ژنانی کورد له درێژایی مێژوودا که‌م و زۆر له کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و خه‌باتی گه‌لی کوردا رۆڵی خۆی هه‌بوه، ئاخۆ ئه‌مرۆ له ناو پارت و رێکخراوه کوردیه‌کاندا چ رۆڵێکیان هه‌یه؟
ئا: سوله‌یمان ئه‌بووبه‌كری
پ: ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیه له‌ڕێكه‌وتی 12ی ژۆئه‌ن ئایا ده‌توانێت به مانای سه‌ركه‌وتنێك بۆ كورده‌كان بێت؟ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه له‌چ ئاستێك دایه؟
وڵام: گومانی تێدانییه كه نه‌توانێت سه‌ركه‌وتنێك بۆ كورده‌كان بێت‌و سه‌ركه‌وتنێكی بچوك‌و كه‌م بایه‌خیش نییه، به‌ڵكوو سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه. یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنه له‌وه‌دا كه كورد هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی‌و نیشتمانپه‌روه‌ریی‌و كوردایه‌تی خۆی ده‌رخست. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و كه‌ند‌و كۆسپه‌ی كه هاتبووه سه‌ر رێی‌و ئێستاش له‌سه‌ر رێگاكه‌ی هه‌یه، به‌ڵام توانیان ده‌نگ بده‌ن به‌و نوێنه‌رانه كه له‌بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كوردا به‌شدارن، ده‌نا نوێنه‌ری كوردی دیكه‌ش هه‌بوو له‌حیزبه‌كانی دیكه‌ی توركیه كه خه‌باتێكیان نه‌كردبوو بۆ ئازادی‌و رزگاریی كوردستان، به‌ڵام ئه‌م جاره ده‌نگی زۆربه درا به‌م نوێنه‌رانه كه له‌خه‌باتی رزگاریخوازیدا به‌شداربوون. دووهه‌م، كورده‌كان توانیان پێكه‌وه‌بوون یان هاوپه‌یمانیی‌و ئێتلافێكی گه‌وره دروست كه‌ن له‌نێوان خۆیاندا، ئه‌وه‌ش وه‌كوو ئێمه ده‌زانین به‌خۆمان كه كوردین له‌ناو كوردا كارێكی ئاسان نییه، به‌ڵام ئه‌وان توانیان له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی سیاسیی كوردی كه ئه‌وانیش هه‌ر خاوه‌ن رابردووی پاك‌و تێكۆشه‌رانه‌بوون، رێك بكه‌ون‌و ئێتلافێكی گه‌وره سازبكه‌ن‌و ئه‌وه‌بوو به هۆی ئه‌وه كه 36 نوێنه‌ر له‌په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێنن. سێهه‌م، ئه‌وه‌یكه ئه‌و كوردانه نه‌چوونه ژێر كاریگه‌ریی تووندوتیژییه‌كان‌و ئه‌و خشونه‌ته‌ی كه ناسیۆنالیسته توركه‌كان ده‌یان نواند‌و بڕێك له‌ده‌زگای میتی توركیه‌و عه‌سكه‌ر پاڵپشتیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌یكه كورده‌كان تووشی قڕه‌و كێشه‌و شه‌ڕ بكه‌ن‌و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان لێ تێك بده‌ن، به‌ئارامی له‌سه‌ر دوو شت ساغ بوونه‌وه، یه‌كه‌م ئه‌وه ئێمه شه‌ڕ ناكه‌ین و له‌ڕێگای په‌رله‌مان‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه خه‌باتی خۆمان ده‌به‌ینه پێش‌و دووهه‌میش ده‌ستیش هه‌ڵناگرین له‌و خه‌باته. هه‌موو ئه‌وانه سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ن، سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ش ئه‌وه‌یه كه له‌كاتێكدا كه مه‌سه‌له‌ی توركیه‌و چوونی بۆ یه‌كیه‌تی ئوروپا له‌گۆڕێدایه، تازه ئیتر نكۆڵی ناكرێت له‌بوونی كورد، تازه كورد، توركی كێوی نییه، میلله‌تێكه خوێنده‌وار‌و مۆته‌مه‌دێن، زانا له‌سه‌ر مه‌سڵه‌حه‌تی خۆی‌و ده‌شزانێت به‌ڕێگای سیاسییه‌وه كاره‌كانی به‌ره‌وپێش ببات‌و رای گشتی جیهان‌و رای گشتی ئورووپاش ده‌زانێت چۆن بۆ لای خۆی رابكێشێت. واته هه‌ر له‌هه‌ڵبژاردندا نیه، له‌پروپاگه‌نده‌و قسه‌كردن‌و له‌خۆ ناساندن به دنیاشدا سه‌ركه‌وتن بوو بۆ كورد، له‌به‌ر ئه‌وه هیچ گومانێك له‌وه‌دا نیه كه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه نه‌ك له‌یه‌ك لایه‌ن، له‌چه‌ندین لایه‌نه‌وه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌بوو بۆ كورد.

