0
ژیاننامەی دوو برای شۆڕشگێڕ
Thursday, 06 June 2013 10:31
ژیاننامەی دوو برای شۆڕشگێڕ
 
ژیاننامەی دوو برای شۆڕشگێڕ، دوو گیانبەخت کردووی ڕیگای ڕزگاری مرۆڤی چەوساوە، هاوڕێیان جاسم (وێنەی سەرەوە) و عەندولئەمیر خەڕات

جاسم

هاوڕێ جاسم ساڵی ١٣٣٥ هەتاوی لە شاری بەغدا لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە دایک بووە. خوێندنی ناوەندی و هاوکات لە گەڵ کار کردن تەواو کردووە.

بنەماڵەکەی لە بنەڕەتدا لە کوردانی ئیلامن کە لە باشووری کوردستان و عێراق بە کوردی فەیلی ناسراون. هەر لە منداڵیەوە کەسێکی وریا بووە و هەموو کات بە شوێن هەواڵ و ڕووداوەکاندا گەڕاوە. لە تەمەنی ١٤ ساڵاندا لە لایەن دەزگای پۆلیسی ڕژیمی بەعسی عێراقەوە بۆ ماوەی سێ مانگ زیندانی کراوە. دواتر بە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەکەی لە ئەسڵدا ئێرانی بوون، ساڵی ١٣٤٩ بە زۆر ڕەوانەی ئێران ئەکرێنەوە. پاش گەڕانەوەیان بۆ ئێران لە کارخانەیەک (کارخانە قطعات فولاد) لە سەر ڕێگای کەرەج دەست ئەکات بە کرێکاری. بە هۆی ئەوەی کە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئیگلیزی بە باشی ئەزانێت، هەر زوو فێری زمانی فارسیش ئەبێت.

بە هۆی وشیاری سیاسی و تێگەیشتن لە دونیای چینایەتی و تێکەڵ بوون لە گەڵ مەینەت و ڕەنجی کرێکاری چەوساوە و بەش مەینەت ساڵی ١٣٥١ تێکەڵ بە دونیای سیاسەت ئەبێت و دەست ئەکات بە خەبات کردن لە دژی دونیای نایەکسان و ڕژیمی شای دیکتاتور. هەر لە ئەو دەورانەدا لە گەڵ بیر و باوەڕی چەپ و مارکسیزم ئاشنا ئەبێت. چەندین جار لە لایەن ساواکەوە هەڕەشەی گرتن و لێدانی لی ئەکرێت، بەڵام ئەو هەر بە خەباتی خۆی درێژە ئەدات.

ساڵی ١٣٥٣ ئەچێتە ناو کارخانەی ئەرج (کارخانە ارج) و لە خەبات و مانگرتنی کرێکارانی ئەو کارخانەیە هەڵسووڕاوانە بەشداری ئەکات. هەر هەمان ساڵ لە لایەن ساواکەوە ئەگیرێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی ئەکرێت.

جاسم لە بەندیخانەدا لە گەڵ ڕێکخراوی نهێنی کۆمەڵە و کەسەکانی کە ئەو کات لە زینداندا بوون ئاشنا ئەبێت. بۆ نموونە لە گەڵ سەعید یزدانیان (دوکتور سەعید خەڵکی کرماشان)، عەباس تەیب، بیژەن چهرازی و هەر وەها یەدوڵلە خوسرەو شاهی و چەند تێكۆشەرێکی تر ئاشنا ئەبێت.

دوای تێپەڕاندنی سێ ساڵ لە بەند بوون، ساڵی ١٣٥٦ ئازاد ئەبێت و لە گەڵ عەبدولئەمیری برای ئەچنەوە بۆ زێدی باپیرانیان، واتە شاری ئیلام. هەر هەمان ساڵ ژیانی هاوسەری پێک دێنێت کە بەرهەمی ئەو ژیانە هاوبەشە کچێک و دوو کوڕ ئەبێت.

لە شاری ئیلامیش تا کاتی گەڕانەوەیان بۆ تاران دەست ئەکات بە خەبات کردن و لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە ڕژیمی شاە و وشیار کردنەوەی خەڵکی چەوساوە بە مافەکانیان چالاکانە بەشداری ئەکات.

