1
كۆمەڵەو حیزبی دێمۆكرات بۆ یەكەم جار رێككەوتنامەیەكی هاوبەش ئیمزا دەكەن + وێنە
Thursday, 23 August 2012 01:50
كۆمەڵەو حیزبی دێمۆكرات بۆ یەكەم جار رێككەوتنامەیەكی هاوبەش ئیمزا دەكەن + وێنە
 
پاش زیاتر لە سێ دەیە خەباتی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژهەڵات لە سەردەمی دەسەڵاتداریی كۆماری ئیسلامی، كۆمەڵە و حیزبی دێمۆكرات لە دووتووێی راگەیاندنێكی هاوبەشدا،

هەواڵی چۆنیەتی بە ئاكام گەیشتن و ئیمزا كردنی رێككەوتنامەیەكی هاوبەش و گرینگ، بە رای گشتی و كۆمەڵگای كوردستان رادەگەیەنن. دەقی راگەیاندن و رێكەوتننامە هاوبەشەكە كە نوسخەیەكیشی بۆ ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ نێردراوە، بەم جۆرەی خوارەوەیە:

 

 

راگەیەندراوی هاوبەش

 

لە درێژەی دیدارو دانیشتنە هاوبەشەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بۆ باس‌و لێكدانەوە‌و تاوتوێ‌ كردنی پرسە گرینگەكانی ناوچەو پێوەندیدار بە مەسەلەی ئێران بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی، هەروەها لە درێژەی باسەكان بۆ گەڵاڵە كردنی رێككەوتنامەیەكی هاوبەش بۆ هاوكاری‌و هاودەنگی نێوانیان كە ماوەیەك بوو لە لایەن هەیئەتی راسپیردراوی هەردوو لاوە كاری بۆ دەكرا، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی 31ی گەلاوێژی 1391ی هەتاوی بەرامبەر بە 21ی ئووتی 2012ی زایینی، هەیئەتێكی رێبەریی هەر دوولا لە بنكەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیمۆكرات بە سەرپەرەستی بەڕێزان عەبدوڵڵای موهتەدی سكرتێری گشتیی كۆمەڵە و مستەفای هیجری سكرتێری گشتی حیزبی دیموكرات كۆبوونەوە.

 

دوو هەیئەت لە دانیشتێكی 5 ساعەتی‌ دا وێڕای باس لە پرسە گرینگەكان، بارودۆخی ئێران‌و ناوچەو كوردستان، باسەكانی پێشوویان لەسەر گەڵاڵەی رێككەوتننامە بۆ هاوكاری نێوانیان درێژە داو بەم شێوەیە ئەو رەوتەیان بە ئاكامی كۆتایی گەیاند‌و رێككەوتننامەكە لە لایەن بەڕێز كاك مستەفای هیجری و بەڕێز كاك عەبدولڵای موهتەدی وە واژۆ كرا.

 

هەروەها هەردوو لا هیوایان خواست كە نێوەڕۆكی ئەو رێككەوتننامەیە زەمینەخۆشكەر بێ‌ بۆ هاوكاری بەرینتری هێزە سیاسی‌یەكانی كوردستانی ئێران.

 

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

 

31/5/1391ی هەتاوی

 

 

دەقی رێككەوتننامەی نێوان كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران‌و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەم شێوەیەیە:

 

رێككەوتننامەی هاوبەش

ئەم رێكەوتننامە لە نێوان حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ئیمزا دەكرێ‌‌و لەوە بەدواوە لە هەر جێگایەكی ئەم رێكەوتننامەیەدا كۆمەڵە‌و حیزبی دێموكرات دێ‌ مەبەست لەو دوو رێكخراوەیە.

 

پێشەكی:

 

بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران، ساڵانێكی زۆرە كە قۆناغە جیاوازەكانی خەباتی پڕ هەوراز و نشێوی خۆی تێپەڕ كردووە. بەرەنگاریی نەتەوەیی و قوربانی دان و شەهیدبوونی هەزاران رۆڵەی فیداكار لە پێناو سەلماندنی شوناس و مافە سیاسییەكانی نەتەوەی كورد كە لە سەرووی هەموویانەوە دەستەبەر كردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسە، راستییەكی حاشا هەڵنەگرە.