پ: به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌یكه له توركییه 10 له‌سه‌دی ده‌نگه‌كانیان بۆ هاتنی پارته سیاسییه‌كان بۆ ناو پارله‌مان ته‌رخان كردووه، نوێنه‌رانی پارتی به‌ده‌په یان ئاشتی و دێمۆكراسی، ده‌بێت چ پلانێك بۆ داهاتوو دابنێت؟
وڵام: راستییه‌كه‌ی كۆسپی 10 له‌سه‌د، یاسایه‌كی زۆر نادێمۆكراتیكه. وای دانێ هه‌موو میلله‌تی كورد ده‌نگ بدات به حیزبه‌كه‌ی خۆی، وای دانێ ژماره‌ی كورده‌كان له‌توركیه له‌سه‌دا 9ی گشت میلله‌ت بێت، یانی قابیله 9 له‌سه‌دی گشت میلله‌تی توركیه ده‌نگ بدات به حیزبێك‌و ئه‌وجار رێگای نه‌بێت بڕواته په‌رله‌مان، چونكه نه‌گه‌یشتۆته سنووری 10 له‌سه‌ده‌كه! رێژه‌ی حه‌شیمه‌تی توركیه 70 میلیۆنه، به‌و حیسابه‌ی ئه‌وان 4میلیۆن‌و 5 یان 6میلیۆنیش ده‌نگت هه‌بێت، ناتوانی بڕۆیه ناو په‌رله‌مان، چۆن ئه‌وه دێمۆكراتیكه!؟ له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م یاسایه ده‌بێت لاچێت‌و نه‌مێنێت‌و یه‌كێك له‌خه‌باتی سیاسیی كورده‌كانی ئه‌م سه‌فه‌ره له‌په‌رله‌مان‌و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێت ئه‌وه بێت كه یاسای به‌ربه‌ستی 10 له‌سه‌د ولا بنێن‌و هه‌ڵبژاردن ئازاد بێت به هه‌رچه‌ند له‌سه‌دیش. خۆ دیاره له‌وڵاتانی ئورووپایش سه‌قفێك هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م ده‌رسه‌ده كه‌مه‌و نابێت له‌یه‌ك له‌سه‌د‌و دوو له‌سه‌د زیاتر تێپه‌رێت، چونكه ده‌نا یه‌ك له‌سه‌دیش دابنێنین، له‌حه‌فتا میلیۆن حه‌شیمه‌تی توركیه بزانه چه‌نده‌ی شایسته‌ی ئه‌وه‌یه نوێنه‌ر بنێرێته په‌رله‌مان‌و به دانانی ئه‌و به‌ربه‌سته چه‌ندسه‌دهه‌زار هاووڵاتی توركیه بێ به‌ش كراوه. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت ئه‌م كۆسپه لاچێت‌و به لای منه‌وه ئه‌مه یه‌كێك له‌ئه‌و خاڵه سه‌ره‌كیانه‌یه كه ده‌بێت بكرێت به بابه‌تێك له‌خه‌باتی سیاسی‌و بچێته ناو ده‌ستووری داهاتوو بۆئه‌وه‌ش كورده‌كان ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی تری په‌رله‌مان بگه‌نه رێككه‌وتنێك‌و رێككه‌وتنێك بكه‌ن كه ئه‌م كۆسپه له‌سه‌ر رێگا لابچێت. ره‌نگه حیزبی عه‌داله‌ت‌و گه‌شه‌پێدان پێی ناخۆش نه‌بێت ئه‌م كۆسپه هه‌ر بمێنێت، به‌ڵام زۆر باشه كورده‌كان له‌گه‌ڵ باقی فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان هاوكاریی له‌گه‌ڵ بكه‌ن‌و رای گشتیی‌و سه‌رجاده‌و شه‌قامی هه‌موو توركیه‌ش بۆ لای دواخاوزییه ره‌واكانیانی خۆیان رابكێشن.
