0
بنه‌ماڵه‌ی ڕامین په‌ناهی: مه‌هێڵن كوڕه‌كه‌مان له‌سێداره‌ بدرێت
Monday, 29 January 2018 13:03
بنه‌ماڵه‌ی ڕامین په‌ناهی: مه‌هێڵن كوڕه‌كه‌مان له‌سێداره‌ بدرێت
 
ئەمجەد حوسێن پەناهی، چالاکی مافی مرۆڤ و برای زیندانیی سیاسیی کورد ڕامین حوسێن پەناهی  

کە لە لایەن دادگەی شۆڕشی کۆماری ئیسلای ئێرانەوە سزای له‌سێداره‌دانی بۆ بڕاوەتەوە، بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات قسه‌ی كرد.

 

ئه‌مجه‌د په‌ناهی ڕایگه‌یاند، هه‌ردوو براكه‌م ئەفشین حوسێن پەناهی چالاکی مەدەنی و ڕامین حوسێن پەناهی چالاكی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە لە نامەیەکدا بەفەرمی مانگرتن لە خواردنیان ڕاگه‌یاندووه‌.

ئەمجەد پەناهی ئاماژەی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، بڕیاری مانگرتن لە خواردنی براكانی ناڕه‌زایی دەربڕینە لە به‌رانبه‌ر بڕیاری له‌سێداره‌دانی ڕامین حسێن په‌ناهی.

ئەمجەد ڕایگه‌یاند، بڕیاری دادگەی شۆڕشی شاری سنە نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌م شێوه‌یه‌ تۆڵه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌مان بكه‌نه‌وه‌.

ناوبراو كه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا برایه‌كی دیكه‌شی به‌ ناوی «ئه‌شره‌ف حوسێن په‌ناهی» تێرۆر كراوه‌، ڕایگه‌یاند:

«هێشتا داخی تێرۆری ئەشرەف حوسێن پەناهیی برام ساڕێژ نەبووە كه‌ سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر ڕامین و سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر ئەفشینی برام ده‌سه‌پێنن.»

ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی راشیگه‌یاند: کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌یه‌وێت ڕامین بکاتە قوربانی و بە لەسێداره‌دانی گەلی رۆژهەڵات چاوترسێن بکات. ئه‌مجه‌د داوا لە تەواوی رێکخراو و لایەنه‌كانی داكۆكیكار له‌ مافی مرۆڤ ده‌كات، هه‌موو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ڕێگرتن له‌ له‌سێداره‌دانی ڕامین په‌ناهی.

ڕامین حوسێن پەناهی، لە مانگی ژوولیی ٢٠١٧ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە به‌ ده‌ستڕێژی گوله‌ بریندار كرا و دواتریش به‌ برینداری كه‌وته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی ئیتڵاعاته‌وه‌. دوای ٢٠٠ ڕۆژ مانه‌وه‌ له‌ زیندانی تاكه‌كه‌سیی ئیتڵاعات، له‌ ڕێكه‌وتی ٢٤ی ژانوویه‌ی ٢٠١٨ به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی گرتنی پارێزه‌ری پێ بدرێت، له‌ لایه‌ن دادگه‌ی شۆڕشی شاری سنه‌ دادگه‌یی كرا و به‌ تۆمه‌تی «هه‌وڵدان بۆ شێواندنی ئاسایشی گشتی، ئه‌ندامه‌تیی حیزبێكی كوردی» سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

له‌ ئێستاشدا هه‌ردوو براكه‌ (ئه‌فشین و ڕامین حوسێن په‌ناهی) كه‌ هه‌ردووكیان له‌ زیندانن، ده‌ستیان به‌ مانگرتن له‌ خواردن كردووه‌.

71جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1909
Share/Save/Bookmark