0
راگەیاندنی هاوبەش سەبارەت بە پرسی یەكگرتنەوە
Thursday, 06 February 2014 15:19
راگەیاندنی هاوبەش سەبارەت بە پرسی یەكگرتنەوە
 
راگەیاندنی هاوبەش سەبارەت بە پرسی یەكگرتنەوە  

 

كۆمەڵانی خەڵكی تێكۆشەری كوردستان!

كرێكاران و زەحمەتكێشان!

ئەندامان ولایەنگران ودۆستانی كۆمەڵە!

ئێمە، هەر دوو لایەنی كۆمەڵە بە هەڵسەنگاندن و لە بەرچاو گرتنی بارودۆخی سیاسیی ئێران و كوردستان، هەروەها پرسی كورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازی لە كوردستانی رۆژهەڵات لەم سەردەمەدا، بە زیانبار زانینی جیابوونەوەو دابڕانەكان و پێویستی كاركردنی هاوبەش بۆ خولقاندنی كەشێكی لەبار بۆ یەكگرتنەوە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەو ئاكامە گەیشتین بۆ تاوتوێ كردنی پرسی یەكگرتنەوەو بوژاندنەوەی رۆحی هاوكاری و سەرئەنجام یەكگرتنەوەی تەواو دوو هەیئەت لە هەر دوولا دیاریبكرین تا كاری هاوبەش بۆ یەكگرتنەوە بكەن.

پاش دیاریكردن و دەست بەكار بوونی هەیئەتەكان و بەستنی چەندین كۆبوونەوە لە نێوان هەر دوو هەیئەت و دواتریش كۆبۆنەوەی هاوبەشی هەر دوو كومیتەی ناوەندی، لەو ماوەیەدا كۆمەڵێك كار باش و كۆبوونەوەی جیدی لێك نزیكبوونەوە و كار كردن بۆ جێخستنەوەی ئیعتمادەكان و هێنانە ئارای كەشێكی لە بار بەڕێوەچووە. بێگومان كاری باش و هەنگاوی بەرپرسانەمان ناوە، ئێمە بە كاری تا ئێستامان دڵخۆشین و بە ئەركی خۆمانی دەزانین بە هەستی بەرپرسایەتی و هاوڕێیانە، بە لە بەرچاو گرتنی بەرژەوەندی گشتی كۆمەڵە و بزوتنەوەی رزگاریخوازانە و چەپ و عەداڵەتخوازی كوردستان كار بۆ سەرخستنی ئەم پرسە گرینگە بكەین و لەم راستایەدا دانیشتنەكان بەردەوام دەبن.

جێی ئاماژەیە كۆمەڵە هێزێكی گرینگ و خاوەن جەماوەر و شۆین دانەرە لە بزوتنەوەی كوردستاندا، بۆیە سەركەوتنی پرۆسەی یەكگرتنەوە، ئەركێكی گرینگە كە دەتوانێ وزە و توانی كۆمەڵە و تێكۆشەرانی ئەم رێبازە زۆر بەرینتر بخاتەوە گەڕ بۆ بەڕێوەبردنی ئەركە قورسەكانی ئەم دەورەیە. هەروەها هاندەرێك دەبێ بۆ بە هێزتركردن و گوڕوتین بەخشینێكی زۆرتر بە خەباتی رەوای خەڵكی كوردستان و چەوساوەكانی ئەم وڵاتە و بوژاندنەوەی ئاوات و هومێدی دۆستان و دڵسۆزانی كۆمەڵە. هیوادارین بتوانین بە بڕینی قۆناغەكانی دیكەی پرسی یەكگرتنەوە لە داهاتوودا رای گشتی لێ ئاگادار بكەینەوە.

لە لایەن هەیئەتەكانی

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران  كۆمەڵەی زەحمەتكیشانی كوردستان

17/ رێبەندانی/1392 هەتاوی

6/فوریە/ 2014

‌ • نوسه‌ر:كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كۆمەڵەی زەحمەتكیشانی كوردستان
1025جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1836
Share/Save/Bookmark