پ: ئه‌گه‌رچی زۆر جار لایه‌نه تووندڕه‌وه‌كانی نێو ده‌سه‌ڵاتی توركیه، هه‌وڵ ده‌دات بشێوی بنێنێته‌وه، به‌ڕای ئێوه "پ ك ك" پێویسته چ هه‌ڵوێستێك بنوێنێت به‌رامبه‌ر به ئاسایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی ئێستای توركیه و و به‌ڕای ئێوه بۆ دژكرده‌وه له‌مباره‌یه‌وه، گونجاوترین سیاسه‌ت له‌لایه‌ن كورده‌كان ده‌بێت چی بێت؟
وڵام: ئه‌و پرسیاره ناقسه ئه‌گه‌ر شتێكی نه‌خه‌یه سه‌ر، تووندڕه‌وه‌كانی ناو توركیه ده‌یانهه‌وێت تووندوتیژی دروست بكه‌ن‌و ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ی كه به‌ده‌ستمان هێناوه بی ئه‌ستێننه‌وه، ئه‌م قسه ڕاسته‌و پڕ به‌پێستی خۆیه‌تی، به‌ڵام هه‌ر نیوه‌ی راستییه، نیوه‌ی دووهه‌می حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه تووندوتیژییه‌كانی ناو ئێمه‌ش ده‌یانهه‌وێت بارودۆخه تێك بده‌ن. پ.ك.ك به‌خۆی‌و به گریلاكانییه‌وه. ئه‌وه به‌مانای ئه‌وه نییه كه حیزبی پ.ك.ك وه‌ك حیزبی سیاسیی نییه. چونكه ئه‌و ده‌ستكه‌وته گه‌ورانه‌ی به‌ده‌ست هاتووه ئه‌م هه‌مووه نوێنه‌ره‌ی چۆته په‌رله‌مان، پاڵپشتی بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی پ. كا.كا بووه، به‌ڵام هه‌ر له‌ناو پ.ك.ك فه‌رمانده عه‌سكه‌ریی‌و نیزامییه‌كان‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی تائێستا به‌ئیشتیای خۆیان لێیان خوڕیوه‌و كه‌س نه‌بووه پرسیاریان لێبكات‌و چاودێریی جه‌ماوه‌رییان له‌سه‌ر نه‌بووه، چاودێریی شه‌قام‌و جاده‌یان له‌سه‌ر نه‌بووه، ره‌نگه ئه‌وانه‌ش پێیان خۆش بێت تێكی بده‌نه‌وه. دووهه‌م، توركیه به زیندانیی كردنی "عه‌بدوڵڵا عوجه‌لان" كارتێكی گرینگی به‌ده‌سته‌وه‌یه (لێره‌دا مه‌به‌ستم عه‌سكه‌ری توركه نه‌ك حیزبی داد‌و گه‌شه‌پێدان) له‌به‌ر ئه‌وه عه‌سكه‌ری توركیش به ئه‌نواعی فێل‌و كه‌ڵه‌ك ره‌نگ بێت ئه‌و كاناڵه به‌كاربێنێت‌و ئه‌مری تووندوتیژی بدات، بۆ وێنه ئێمه سه‌ركه‌وتووین له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، پێش هه‌ڵبژاردن دروشمێك هه‌بوو كه هه‌ڕه‌شه‌ی پێوه‌بوو. كه ئه‌گه‌ر دوای هه‌ڵبژاردن ده‌ستبه‌جێ گفت‌وگۆ له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌ست پێ نه‌كات، خێرا مافه‌كه‌مان نه‌ده‌نێ، ئێمه شه‌ڕ ده‌ست پێده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌و هه‌ڕه‌شه هه‌ڵه‌یه‌و ناسیاسییانه. چۆن ئێمه ئه‌و هه‌مووه ده‌ستكه‌وته سیاسی‌و دیپلۆماسی‌و نه‌ته‌وه‌ییه له‌ده‌ست خۆمان ده‌ده‌ین له‌به‌ر ئه‌وه حكومه‌ت ئێستا ئاماده نییه دیالۆگمان له‌گه‌ڵ بكات، ئه‌لانیش ئاماده‌نه‌بێت شه‌ش مانگی دیكه ئاماده هه‌ر ده‌بێت چی ده‌كات؟ میلله‌تێك هه‌یه‌و هاتۆته سه‌ر ساحه‌و تازه نكۆڵی لێناكرێت. هیوادارم ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی كه كردیان، هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی پێش هه‌ڵبژاردن بێت، كه عاده‌ته‌ن پێش هه‌ڵبژاردن هه‌موو لایه‌نه‌كان قسه‌ی خۆیان به تووندوتیژی ده‌كه‌ن، نه‌چنه‌وه سه‌ری. ئه‌وه لایه‌ك، لایه‌كی دووهه‌میش هه‌ر له‌خۆمان له‌كورده‌كان، ده‌وڵه‌تی ئێرانیش له‌كاناڵه‌كانی خۆیه‌وه هه‌وڵێكی زۆر ده‌دات، به‌عزه فه‌رمانده‌و به‌رپرس‌و عه‌سكه‌رێكی كورد هان بدات بۆ تووندوتیژی، چونكه نایهه‌وێت ئه‌م مافه‌ی گه‌لی كورد له‌كوردستانی توركیه هه‌تاسه‌ر به‌رده‌وام بێت. ئه‌خر ئه‌گه‌ر هه‌تاسه‌ر به‌رده‌وام بێت‌و كوردی توركیه هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد‌و دێمۆكراتیك بكه‌ن وه‌ك كردیان‌و سبه‌ی له‌په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتێكی زۆریان بێت‌و مافی كورد وه‌رگرن، ئێران ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه كه تۆ بۆ وا ناكه‌ی؟ بۆ تۆ ئه‌و مافه ناده‌ی به كورده‌كانی خۆت؟ له‌به‌ر ئه‌وه ئێران زۆری پێ خۆشه كه ئاژاوه دروست بكات له‌توركیه.
له‌درێژایی ئه‌م ماوه‌یه‌دا كه ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و سنوورانه‌دابوون‌و په‌یوه‌ندییان هه‌بووه‌و هاتوچۆیان هه‌بووه، به‌دووری نازانم خه‌ڵكیان له‌ناودا چاندبن‌و به‌دووری نازانم خه‌ڵكیان له‌ناودا كڕیبن. ئه‌و خه‌ڵكانه‌یان بۆلای خۆیان راكێشابێت كه ئه‌وانیش ئارامی‌و ئازادی‌و دێمۆكراسی‌و هێمنایه‌تییان پێ خۆش نییه. بیانهه‌وێت له‌و توخمانه كه‌ڵك وه‌رگرن و به‌ده‌ستی ئه‌وان له‌گۆشه‌یه‌ك ته‌قه‌یه‌ك سازبكه‌ن، كێشه‌یه‌ك بنێنه‌وه، ئاخر ئه‌گه‌ر له‌گۆشه‌یه‌ك ته‌قه‌سازبوو، خۆ گۆشه‌كه‌ی دیكه تازه ناپرسێت‌و له‌وێش ساز ده‌بێت. هه‌م عه‌سكه‌ری تورك له‌بیانوو ده‌گه‌ڕێت هه‌م ئێمه‌ی كورد مارانگازین‌و ده‌ترسین له‌هه‌موو جووڵه‌كانی عه‌سكه‌ر‌و ئێمه‌ش ئاماده‌باش ده‌ده‌ین. ئه‌وه‌ش ره‌نگه شه‌ڕی لێ دروست بێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه من پێم وایه یه‌كێك له‌و شته گرینگانه‌ی كه ده‌بێت حیزبی سیاسیی له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا پ. كا.كا‌و دوایه هه‌موو كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی ناو په‌رله‌مان وشیاری بن، ئه‌وه‌یه كه دراوسێكانی وه‌ك سووریه‌و ئێران كه له‌كۆنیشه‌وه له‌گه‌ڵ جووڵه‌ی كوردی توركیه به‌جۆرێك په‌یوه‌ندییان هه‌بووه، نه‌توانن ئاژاوه دروست بكه‌ن به‌ده‌ستی خۆمان. ئه‌وه یه‌كێك له‌شته گرینگه‌كانه، عه‌سكه‌ری توركیش نه‌توانێت ئاژاوه دروست كات، ئینجا په‌رله‌مانتارانیش له‌په‌رله‌مانی توركیه چاودێر‌و