟.

وتی: بۆ ئه‌پرسیت؟.

وتم ده‌مێكه‌ گوێبیستی ئه‌و وشه‌یه‌ بووم، كاتی خوێ ماڵمان له‌ دێی گۆره‌شه‌له‌ بوو، منیش قوتابی سه‌ره‌تایی بووم جاروبار ئه‌م وشه‌یه‌ باس ئه‌كراو، گوێم لێی ئه‌بوو، رۆژیكیان بریار وابوو، وه‌ك باوی (عاده‌ت)ی دێكه‌ ئاو له‌ كانی خواره‌وه‌ به‌ كه‌رو پووت بۆ بنكه‌ی پۆلیس (مه‌خفه‌ری شورطه‌) سه‌ربخه‌م و، مه‌خفه‌ره‌كه‌ له‌ سه‌ر به‌رزترین یاڵی (گرد)ی ناوچه‌كه‌ بوو، منیش دژ به‌و باوو نه‌ریته‌ بووم و به‌وكاره ‌هه‌ڵنه‌سام و، له‌ كاتی نیوه‌رۆدا عه‌ریف عێزه‌ت له‌ گه‌ڵ پۆلیسێك هاته‌ به‌رده‌رگای ماڵمان گرژو سه‌خڵه‌ت و سوورهه‌ڵگه‌رابوو، به‌ تووره‌ییه‌وه‌ وتی: له‌ به‌ر خاتری باوكت نه‌بێ ئێستاكه‌ به‌ زله‌و شه‌ق راپێچی ته‌وقیفخانه‌ت (زندان) ت ئه‌كه‌م، هه‌ی شیوعی ناپه‌سه‌ند!!، دووای ئه‌م قسانه‌ خوێ و پۆلیسه‌كه‌ی تر چوون.

وشه‌ی شیوعیم له‌ گه‌ڵ زۆر كه‌س باس كردووه‌ به‌ڵام به‌باشی لام روون نییه‌.

به‌ پێی توانای خوێ كاك جه‌لال هه‌وڵیدا ئه‌م وشه‌ی شیوعییه‌ته‌ شی بكاته‌وه‌و، منیش رۆژانه‌ هاتووچۆی سه‌ندیكای بیناو پرۆژه‌كانم ئه‌كردو هه‌موو رۆژێك ئه‌م وشه‌ی شیوعییه‌ته‌ زیاتر له‌ هه‌فتا، هه‌شتا كه‌ره‌ت به‌ر گوێ ئه‌كه‌وت، كه‌ ئه‌چووم بۆ سه‌ندیكای ره‌ی كاك جه‌لالم ئه‌بینی چونكه‌ ئه‌و له‌وی كاری ئه‌كرد له‌گه‌ڵ براده‌رێكی تر به‌ناوی نه‌جمی كاك سه‌عه‌و، ئه‌م برایه‌ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو شاره‌زایی زیاتری هه‌بوو سوود به‌خشتر بوو.

گرنگ ئه‌وه‌یه لێره‌دا‌ بڵێم كاك جه‌لال شیوعی بوو، مرۆڤدۆست، قسه‌خۆش یاریزان، له‌ پاش ئه‌م سه‌رگوزشته‌یه‌ منیش بووم به‌ شیوعی و له‌گه‌ڵ جه‌لال كه‌ریم بووین به‌ هاورێ یه‌كترو، له‌ یه‌ك حزبدا" حزبی شیوعی عێراق كارمان پێكه‌وه‌ ئه‌كردو بووین به‌ دراوسێی یه‌كتر..‌

