0
پەیام بۆ رای گشتیی کوردستان و جیهان
حکوومەتی ئێران بە ئاو و ئاگر شەڕی دژ بە کوردستانی راگەیاندووە
Thursday, 14 July 2011 21:54
حکوومەتی ئێران بە ئاو و ئاگر شەڕی دژ بە کوردستانی راگەیاندووە
 
حکوومەتی ئێران بە ئاو و ئاگر شەڕی دژ بە کوردستانی راگەیاندووە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستانی عیراق بە خەڵک و دەسەڵاتەوە چاوی بڕیوەتە دۆستایەتی و برایەتیی راستەقینە لەگەڵ وڵاتانی درواسێ،

ئەویش لە روانگەی ئەوەی گەلان بە هاوکاری و تەبایی و ئاشتی پێش دەکەون، پێچەوانەی ئەوەش شەڕ و گێچەڵ و نائارامی، کاولکاری و زیان و دوژمنایەتی بە دوای خۆیاندا دەهێنن. مخابن کە دەبینین حکوومەتی ئێران شمشێری تیژی خۆی لە کالان دەرهێناوە و راست و چەپ هەڕەشە لە گەلانی دوور و نزیکی خۆی دەکات.

حکوومەتی ئێران هێندە دەستی لە کاروباری ناوخۆی عیراق وەرداوە، هەر بە جارێک حکوومەتی مالیکیی لە بەر چاوی خەڵکی عیراق سووک و ریسوا کردووە. بەشی هەرە زۆری عیراقییەکان پێیان وایە حکوومەتەکەیان بووەتە داردەستی حکوومەتی ئێران. ئەمەش وەک چۆن زیانی بۆ شان و شکۆی عیراق هەیە وەک دەوڵەت، بە هەمان شێوە زیان بە ناوبانگ و ئاییندەی ئێرانیش دەگەیەنێت، چونکە دنیا دەورانی فەلەکە و رۆژێک دادێت عیراق دەتوانێت دەست بخاتە نێو کاروباری ئێرانەوە. جگە لەوە ئەم خۆ هەڵقورتاندنەی حکوومەتی ئەحمەدی نەژاد لە کاروباری ناوخۆی عیراق، بێ متمانەیی و ناحەزی دەخاتە نێو دڵی عیراقییەکانەوە بەرامبەر بە ئێران و ئێرانییەکان.

حکوومەتی ئێران کوردستانی عیراقیشی لە هەڕەشەی خۆی بێ بەش نەکردووە. بە درێژایی ساڵانی رابردوو، هەروەها ئەم ساڵیش ماوەی چەندین رۆژێکە تۆپخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوێستانەکانی قەندیل و سیدەکان و چۆمان تۆپباران دەکات. لەوەش زیاتر هێزی تانک و زریپۆش و هێزی پیادەی خۆی لە چەندین ناوچەی سنوورەوە پاڵ پێوە ناوە بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستانی عیراقەوە. لە چەند رۆژی رابردووشدا دوایین دیاریی حکوومەتی ئێران بۆ خەڵکی کوردستانی عیراق بڕینی ئاوی رووباری ئەڵوەن بوو، ئەو رووبارەی بە نێو شاری خانەقیندا تێپەڕ دەبێت. ئێران لەم کارانەیدا، گوێ نە بە بیر و باوەڕی ئیسلام دەدات، نە بە بەهای مرۆیی و نەش بە مافی دراوسێیەتی، هەر کاتێک بیەوێت ئاوی ئەڵوەن دەگرێـتەوە. ئێمە نازانین گرتنەوەی ئاو لە سەدان هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان جیاوازیی چییە لە گرتنەوەی ئاو لە ئیمامی حوسێن (س) لە کاتی خۆیدا؟

ئێمە وەک ئەنجوومەنی رووناکبیرانی کوردستان باوەڕمان بە برایەتیی گەلان هەیە، پێشمان وایە هیچ قازانج و دەسکەوتێک لە بەرپا کردنی شەڕ و دژایەتی لە نێوان گەل و وڵاتانی ناوچەکەمان، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە. تۆپباران کردنی هەرێمی کوردستانی عیراق و گرتنەوەی ئاوی رووباری ئەڵوەن زیان بە خەڵکی ئەم هەرێمە دەگەیەنێت، لە هەمان کاتدا تۆوی رق و کینەیان لە نێو دڵدا دەڕوێنێت دژ بەو حکوومەت و دەسەڵاتەی شەڕی ئاو و ئاگریان لەگەڵدا دەکات.

بە دڵنیاییەکی زۆرەوە دەڵێین حکوومەتی شەڕەنگێزی ئێستای ئێران بەو هەموو سیاسەتی دوژمنکارانەیەی بەرپای دەکات، ئاییندەیەکی تاریک تاریک چاوەڕوانیەتی. گەلانی ئێران بە دۆست و برای خۆمان دەزانین، بەڵام ناتوانین تا سەر چاوپۆشی لە رەفتاری دوژمنکارانەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بکەین.

ئەنجوومەنی رووناکبیرانی کوردستان

کۆماری عیراق- هەرێمی کوردستان

13/7/2011

 

 

‌ • نوسه‌ر:ئەنجوومەنی رووناکبیرانی کوردستان
713جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:170
Share/Save/Bookmark