وشیار‌و وریابن كه جووڵه‌ی ناو كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌كۆنتڕۆل نه‌چێته ده‌ر. تا ئێستا ئه‌گه‌ر جووڵه‌یه‌كی عه‌سكه‌ریی یان سیاسیی دروست بووبێت هه‌ر ئه‌وانه‌ی كه له‌شاخن ئه‌مریان كردووه‌و بڕیاریان داوه جا یان به چاك یان به خراپ، سیاسییه‌كان ئه‌وه‌نده ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بوون، به‌ڵام ئێستا ته‌رازووی هێز گۆڕاوه، ئێستا سیاسییه‌كانی ئێمه، رووناكبیران، خوێنده‌واران خه‌ڵكی لێزانی وه‌ك "ئه‌حمه‌د تورك_ له‌یلا زانا_ شه‌ره‌فه‌دین ئاڵچی" ئه‌وانه له‌پارله‌مانن كه خه‌ڵكی جێگای متمانه‌ن، من پێم وایه گۆڕانێكی گه‌وره كه رووی داوه له‌نێوان نیزامیكاران‌و سیاسییه‌كانی كورد، ته‌رازووی هێز به قازانجی سیاسی كاره‌كان قورس بووه. چ له‌په‌رله‌مان چ له‌ناوشار‌و شه‌قامه‌كاندا.
ئه‌م ته‌رازووه كه قوورس بووه له‌پێناو قازانجی كاری سیاسی‌و هێمنانه ده‌بێت به‌هێز‌و پشتیوانی لێبكرێت. له‌ناو نیزامی كاره‌كانیشدا هه‌موویان وانین كه خوازیاری شه‌ڕهه‌ڵگیرسانه‌وه بن، شه‌ڕ هه‌ڵگیرسانه‌وه له‌پێش هه‌مووكه‌سێكدا گریلا ده‌كوژرێت‌و شه‌هید ده‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه له‌ناو فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردیشدا كه له‌شاخن‌و به‌شی زۆریان له‌قه‌ندیلن‌و به‌شێكیان له‌ناو كوردستانی توركیه‌دا بڵاوبوون، خه‌ڵكی زۆر دڵسۆز هه‌یه كه ده‌یانهه‌وێت هه‌لێك هه‌ڵكه‌وتووه له‌ده‌ستی نه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسییه هه‌یه كه له‌ناو ئه‌واندا خه‌ڵكی نادڵسۆز‌و كه‌لله‌ڕه‌قیش هه‌بێت. من له‌بیرمه ئه‌و ساڵه‌ی كه "مام جه‌لال" سه‌ردانی "تۆركه‌ت ئۆزه‌ل"و پاشان "عه‌بدوڵڵا عوجه‌لان"ی له‌شام كرد، ئاگربه‌ستێكی جێبه‌جێ كرد‌و قه‌راری رێككه‌وتنیشی له‌نێوانیاندا، به‌ڵام فه‌رمانده‌یه‌كی كه‌لله‌ڕه‌قی پیاوكوژ، پێشی به ئۆتۆبووسێك گرت كه عه‌سكه‌ری بێ چه‌كی توركی تێدابوو (كه یان بۆسه‌رخزمه‌ت ده‌چوون یان ده‌هاتنه‌وه، به‌ڵام عه‌سكه‌ری بێ چه‌ك بوون) هێنانی خواره‌وه‌و گشتیانی تیرباران كردن‌و ئه‌وه هه‌موو ئاگربه‌ست‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ی تێكدا. له‌مام جه‌لالم بیستووه كه بۆی گێڕاومه‌ته‌وه‌و ده‌یكوت "عه‌بدوڵڵا عوجه‌لان" له‌ئێمه‌ی پێ ناخۆشتر بوو. كێ بڵێ جارێكی دیكه‌ش فه‌رمانده‌یه‌كی كه‌لله‌ڕه‌ق، شه‌ڕخواز، ده‌سه‌ڵات‌و پاوانخواز ده‌ست ناداته كارێكی له‌م جۆره‌وه‌و ئاشتییه‌كه تێك نادات‌و ئه‌م كه‌ش‌و هه‌وا ئارام‌و ژینگه سالم‌و دێمۆكراتیكه‌ی كه ئێستا دروست بووه، ناشێوێنێت؟ بۆیه ئه‌ركی په‌رله‌مانتاران یه‌كییان چاودێری كردنه، چونكه ئێستا ته‌رازوی هێز ئه‌وه‌نده قوورسه به‌لای ئه‌واندا ده‌توانن ئه‌م چاودێرییه بكه‌ن‌و ده‌توانن قه‌بوڵی نه‌كه‌ن. من هیوادرام په‌رله‌مانتاره كورده‌كانی شۆڕشگێڕ (من هه‌ر واشیان پێ ده‌ڵێم چونكه هی چه‌ند حیزبن) له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی كه سه‌ر به حیزبه‌كانی دیكه‌ی توركیه‌ن (په‌رله‌مانتاره كورده‌كان) هه‌رچه‌ند ده‌زانم ئه‌و په‌رله‌مانتاره كوردانه‌ی سه‌ر به حیزبه‌كانی توركیه‌ن، هیچ كات كوردایه‌تیان نه‌كردووه‌و هیچ كات خه‌باتیان بۆ رزگاریی كوردستان نه‌كردووه، به‌ڵام هه‌رچییه‌ك بێت له‌وڵاتی خۆیان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و نفوزن‌و خه‌ڵك‌و لایه‌نگریان هه‌یه و ده‌نگیان پێ دراوه‌و له‌خووه نه‌چوونه‌ته په‌رله‌مان‌و كوردیشن‌و هه‌ر كوردیش ده‌نگی پێ داون.
ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵیان رێككه‌وین، رایانكێشین بۆلای خۆمان‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ئێتلافێك دروست بكه‌ین، ئێتلافێك كه بانتر‌و سه‌رووتر بێت له‌حیزب‌و فراكسیۆنێك. ئێتلافێك كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ی كورد بێت.
قابیله هه‌ر په‌رله‌مانتارێكی كورد پێ بڵێی با خوێندن به كوردی بێت، بڵێت نا با به كوردی نه‌بێت! ئاخر منداڵه‌كه‌ی ئه‌ویش ده‌رس ده‌خوێنێت‌و بۆ زانستگا ده‌چێت. پێی بڵێ جل‌و به‌رگی كوردی ئازاد بێت، بڵێ نا ئازاد نه‌بێت هه‌ر به زۆر جل‌و به‌رگیی حكومه‌تیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن. پێی بڵێ فه‌رماندار‌و ده‌سه‌ڵاتدار‌و كاربه‌ده‌ستی ئه‌یاله‌ته‌كانمان كورد‌و له‌خۆمان بن، بڵێن نا تورك باشتره، با توركه‌كان بێن، ناتوانن وابڵێن، چونكه ئه‌وه شتی گشتی، ئه‌ونده ئاشكرا‌و ئه‌وه‌نده جێگای خوازیاری خه‌ڵكه كه دژایه‌تی كردنی زه‌حمه‌ته. له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه ده‌توانین له‌ده‌وروبه‌ری گرینگ‌ترین خاڵه‌كان كه نه‌ته‌وه‌ییه‌و هیچ په‌یوه‌ندێیه‌كی به حیزبایه‌تییه‌وه نییه، له‌ده‌وری ئه‌و خاڵه هه‌ره‌گرینگانه، جه‌ماعه‌تێكی زۆر په‌رله‌مانتاری كورد له‌په‌رله‌مانی توركیه له‌یه‌ك كۆبكه‌ینه‌وه‌و فراكسیۆنێكی كوردی دروست بكه‌ین، نه‌ك ته‌نانه‌ت فراكسیۆنێكی حیزبی كه هه‌ر كه‌س له‌هه‌ر حیزبێكدا بێت به‌ڵام ده‌توانێت له‌م فراكسیۆنه‌دا به‌شدار بێت بۆ دیفاعكردن له‌به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی‌و نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد. هیوادارم په‌رله‌مانتارانی سیاسیی‌و تێكۆشه‌ری ئێمه گوێ نه‌ده‌نه ئه‌وه‌یكه ئه‌وانه قه‌ده‌یم هاوكارییان نه‌كردووه‌و له‌گه‌ڵ نه‌بوون‌و خه‌باتیان نه‌كردووه بۆ كوردستان، ئێمه‌ش ده‌زانین وایه.