بۆ خەباتی گەلی كورد لە سەردەمی ئێستا و لەم بارودۆخەدا، هەم ئاڵوگۆڕە جیاوازەكانی جیهان و هەم ئاڵووگۆڕەكانی ئەم دواییانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هاوسەنگی زلهێزەكان و هاوكێشە نوێیەكانی ئەم پانتاییە، زیاتر لە هەمیشە بواری بۆ هێنانە ئارای ویستە نەتەوەییەكانی گەلی كورد و پێداگریی زیاتر لەسەر مافەكانی لە ئاستی جیهانیدا رەخساندووە.

باهۆزی گۆڕانخوازی و دیموكراسیخوازیی جەماوەری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهێزتر لە هەركاتێك، كۆڵەكەی دیكتاتۆرییەكانی بەرەو رووخان پاڵناوە. درەنگ یان زوو دیكتاتۆریی كۆماری ئیسلامی، بە بەردەوام بوونی خەباتی كۆمەڵانی خەڵك ‌و ئیرادەی قایمی تێكۆشەرانی رێگای ئازادی، لە وڵاتی ئێرانیش ئاسۆیەكی جگە لە پەرەسەندنی قەیرانی فرە رەهەندی ئابووری و سیاسی و رۆیشتنی بەرەو رووخانی یەكجارەكی بۆ بەدی ناكرێت.

ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و گروپ و لایەنە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، لە دوو سێ‌ ساڵی رابوردودا، بەدوای سەرهەڵدان و شكستی بزووتنەوەی سەوز لە ئێران، دەورێكی نوێ‌ لە دیالۆگ و دانیشتنی هاوبەش و چالاكییان دەست پێكردووە. لەم نێوەدا سەرەڕای جیاوازی روانگە و بیروڕا، هەندێك لێك تێگەیشتنی زیاتر و نزیك بوونەوە تێیاندا لە چاو رابردوو هاتۆتە ئاراوە و بیرۆكەی یەكگرتن و چەشنێك هەوڵدان بۆ پێكهێنانی بەرەی دێمۆكراسیخوازی بە دروشمی گۆڕانی رژێم زیاتر لە پێشوو لایەنگری پەیدا كردووە.

حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، وەك دوو هێزی بە ئەزموون كە لەم ماوەدا لەسەر كۆمەڵێك پرسی گرینگ هاوكاری و كاری هاوبەشیان بە ئەنجام گەیاندووە، لە درێژەی رەوتی روو لەگەشەی ئەم لێك نزیك بوون و هاوكارییانەدا هەردوولا لە سەر ئەو بڕوایەن كە لە هەلومەرجێكی وەهادا، رێككەوتن لەسەر كۆمەڵێك خاڵی بنەڕەتی هاوبەش لە دوو توێی ئەم گەڵاڵەیەدا پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە. ئەم پلاتفۆڕمە هاوبەشە وەك سەرەكیترین ئەجێندای سیاسی لە هەمبەر ئاڵۆگۆڕە سیاسییەكانی ئەم سەردەمە لە راستیدا گوزارش لە چەشنێك هاوپەیمانی لە نێوان ئەم دوو هێزەدا دەكات.

ئەم رێككەوتننامە هاوبەشە كە لە لایەن رێبەریی هەر دوو حیزبەوە پەسەند كراوە، بناغەیەك بۆ كاری هاوبەشی هەردوو لایەن لە بوارەكانی سیاسی، دیپلۆماسی، راگەیاندن و هتد... دادەرێژێ. لە هەمان كاتدا بنەمایەكە بۆ تێكۆشانی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئەم رێككەوتننامەیە و بەدیهێنانی هاوكاری زیاتر لە نێوان باقی هێزەكانی كوردستانی ئێران.

 

الف) بنەما گشتییەكان:

 

1- هەردوولایەن لە سەر ئەو باوەڕەن بە بێ‌ رووخانی رژیمی كۆماری ئیسلامی بە دیهاتنی دیموكراسی و مافە نەتەوەییەكانی گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی كورد دەستەبەر نابێ‌. هەروەها لەو بڕوایەدان كە نیزامی سیاسیی داهاتووی ئێران پێویستە سیستمێكی سیكۆلاری دیموكراتیكی فیدراڵ بێت، بۆیە پێویستە هەر دوو لایەن لە كۆڕ‌و كۆبوونەوەكان لەگەڵ ئوپۆزیسیونی ئێرانی‌و دەرەوە لەسەر ئەم خاڵانە پێداگر بن.

