0
بەرەیەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان.. بەڵام بەبێ PJAK
Friday, 05 October 2012 23:20
بەرەیەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان.. بەڵام بەبێ PJAK
 
دوای چەند ساڵێك لە ساردوسڕی، پەیوەندی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چووەتە قۆناخێكی نوێ و گەرموگوڕییەكی بەخۆوە بینیوە،

پەیوەندییەكان لەپێناو پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆندایە دژ بە سیستمی فەرمانڕەوایی لە ئێران، چاودێرێكی سیاسی دەڵێ ئەركی سەرەكی بەرەكە پەراوێزخستنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAKە، كە هەندێك لە حیزبەكانی رۆژهەڵات بە بیانووی "پاشكۆیەتی PKK" دووریانخستووەتەوە.

 

عەبدوڵڵا موهتەدی، سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان - ئێران، لە چاوپێكەوتنێكی پێشوویدا لەگەڵ (رووداو) باسی لە پێكهێنانی پلاتفۆرمێك كردبوو كە هێزە كوردییەكان لەسەری رێكبكەون، ئەوەش وایكرد حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان - ئێران، رێككەوتننامەیەكی كاری هاوبەش واژۆ بكەن.

 

نێوەڕاستی هەفتەی رابردووش حیزبی دیموكراتی كوردستان و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، دوای شەش ساڵ لە دووبەرەكی، بە كۆمەڵێك ئامانجی هاوبەشەوە كۆبوونەوە.

 

لە لێدوانێكی پێشوویدا خالید عەزیزی، سكرتێری گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستان گوتبووی "ئێمە بەبێ هیچ مەرجێك ئامادەین بۆ پێكەوە دانیشتن و دیالۆگ، ئێستا بە بەراورد بە دوو سێ ساڵی رابردوو دۆخەكە باشترەو رق و كینە و یەكتر ئازاردان كەمتر بووە".

 

ئەنوەر محەممەدی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە(رووداو)ی گوت "ناوچەكە روو لە ئاڵوگۆڕەو ئەو ئاڵوگۆڕانەش راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان بۆ سەر ئێران و ئێمەش هەیە، بۆیە ناكرێت بیر لەداهاتووی بزووتنەوەی كورد لە ئێران لەلایەك و بیر لە دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتە نەكەینەوە".

 

"ئەو لێكنزیكبوونەوەیەی كە هەیە، دەبوو بۆ سەرجەم حیزبە كوردییەكان بێت". حەمە نەزیف قادری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هەروەها گوتیشی "ئێمە لەگەڵ كۆمەڵە لەسەر ئەوە رێككەوتین كە نێوەڕۆكی بەیاننامەكەمان بانگەوازبێت بۆ هێزە سیاسییەكانی كوردی ئێران بۆ ئەوەی بێنە نێو ئەو رێككەوتننامەیە".

 

كەچی چاودێرانی سیاسی وایدەبینن ئەم بەرەیە هەرچەندە بۆ سەرجەم حیزبە كوردییەكانە، بەڵام PJAKی لێهەڵاوێرد كراوە، بەڵام حەمەنەزیف سووربوو لەسەرئەوەی هیچ لایەنێكی دیاریكراو دوورنەخراوەتەوە "نێوەڕۆكی ئەو رێككەوتنەی ئێمە هەموو ئەو هێزە سیاسیانە دەگرێتەوە كە سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی بڕیاردانیان هەیە". ئەمەش وەك ئاماژەیەكە بەوەی كە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان( پژاك) ئەو سەربەخۆییەی نییە. قادری گوتی "ئێمە لەگەڵ PKK پەیوەندیمان هەیە و دانیشتنمان بووە، PJAK لەچوارچێوەی PKKدا دەبینین، بۆیە پەیوەندیمان لەگەڵ PKK رێكدەخەین".

 

ئەنوەر محەممەدی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەش دەڵێ "بەپێی زانیاریەكانی من، لە روانگەی تەواوی حیزبەكانی كوردستانی ئێرانەوە PJAK هێزێكی كوردستانی ئێران نییە، بەڵكو هەموویان بە باڵێكی PKKی دەزانن، ئەگەر پەیوەندی و هاتوچۆیەكیش هەبێ هەموو لایەنەكان پێیان باش دەبێ راستەوخۆ لەگەڵ PKK دابنیشن، نەك باڵێكی ئەو حیزبە".

 

بەرپرسانی پژاك بەردەوام رەتیدەكەنەوە كە ئەوان بەشێكبن لە PKK، بەڵام دان بەوە دادەنێن كە هەموویان لەسەر ئایدیۆلۆژی ئاپۆن، واتە پەیڕەوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەكەن.

 

چاودێرێكی سیاسی نزیك لە پژاك، كە حەزی نەكرد ناوی بهێنرێت بە (رووداو)ی گوت "راستە هەولێك هەیە بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام ئامانجی ئەو بەرەیە پەراوێزخستنی PJAK و دوورخستنەوەیەتی لە گۆڕەپانی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان".

 

هەڤاڵ ئاراس، ئەندامی كوردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK سەبارەت بە هەوڵی پەراوێزخستنیان دەڵێ "بەپێویستی نازانین سەبارەت بەو مژارە لێدوان یان روونكردنەوە بدەین، جارێ تەنیا دوو حیزبن و با ببێت بە بەرە ئەوكات ئێمەش روونكردنەوەمان لەسەری دەبێت".

 

چاودێرە سیاسییەكە دروستكردنی بەرەیەك بەبێ PJAK بە كارێكی ئەستەم دەزانێت و دەڵێ دووبارەكردنەوەی هەمان ئەزموونی سووریا دەبێت، كە ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا بەبێ PYD نەیتوانی بەرەیەكی كوردی دروستبكات.

 

بەڵام محەممەدی ئەوەی بەدوور زانی و گوتی "سروشتی حیزبەكانی ئێران و سووریا جیاوازە"، ئەو جیاوازیەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە پێشتر PKK بۆ چەند ساڵێك لە سووریا بووە و خەڵكێكی زۆری لەوێ شەهیدبوون، بەپێچەوانەی ئەوانەوە حیزبەكانی كوردستانی ئێران خاوەن شەهید و مێژوو و پێگەی جەماوەرین، بۆیە دەتوانن بەبێ پژاك بەرەیەكی بەهێز دروستبكەن".

 

ئەندامەكەی كوردیناسیۆنی PJAK ، پێیوابوو دەتوانرێ بەرەیەك لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەبێ PJAK دروستبكرێ. هەڤاڵ ئاراس باسی جیاوازی فیكری و ئایدۆلۆژی حیزبەكەی كرد و گوتی "رەنگە بەرەیەك پێكبهێنرێ كە ئێمە نەتوانین تێیدا جێگە بگرین، بۆیە پێویستمان بە لێكتێگەیشتنێكی هەمەلایەنەیە، تاوەكو جێگەی هەموو لایەكی تێداببێتەوە"، سەبارەت بە مەترسییەكانی پەراوێزخستنیشیان، ناوبراو گوتی "ئەگەر بەرەیەكی دیكە بەبێ ئێمە دروستبكرێ، دەبێتە دوو بەرە و دیسانەوە پارچەبوون لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا دێتەدی".

‌ • نوسه‌ر:عەدنان حوسێن
 • سه‌رچاوه: رووداو - سلێمانی‌
1254جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1045
Share/Save/Bookmark