یەک مانگ دوای ڕوخانی ڕژیمی شاە و سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەڵانی ئێران دەچیتە شاری سنە و تێکەڵ بە خەباتی شۆڕشگێرانی کوردستان ئەبێت. پاش ماوەیەک لە سنەوە ئەگەڕێتەوە بۆ تاران و لە کارخانەی کاشی ئیرانا (کاشی ایرانا) دەست ئەکات بە کرێکاری و خەباتی نهێنی. لە مانگرتنێکی گەورەدا کە لە ئەو کارخانەیە بەڕێوە ئەچێت، ئەبێتە وتەبێژ (سخنران) و ڕێ نیشاندەری کرێکارانی مانگرتووی ئەو کارخانەیە.

بە هۆی هەڵسووڕاو بوون و خەباتی بێ وچانییەوە ئەبێتە ئەندامی ڕێکخراوی نهێنی کۆمەڵە لە شاری تاران.

ڕۆژی ٢٤ – ٨ – ١٣٦١ هەتاوی لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری تازە بە دەسڵات گەیشتوی ئیسلامی ئێرانەوە ئەگیرێت و پاش ٩ مانگ ئەشکەنجە و ئازار بینین لە لایەن پاڕێزەرانی نیزامی جەهل و سەرمایەوە، بە داخەوە ڕۆژی ١١ گەلاوێژی ١٣٦٢ هەتاوی لە بەندیخانەی ئەوین گولەباران کرا. بەو شیوەیە هاوڕێ جاسم گیانی خۆی لە پێناوی ئازادی و ژیانی یەکسان بۆ هەمووان بەخت کرد! یادی بەرز و بەڕێز بێت!

 

عەبدولئەمیر خەڕات

هاوڕێ عەبدولئەمیر برای هاوڕێ جاسم کە لە شاری بەغدا لە دایک بووە و خۆیندنی تا ناوەندنی تەواو کردووە. لە گەڵ بنەماڵەکەی ساڵی ١٣٤٩ بە زۆر دەنێردرێنەوە بۆ ئێران. لە شاری تاران دەست ئەکات بە کرێکاری و زۆری پێ ناچێت فێری زمانی فارسیش ئەبێت.

ساڵی ١٣٥٦ دوای ئازاد بوونی جاسمی برای، پێکەوە ئەگەڕێنەوە بۆ شاری باپیرانیان، شاری ئیلام و تا ساڵی ١٣٥٩ لە ئەو شارە ئەمێنێتەوە. لە خۆپیشاندانەکانی دژی ڕژیمی شاە لە شاری ئیلام چالاکانە بەشداری ئەکات.

ساڵی ١٣٥٩ ئەگەڕێتەوە بۆ شاری تاران و دوکانێک بە کرێ ئەگرێت و دەست ئەکات بە خەیاتی کردن.

ساڵی ١٣٦١ دێتە کوردستان و ئەبێتە پێشمەرگەی کۆمەڵە و وەک پێشمەرگەیەکی خەیات ئەرکی پێشمەرگانەی خۆی بەڕێوە ئەبات.

لە ئەو کاتەدا جاسمی برای لە لایەن جەلادانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسگیر و زیندانی ئەکرێت. عەبدولئەمیر دوای تێپەراندنی سێ مانگ لە ئەرکی ثێشمەرگانەی، ناچار ئەبێت بۆ سەرپەرەستی کردنی بنەماڵەکەیان بگەڕێتەوە بۆ تاران.

بە داخەوە هاوڕێ ئەمیر رۆژی ٩ گەلاوێژی ١٣٦٤ لە سنووری دەسکردی نیوان باکووڕ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناسراو بە سنووری بازرگان (مرز بازرگان) لە لایەن هێزە مرۆڤ کوژەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ترور کرا.

یادی ئەم دوو برا شۆڕشگێڕە و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی بەرز و بەڕێز بێت!

 

تێبینی:

بەشێک لە بنەمالەی ئەم دوو برا شەهیدە لە یەکێک لە شارەکانی وڵاتی سوید ئەژین و من لە ئەو بڕوایەدام کە ئەرکی هەموومانە کە سەردانی بنەماڵەی هاوڕێیانی گیانبەختکردوومان بکەین و خۆمان بە کەس و کاریان بزانین!

 

سەرچاوە:

ئالبوومی شەهیدانی کۆمەڵە، یادی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو. وەرگێران و داڕشتن لە لایەن نووسەرەوەیە.

عەلی قەنبەری ٥ – ٦ – ٢٠١٣ زایینی

 

 

3861جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1512
Share/Save/Bookmark