 

2- كۆمەڵە و حیزبی دێمۆكرات بڕوای تەواویان بە هەڵبژاردنی ئازادانەی سیاسی لە لایەن خەڵكی كوردستانەوە هەیە و لە وەها هەڵبژاردنێكدا بێ‌شك سندووقەكانی دەنگدان بە سەرەكیترین سەرچاوەی مەشروعییەتی هەموو هێزێكی سیاسی لە كوردستان و بە بنەمایەكی سەرەكیی دێمۆكراتیزە كردنی كۆمەڵگای ئازاد و سەربەستی دەزانن.

 

3- هەر دوو لا بڕوای تەواویان بە جیایی دین لە دەوڵەت هەیە و لەو بڕوایەدان كە حوكمڕانی دواڕۆژی كوردستان و یاسای بنەڕەتی وڵات لەسەر بنەمای پرەنسیپەكانی دێمۆكراسی و جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و مافە سیاسی و نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان دابنرێت. هەروەها ئازادیی ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەكان لە كوردستان بە مافێكی رەوا و حاشاهەڵنەگری هەموو دانیشتوانی كوردستان دەزانن .

 

4- هەر دوو لا پێداگری لەسەر یەكسانیی تەواوی مافەكانی ژنان لەگەڵا پیاوان لە هەموو بوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی، بنەماڵەیی و هتد لە كۆمەڵگادا دەكەن و خۆیان بە پارێزەری یاسای پێشكەوتنخوازانە و مودێڕن و ئینسانی لەو بوارەدا دەزانن و بۆ چەسپاندنی تێدەكۆشن.

 

5- كۆمەڵە و حیزبی دیموكرات خۆیان بە پارێزەری ئازادی رادەربڕین، ئازادی نووسین، ئازادی رۆژنامەگەریی سەربەخۆ، ئازادی دروست كردنی رێكخراوی سیاسی، ئازادی دامەزراندنی رێكخراوەگەلی مەدەنی و سینفی وەكوو رێكخراوەی كرێكاران، ژنان، خوێندكاران، لاوان، موعەلیمان و هتد دەزانن‌و پشتگریی تەواویی یاسایی لە كۆمەڵگادا لێدەكەن.

 

6- هەر دوو لا پشتگیری و پابەند بوونی خۆیان بە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگەی كوردستان و گونجاندنی ئەو بابەتانە لە یاسای بنەڕەتیدا رادەگەیەنن.

 

7- هەر دوو لا پابەند بوونی خۆیان بە چارەسەر كردنی كێشە و گرفتە سیاسییەكانی نێوانیان لەرێگەی دیالۆگ و بەشێوەی سیاسی و هێمنانە و دوور لە هەر چەشنە توندوتیژییەك دەردەبڕن. هەر وەها ئەم شێوازەش لەنێوان سەرجەمی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بەپێویست دەزانن و بۆ چەسپاندنی ئەو پرەنسیپە لە پانتایی هەموو كوردستان تێدەكۆشن.

 

8- حیزبی دیموكرات و كۆمەڵە فێدرالیزمی نەتەوەیی _جوغرافیایی وەك دروشمی سەرەكی و بەرنامەی سیاسیی خۆیان بۆ چارەسەر كردنی ستەمی نەتەوەیی لە كوردستان هەڵبژاردووە و خۆیان بە ئاڵاهەڵگری ئەم دروشمە دەزانن و كاری هاوبەش بۆ چەسپاندنی دەكەن.

9- ئەم رێككەوتنە پڕەنسیبی سەربەخۆیی سیاسی، رێكخراوەیی، دیپلۆماسی‌و راگەیاندنی هیچكام لەم دوو لایەنە خەوشدار ناكات، بەڵكوو هەوڵا دەدات كە هاودەنگی‌و هاوئاهەنگی لە نێوانیاندا لە پێناو ئامانجە هاوبەشەكان كە لەم پلاتفۆرمەدا هاتووە دەستەبەر بكات.

