0
بۆ رای گشتی «هەی دز هەی دز»ەکەی دزە گەورەکەی ناوچەکە!
«هەی دز هەی دز»ەکەی دزە گەورەکەی ناوچەکە
Thursday, 07 July 2011 11:04
«هەی دز هەی دز»ەکەی دزە گەورەکەی ناوچەکە
 
لە کاتێکدا خولێکی نوێ لە تۆپ‌بارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێکردۆتەوە و لە هەندێک شوێنیش

هێزەکانی سوپای پاسداران بە تۆپ و کەرەستەی سەربازییەوە سنووریان بەزاندووە و هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان،

لە کاتێکدا هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە دەستدرێژیکارانەیە و زیاتربوونی هاتوچۆی کاربەدەستانی هەر دوو حکومەتی عێراق و ئێران، گوشار و سەرکوت دژ بە پەنابەرانی ئێرانی لە خاکی عێراق زیادی کردووە،

ئەوەی جێی سەیر و سەمەرەیە لێدوانەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە:

باڵیۆزی ئێران لە عێراق، حەسەن دانایی‌فەر سەبارەت بە تۆپبارانکردنەکان گوتویەتی کە «تۆپبارانکردن و هەموو ئەو کارانەی کردوومانن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق کراوە. چون باش نیە کە عێراق ببێتە شوێنێکی ئارام بۆ تیرۆریستان» (سومریە نیوز 27ی حوزێرانی 2011).

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی «میهمانپەرست»یش سەبارەت بە داخستنی کامپی پەنابەرانی ئێرانی گوتویەتی: «ئەم بڕیارە پەیوەندیدارە بە سەربەخۆیی سیاسی عێراقەوە و بەرپرسانی عێراقی لە سەر خواستی گەلی عێراق ئەم بڕیارەیان داوە (پوکمیدیا 28ی حوزێرانی 2011)

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، کۆماری ئیسلامی ئێران کە خۆی «گەورە تیرۆریست» و ژێدەرو سەرچاوەی تیرۆرە لە جیهاندا هەستا بە بەستنی کۆنگرەی «بنبڕکردنی تیرۆر» بۆ ئەوەی دەست و پەنجە خوێناوییەکانی بەم و بەو بسرێت! و بۆ ئەم کارەش وەک «دانایی‌فەر» لە بەغدا دەڵێت بڕیارە جێگری سەرکۆماری ئێران، محەمەدڕەزا رەحیمی لە رۆژی چوارشەممە 6ی تەموزی 2011 بە سەرپەرشتیی شاندێکی گەورەی ئابووری(!) سەردانی بەغدا بکات وەک «وەرچەرخان»ێک لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکان! (پوکمیدیا 27ی حوزێرانی 2011).

ئێمەی کۆمەڵەی نووسەرانی کورد رادەگەیەنین:

یەکەم. دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و زۆر بە توندی تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و سنووربەزاندنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ناو خاکی هەرێم شەرمەزار دەکەین.

دووهەم. لێدوانەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە ناڕاست و درۆی زەق دەزانین و داوا لە هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و کاربەدەستان دەکەین لە بەرانبەر دەست‌تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی بە توندی بێنە وڵامدانەوە.

سێهەم. داخستنی کامپی پەنابەرانی ئێرانی هیچ پەیوەندییەکی بە خواست و ویستی گەلی عێراق و کوردەوە نییە و بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و راسپاردەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەزانین.

چوارەم، کورتکردنەوەی دەست و پەنجەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەمان و بانگکردنەوەی باڵیۆزانی هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئێران بە باشترین وڵام و هەڵوەستەکردن دەزانین لە بەرانبەر دەستدرێژیکردن و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا و داواکارین چی دی لە بەرانبەر داسەپێنەرانی ئێران نەرمی لە خۆیان نەنوێنن.

پێنجەم. داوا لە هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین دۆسییەی دەست‌تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناو خاکی عێراق بنێرن بۆ ناوەند و دادگا نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی راکێشکردنی تاوانباران.

 

کۆمەڵەی نووسەرانی کورد

4ی پوشپەڕی 2711ی کوردی

25ی حوزێرانی 2011ی زایینی

 

‌ • نوسه‌ر:کۆمەڵەی نووسەرانی کورد
648جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:151
Share/Save/Bookmark