0
چاوپێکەوتنی هەیئەتی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمەڵه لەگەڵ پارتی چەپی سوێد
Thursday, 03 April 2014 08:57
چاوپێکەوتنی هەیئەتی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمەڵه لەگەڵ پارتی چەپی سوێد
 
رۆژی پێنجشەممه رێکەوتی ٦ی مارس وەڤدی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمەڵه له

بینای پاڕڵمانی سوێد چاویان کەوت به بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی پارتی چەپی سوێد. وەڤدی کۆمەڵه پێکهاتبوو له هاوڕێیان ناهید بەهمەنی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمەڵه و خەلیل عەبدوڵڵاهی بەپرسی پێوەندییەکانی کۆمەڵه له سوێد و تەوار مودریسی له کومیتەی ژنانی رۆژهەڵات له ستۆکهۆڵم. هەروەها له لایەن پارتی چەپی سوێدەوه بەڕیز هانس لینده پاڕڵمانتار و سەرۆکی گرووپی پاڕڵماتارانی پارتی چەپی سوێد له پاڕڵماندا و بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی پارتی چەپ.

 

لەم دیدارەدا وەڤدی کۆمەڵه پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی له لایەن رژیمی ئیسلامییەوە بۆ بەڕێز هانس لینده شیکردەوه. بەرزبوونەوەی رادەی ئێعدام، بارودۆخی نالەباری بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی، کوشتاری کۆڵبەرانی کورد له سەر سنوور، کوشتنی خوێندکارانی کورد له زانستگاکان، کوشتن و پێشێلکردنی مافی ژنان، هەژاری و نەداری و دۆخی نالەباری کرێکاران ئەو خاڵانه بوون که له لایەن وەڤدی کۆمەڵەوه باسی لێ کرا. هاوڕێیانی کۆمەڵە لەم دیدارەدا جەختیان له سەر ئەمه کردەوه که نابێ وڵاتانی رۆژئاوا بارودوخی مافی مرۆڤ له ئێران و کوردستان له بیر بکەن و نەیکەنه قوربانی پێکهاتن و سازانی خۆیان له سەر پڕۆژەی چەکی ناوکی رژیمی ئیسلامی.

بەڕێز هانس لینده به وردی گوێی بۆ وتەی هاوڕێیانی کۆمەڵه گرت و بەڵێنی پێدان که هاوکارییان بکا بۆ گەیاندنی دەنگی حەقخوازانەی گەلی کورد و پشتیوانی له خەباتی رەوای خەڵکی کورد بکات. له کۆتاییدا هەر دوو لا خۆشحاڵی خۆیان بەم دیداره دەربڕی و جەختیان کردەوه له سەر پتەوتر بوونی پێوەندییەکان.

 

‌ • نوسه‌ر:نوێنەرایەتی پێوەندییه نێونەتەوەییەکانی کۆمەڵه – سوێد
3462جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1899
Share/Save/Bookmark