هاورێی قاره‌مان جه‌لال كه‌ریم له‌ ساڵی 1935 هاتووه‌ته‌ دونیاوه‌و،

له‌ تافی لاویدا چووه‌ته‌ ناو كۆری خه‌بات و تیكۆشانی چینایه‌تی و هه‌ر زوو په‌یوندی به‌ ریزه‌كانی حزبی شیوعی عێراق كردووه‌و رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ داكۆكی و پشتگیری كرێكاران و بێوچان تێكۆشاوه‌ بۆ سه‌ندنی مافی خوێ و سه‌رجه‌م كرێكاران و، هه‌رده‌م بێ ترس هه‌ڵساوه‌ به‌ دژایه‌تیكردنی ئاغاو ده‌ره‌به‌گ و كۆنه‌په‌ره‌ستان، هه‌ر بۆیه‌ به‌ده‌یان كه‌ره‌ت له‌ كاركردن قاو دراوه‌و تووشی ده‌ربه‌ده‌ری وبرسێتی و، دووچاری راونان و گرتن و تێهه‌ڵدان وئه‌شكه‌نجه‌ بووه‌ته‌وه‌و، قه‌ت كۆڵی نه‌داوه‌و، هه‌میشه‌ رۆڵێكی دیارو مه‌زنی له‌ پێناو بیروباوه‌رو گه‌ل و حزب و شیوعییه‌ت هه‌بووه‌و، ئازایانه‌ به‌رگری كردووه‌.

شۆرشی {14 ی ته‌مموزی 1958} و حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم رۆژ له‌ دووای رۆژ به‌ره‌و نشووستی هه‌نگاوی ئه‌ناو، دوور ئه‌كه‌وته‌وه‌ له‌ دروشمه‌كانی شۆرش و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و، نزیك ئه‌بووه‌ له‌ دوژمنانی گه‌ل ونیشتمان، ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌ستێوه‌ردانی شای ئێران و ده‌زگای سیخوری ساواك وجموجولی كۆنه‌په‌رستان بوونه‌ هوێ سه‌ره‌كی بۆ لێدانی شیوعییه‌كان و، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ چه‌ندین جار جه‌لال كه‌ریم راپێچی به‌ندیخانه‌ كراو هه‌موو جارێكیش سه‌ربه‌رزانه‌ رزگاری ئه‌بوو.

رێكخراوه‌كانی عه‌ره‌به‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان وحزبی به‌عسی عه‌ره‌بی رۆژانه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم نزیك ئه‌بوونه‌وه‌ و، عه‌بدولكریم قاسمیش كه‌وته‌ گرتن و لێدانی شیوعییه‌كان، له‌ ئه‌نجامی ئه‌م ره‌فتاره‌ گێرو ئیفلیجه‌ی حكومه‌ت، به‌عسییه‌كان له‌ رۆژی 7/10/ 1959 له‌ رأس القریه‌ له‌ شه‌قامی ئه‌لره‌شید بۆسه‌یه‌كی توكمه‌ی دارێژراویان بۆ عه‌بدولكه‌ریم نایه‌وه‌و، له‌كاتی هاتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌ستكرا به‌ ته‌قه‌و شۆڤێر‌و پاسه‌وانه‌كه‌ی كوژران و عه‌بدوالكه‌ریم (11) گولله‌ی به‌ركه‌وت و نه‌مردو كابرایه‌كی به‌عسی به‌ ناو عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لغرێری كوژراو ئیتر ئه‌و شوێنه‌ ناو ئه‌م كابرایه‌ هه‌ڵگرت و، ئێستا به‌و شوێنه‌ ئه‌ڵێن: گۆره‌پانی عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لغرێری.