 

ب) ئەركەكانی پێش ئاڵ وگۆڕی سیاسی و رووخانی رێژیم

 

1- ناساندنی كێشەكان و خواستەكانی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران بە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و دەستەبەر كردنی پشتیوانیی سیاسی بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی كورد، بۆ وێنە رێكخستنی چالاكیی دیپلۆماتیكی هاوبەش لە ئاستی جیهانی و سەردانی ناوەندە نێونەتەوەییەكان بەم مەبەستە.

 

2- بەشداری كردن یان نەكردنی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە هەماهەنگی‌و راوێژی پێشوو و پێداگری لە سەر ماف و داوكارییەكانی خەڵكی كوردستان بە ئامانجی بەهێزكردنی پێگەی كورد لە رێگەی هەڵوێستی هاوبەش لە كۆنفڕانس و سێمینارە جیاوازەكان و هەماهەنگی لەم بوارەدا. پێداگری كردنی هەر دوولایەن لە سەر دروشمی فێدرالیزم وەك رێگەچارەی پرسی نەتەوەكانی ئێران لە نێو گوتارە جیاوازەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و كەسایەتییە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی. بەهێز كردنی هەڵوێستی هاوبەش و گوتاری پێشكەوتنخوازانەی نەتەوەیی لە كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ و پاراستنی ئەم رێكخراوە و ناساندنی بە رای گشتی جیهان. هەوڵدان بۆ داڕشتنی سیاسەتێكی هاوبەش لە ئاست ئۆپوزیسیۆنی ئێرانی كە دەربڕی پرەنسیپە ئەساسییەكانی جووڵانەوەی میللی _ دێموكراتیكی خەڵكی كوردستان‌و ...بێ‌.

 

3- هەردووك لا پشتیوانی لە خەباتی رەوای گەلی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان دەكەن و هاوكات لە سەر ئەو بڕوایەن كە هەر چەشنە دەستتێوردانی پارچەیەك لە پارچەكانی دیكە سیاسەتێكی نەگونجاو و زیانبارە . هەر لەم ئاراستەیەدا بۆ پتەوكردنی پەیوەندی و دەستەبەركردنی جێگە وپێگەیەكی شیاوتر بۆ كوردی رۆژهەڵات و رەچاوكردنی سیاسەتێكی هاوبەش، بە پێی پێویست دانیشتنی هاوبەش لەگەڵ حكومەتی هەرێم وهێزە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبەن.

 

4- كۆمەڵە وحیزبی دێمۆكرات تەبایی ویەكڕیزی نەتەوەیی لە كوردستانی ئێران و پتەوكردنی هاوخەباتی لە نێوان هێزە سیاسییە كانی كوردستانی ئێران بە ئەركی سەرشانی خۆیان دەزانن‌و بۆ دیتنەوەی رێگاچارەی گونجاو بە مەبەستی لابردنی كوسپەكانی سەر رێگای یەكریزی هەوڵ دەدەن.

 

5- هەردوولا كۆكن لە سەر ئەوەی هاوكاری دوو قۆڵی نێوانیان پەرەپێبدەن وپتەوتری بكەن. لەم پێناوەدا هاوكاری لە نێوان ئۆرگانەكانی پەیوەندیداری هەردوولا لە بواری راگەیاندن ، بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی هاوبەش لە سەر روداوە سیاسییە گرینگەكان وكاری هاوبەش بۆ لە قاودانی سیاسەتە دژی گەلییەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی یان هەر حەرەكەتێكی مەدەنی و سیاسی، بە شێوەیەكی رێك‌وپێك هەنگاوی بەكردەوە هەڵدەگرن.

 

سكرتێری گشتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

 

عەبدوڵڵا موهتەدی

 

سكرتێری گشتی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران

 

مستەفا هیجری

گەلاوێژی 1391ی هەتاوی، ئووتی 2012ی زاینی

 

‌ • نوسه‌ر:کۆمەلە ، حیزبی دێموکرات
 • سه‌رچاوه: ئاسۆی رۆژهەلات‌
829جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:939
Share/Save/Bookmark

جمال، كانه دا.
Friday, 24 August 2012 08:52
هه ر پيروٌز بىٌ له ئيٌوه ش و له هه موو گه لى پرهوميٌدى كوردوستان. به دلٌخوٌشيو هاو ده نگى زياتره وه، ده ستتان خوٌش بىٌو سه ر كه وتو بن.
جمال، كانه دا.