له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌ستكرا به‌ گرتنی شیوعییه‌كان چونكه‌ دوژمنانی شیوعییه‌ت وا جاریاندا بوو كه‌ شیوعییه‌كان نیازی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی وڵات بگرنه‌ ده‌ست و، هاوری جه‌لال كه‌ریمیش پێوه‌ بوو، پاش ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ و له‌ كار ده‌ركردن، ئه‌هاته‌وه‌و له‌ پاش هه‌وڵدانێكی زۆر ئه‌گه‌رایه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی. ‌

له‌ ساڵی 1960 هاورێ جه‌لال ژنی هێناو له‌ گه‌ڵ خاتۆ په‌‌خشان غه‌فور صالح خێزانیان پێكه‌وه‌ نا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌یان به‌ دوو قۆڵی تووشی ئازارو مه‌ینه‌تی ژیان ببنه‌وه‌، چونكه‌ به‌ هوێ بارودۆخی سیاسی و چالاكی نواندنی بێپجران جه‌لال ئه‌گیراو، به‌خشانی خێزانی دووچاری راونان و خۆ شاردنه‌وه‌ ئه‌بوو، ژیانێكی كوله‌مه‌رگی پر له‌ ترس به‌سه‌ر ئه‌بردو، له‌ كاتی پیلانه‌ شوومه‌كه‌ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی خوێنرێژ له‌ 8/2/1963و به‌یانه ناپاكه‌كه‌ی به‌ كرێگیراو (رشید مصلح- الحاكم العسكری العام) دادوه‌ری گشتی سوپا، به‌یانێك بۆ له‌ ناوبردنی شیوعییه‌كان ده‌رچوو، هاورێ جه‌لال له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك شیوعی روویان كرده‌ شاخ.

جه‌لال ئه‌بو شوارب و ئه‌و شیوعییانه‌ی له‌ گرتن و چنگی حزبی به‌عس و رژێمه‌ خوێنرێژه‌كه‌ی رزگاریان بوو، روویان كرده‌ شاخ تووشی گرتن و ئازاردان و تێهه‌ڵدان بوون ئه‌مجاره‌یان له سه‌ر ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستان تاقمی مه‌كته‌بی سیاسی كه‌ باره‌گایان له‌ نزیك دێی مالومه‌ بوو، له‌ویش كوره‌ ""ئازاكان"" كه‌وتنه‌ لێدان وسووكایه‌تی پێیكردنیان، پاشان بریاردرا دیله‌ شیوعییه‌كان له‌ ده‌وروبه‌ری دێی مالومه‌ ره‌وانه‌ی دێی ئاشی بارام له‌ نزیك شاخی سوره‌بان بكرێن و، به‌ مه‌رجێك نابێت هیچ كه‌س به‌ درێژایی رێگا نانیان بداتێ وبا برسیان بێت، به‌و كاره‌ چه‌په‌ڵه‌ نا مرۆڤانه‌و ئه‌و بیره‌ دوواكه‌وتووه‌‌ ویستیان چاوترسینیان بكه‌ن و، به‌ڵكو هه‌ندێكیان وازبێنن، به‌ڵام پرۆژه‌و نه‌خشه‌كه‌یان له‌ لایه‌ن شیوعییه‌كانه‌وه‌ پوچه‌ڵ كرانه‌وه‌و سه‌ریان نه‌گرت...

دیله‌ شیوعییه‌كان شێرانه‌ به‌رنگاری قسه‌ی ناشیرین و توانج و هه‌ره‌شه‌ كردن ئه‌وه‌ستان و، قوره‌كاری و دارهێنان و كار پێكردنی بێبنه‌مای رۆژانه‌ چۆكی پێدانه‌دان تا ئه‌و رۆژه‌ی سه‌ركردایه‌تی حزب له‌ گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی رێكه‌وتن وشیوعییه‌كان ئازاد كران..

هاوری جه‌لال له‌ گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی حزب له‌: به‌مۆ، وڵه‌سمت، كلكه‌سماق، ئاوه‌گردو شوێنه‌كانی تر یه‌كسه‌ر بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ی حزب له‌ ئاوه‌گردو، كتووپر له‌ گه‌ڵ هاورێكانی ده‌ستیان كرد به‌ چالاكی و لێدانی مۆڵگاكانی دوژمن و له‌ یه‌كێك له‌و چالاكیانه‌ هاورێیه‌كی قاره‌مانی جه‌لال و حزب {هاورێ قاسم} له‌ رواندوز شه‌هید ئه‌بێت و، گوروتینێكی باشتر به‌ پێشمه‌رگه‌كان ئه‌به‌خشێت.

له‌ 18 نۆڤه‌مبه‌ر (تشرینی دووه‌م) 1963 عه‌بدولسه‌لام عارف سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ڵسا به‌ كۆده‌تاو سه‌ركه‌وت و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ده‌سه‌ڵاتداری راماڵی و بۆ چه‌ند رۆژێك سه‌ركرده‌كانی گرت وپاشان ئازادیانی كردو، ئه‌م (حكومه‌ته) نوێیه‌ به‌یانی لێخۆشبوونی گشتی (العفو العام) ی راگه‌یاند‌و، به‌و پێیه‌ هه‌موو كه‌س بۆێ هه‌یه‌ بگه‌رێته‌وه‌ سه‌ر كارو جێی خوێ.

هاورێ جه‌ڵال رۆڵه‌ی هه‌ڵكه‌وتوو نیشتمانپه‌روه‌رو ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش و پرشنگداری ئاسمانی كوردستان و، شاسوارێكی شایسته‌و لێوه‌شاوه‌ی كاروانی كۆڵنه‌دان و به‌رخودان ئازایانه‌ گه‌رایه‌وه‌ ناو رێكخراوه‌كانی حزب و كۆری تێكۆشان و، دیسانه‌وه‌ وه‌ك زه‌حمه‌تكێشێكی قاره‌مان و خاوه‌ن هه‌ڵوێست بریاریداو چاكی مه‌ردایه‌تی كرد به‌لاداو قۆڵی خه‌بات و پیاوه‌تی لێهه‌ڵماڵی و له‌ پێناو بیروباوه‌ردا تاویدایه خه‌باتێكی شێلگیرانه‌و‌ خوێ بۆ حزب ته‌رخان كردو جارێكی تریش له‌و رێكا پیرۆزه‌ی گیراو، بوو به‌ داوه‌وه‌.

له‌ میانه‌ی گورجوگۆڵی و گوێنه‌دان به‌ خۆشییه‌كانی ژیان چالاكانه‌ ئه‌ركه‌كانی رائه‌په‌راندو چه‌ند كه‌ره‌ت كه‌وته‌ ناو بۆسه‌ی پارتی و تووشی ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ ئه‌بوو، كه‌ره‌تێكیان له‌ گه‌ڵ كه‌سایه‌تی رووخۆش و ناسراوو كادیری ده‌ره‌وشاوه‌ی شیوعی دوكتور فارس ره‌حیم كه‌وتنه‌ بۆسه‌و گیران و ره‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌كانی پارتی كران له‌ گرژه‌و سوسێ و، پاش گفتوگوێ حزبی شیوعی عێراق له‌ گه‌ڵ به‌رپرسانی بارتی به‌ره‌ڵا كران و، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و چالاكیانه‌ پێنج جارێتر له‌ ده‌ڤه‌ری رانیه‌ گیراوه‌و

له‌ لایه‌ن خودی عه‌لی شه‌عبان به‌رپرسی پارتی ئازاروئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌.

له‌سه‌ر بریاری حزب ماڵیان چووه‌ به‌غدای پایته‌خت و خوێ خیزانه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی هاوری په‌خشان له‌و كاره‌ سه‌خته‌دا به‌ره‌و رووی ناخۆشی و دژواری وچه‌رمه‌سه‌ری بوونه‌ته‌وه‌و، هه‌میشه‌ هه‌وڵیانداوه ‌متمانه‌ و نهێنی ئه‌م ئه‌ركه‌ نوێیه‌دا بپارێزن وماڵه‌كه‌یان بوو به‌ جێی هاورێیانی سه‌ركردایه‌تی حزب و، یه‌كه‌مین ماڵ له‌ گه‌ره‌كی (ئه‌لمه‌سبه‌ح) بوو كه‌ خۆشترین وناودارترین گه‌ره‌كی به‌غدایه‌و، ئه‌م هاورێیانه‌ هاتووچۆیان ئه‌كرد یان له‌وێ ئه‌مانه‌وه‌: كه‌ریم ئه‌حمه‌د، بهاء الدین نوری، عایده‌ یاسین و هه‌ندی هاورێ تر و، ماڵ گوێزرایه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی (ئه‌لوه‌شاش) هاورێ محه‌مه‌د طاهر بادینی و كۆمه‌ڵێك هاورێ عه‌ره‌ب له‌وێ بوون و، جاریكی تر ماڵ گوێزرایه‌وه‌ بۆ گه‌ره‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان (ئه‌لمه‌نصور) و هاوریان عایده‌ یاسین ومحمد طاهر بادینی له‌وێ بوون و، له‌ كۆتاییدا چوونه‌ گه‌ركی (اسكان غه‌ربی به‌غداد) و، ماڵه‌كه‌ سه‌ره‌رای بوونی هاورێیان بوو به‌ جێی دابه‌ش كردنی به‌یان و به‌ڵگه‌نامه‌وراگه‌یاندراوه‌كان.

ئه‌و ئه‌ركه‌ به‌ هاورێ جه‌لال و هاوسه‌ره‌كه‌ی راسپێرا ئه‌ركێكی نیشتمانی و حزبایه‌تی پیرۆز بوو، له‌وانه‌ش بووهه‌موو كات مرۆڤ دووچاری چه‌رمه‌سه‌ری و ده‌ربه‌ده‌ریی وگرتن وبه‌ندیخانه‌ بكات و، كورد واته‌نی گرتن و به‌ندیخانه‌و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ قورقوراگه‌و به‌رۆكیانی گرتبوو، به‌ڵام ئه‌مان به‌ باوه‌ری قایم و پۆڵایین سه‌لماندیان ده‌ستپاك وبێگه‌ردو خۆراگرن.

جارێكی تر هاورێ جه‌لال گه‌رایه‌وه‌ بۆ ده‌ربه‌ندیخان و بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی و هه‌ر زوو په‌یوه‌ندی به‌ رێكخراوی شارو كۆمیته‌ی جوتیاران كردو، دیسانه‌وه‌ رێگای سه‌ختی خه‌بات و تێكۆشانی گرته‌به‌رو، بوو به‌ پاڵپشتێكی نموونه‌یی بۆ تێكرای هاورێیان و حزب و،‌ من و جه‌لال جاروبار له‌ ناو بازاردا پیاسه‌مان ئه‌كردو، دوژمنه‌كانی شیوعییه‌ت خه‌ڵكیان ئه‌ترساندو ئه‌یانوت كه‌س له‌و دووانه‌ نزیك نه‌بێته‌وه‌و، ئه‌وه‌ی ده‌سبخاته‌ ناو ده‌سیان بێ یه‌ك و دوو حكومه‌ت ئه‌یگرێ، ئه‌وانه‌ (خه‌ته‌رن) شیوعین!.

جارێكیان هاورێیه‌ك هه‌واڵی هێناو وتی: فڵانی نانه‌وا هیرش ئه‌كاته‌ سه‌ر حزب، من و هاورێیان جه‌لال و عه‌لی ئه‌حمه‌د خورشید (عه‌لی ده‌عبا) ئه‌مانزانی هاورێی هه‌واڵهێنه‌ر ترسنۆكه‌و، چونكه‌ بریاری رێكخراوه‌كه‌مان ئه‌وه‌ بوو هه‌ركه‌س هێرش یان جنێو به‌ حزب بدات، ئه‌بێ یه‌كسه‌ر وه‌ڵام بده‌ێنه‌وه‌و، لێره‌دا هاورێ جه‌لال پێشنیاری كرد كه‌ خوێ و هاورێیه‌كی تر ئه‌توانن ئه‌و كابرایه‌ ته‌مێ بكه‌ن و، پێشنیاره‌كه‌ له‌ جێی خوێدا بوو، شه‌فه‌ق، ده‌مه‌و به‌یانی رۆژی داهاتوو نانه‌واكه ‌ئه‌یویست ده‌رابه‌ی نانه‌واخانه‌كه‌ هه‌ڵداته‌وه‌، هاوری جه‌لال مه‌چه‌كی ئه‌گرێت و له‌وێ دووری ئه‌خاته‌وه‌و به‌ دوو قؤڵی ئه‌كه‌ونه‌ لێدانی وپاشان خۆیان ئاشكرا ئه‌كه‌ن و، جه‌لال ئه‌ڵێـت ئه‌گه‌ر پیاویت برۆ به‌ ئه‌من و پۆلیس بڵێ، كابراش به‌ڵێن ئه‌دات قه‌ت به‌ خراپه ناو‌ی شیوعییه‌كان نه‌هێنێت.

هاورێ جه‌لال تاڵی و سوێری ژیانی چیشتبوو، پێشمه‌رگه‌، شۆرشگێر، زه‌حمه‌تكێش، پیاوێكی مه‌رد، قاره‌مان، نموونه‌ی متمانه‌و باوه‌رو ئازایه‌تی، له‌ هه‌ر كۆێ مه‌یدانی سه‌خت و دژواری تێكۆشان بووه‌، ابو شوارب سه‌یركه‌ر نه‌بووه‌و، به‌ هه‌ڵوێستێكی جوامێرانه‌ خۆی تێوه‌رداوه‌و، هه‌رده‌م چاونه‌ترس و بوێرانه‌ كاره‌كانی راپه‌راندوه‌و ، رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بووه‌و، هه‌ر بۆیه‌ مایه‌ی شانازی بوو بۆ گه‌ل و حزب و هاورێیانی‌.

كاتیك خدر شه‌وكه‌تی به‌عسی قایمقامی ده‌ربه‌ندیخان بوو چه‌ند جار گیراوه‌و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌و، كه‌ له‌ ده‌ربه‌ندیخان هه‌ڵات چووه‌ به‌غداو له‌ مانگی شوباط 1978 گیراو، له‌ پاش 11 مانگ لێدان وئازاردان و ئه‌شكه‌نجه‌دانی جۆراوجۆری رژێمه‌ خوێنمژه‌كه‌ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی و دكتاتور سه‌دام حسین له‌ سه‌ر ته‌رزی مۆدێرنی نۆی، هاورێ جه‌لال پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو گیانی تێكشكاو تووشی شه‌له‌ل و ئیفلیجی كرا له‌ زیندان ده‌ریان كرد.

ئه‌م خێزانه‌ سه‌ربه‌رزه‌ كوری یه‌كه‌میان، كوره‌ گه‌وره‌كه‌یان (هاورێ) پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوو له‌ رۆژی 5/12/1981 له‌ لایه‌ن رژێمی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی شه‌هید كرا.

هاورێ جه‌لال، ئه‌و ئه‌ستێره‌ گه‌شه‌ له‌ رۆژی 1/7/1999 كوژایه‌وه‌و هاوسه‌ره‌ خۆراگره‌كه‌ی په‌خشان غفور صالح و ئه‌م پۆله‌ لاوانه‌ی: هاوده‌نگ، رێبوار، هه‌ورین، هاوكار، دلێر، ئاوات و به‌ختیاری به‌جێهێشت و ماڵئاوایی لێكردین..

هه‌زار سڵاو له‌ گیانی پاكت ئه‌ی قاره‌مانی چاونه‌ترس.

18/10/2013

 

 

 

جه‌لال كه‌ریم {ئه‌بو شوارب}

 

 

 

 

 

 

 

‌ • نوسه‌ر:ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
2075جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1703
Share/Save/Bookmark