به‌ڵام له‌م كوردستانه‌ی عێراقه‌دا ئه‌زموونێك هه‌یه، كاتێك راپه‌ڕین ده‌ستی پێكرد‌و حیزبه سیاسییه‌كانی كورد بڕیاری راپه‌ڕینیاندا، پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامی ره‌سمی حیزبه‌كان زۆر كه‌م بوون، به‌ڵام كه‌س به‌دڵ ده‌یهه‌ویست. هێزی گه‌وره‌و ژماره‌ی زۆر له‌لای كێ بوو؟ له‌لای جاشه‌كان بوو! به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد له‌عێراق حێكمه‌ت‌و دووربینی به‌خه‌رج دا. له‌گه‌ڵ جاشه‌كان ده‌ستی كرد به گفت‌وگۆ و نامه‌و نامه‌نووسین، دڵخۆشی دانه‌وه‌و عه‌فووی پێ دان، ئه‌مجار هه‌موو ئه‌و ژماره زۆره، رووی چه‌كه‌كانیان كرده ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر‌و هاتنه پاڵ پێشمه‌رگه‌و ئه‌وه وای كرد راپه‌ڕین سه‌ركه‌وێت. به ژماره‌یه‌كی كه‌می پێشمه‌رگه ئێمه سه‌رنه‌ده‌كه‌وتین. دڵنیام په‌رله‌مانتارانی تێككۆشه‌ری ئێمه له‌په‌رله‌مانی توركیه ده‌بێت له‌م ئه‌زموونه ده‌رس وه‌رده‌گرن. هه‌رچه‌ندخۆ په‌له‌مانتاره‌كانی وان له‌په‌رله‌مان ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ حیزبه غه‌یره كوردییه‌كانن، خۆ جاشیش نه‌بوون‌و چه‌كیان هه‌ڵنه‌گرتووه، به‌ڵام لێره جاشه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان خست‌و راپه‌ڕینیان پێ سه‌رخست، به‌ڵام بۆ هی حیزبی موخالیف نه‌هێنین‌و له‌گه‌ڵ خۆمانی نه‌خه‌ین؟ ئه‌ركی گه‌وره‌ی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی تێكۆشه‌رانی كورد له‌په‌رله‌مانی توركیه ئه‌وه‌یه په‌رله‌مانتاره‌كورده‌كان له‌هه‌موو حیزه‌به‌كان كۆبكه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیان.
پ: له‌بواری مێژوویی‌دا هۆكاره‌كانی سه‌ره‌كیی شه‌ق بوونی كورده‌كان بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
وڵام: له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا بۆ تووندوتیژی‌و زه‌بر‌و زه‌نگی پۆلیسیی‌و ده‌سه‌ڵاتی تاقانه‌ی عه‌سكه‌ر‌و زاڵبوونی‌و تیۆریی كه‌مالیزم، ئه‌وانه هه‌مویان رێگرن بوون له‌وه كه كورده‌كان بتوانن به ئازادیی‌و ئارامیی‌و به‌شێوه‌ی دێمۆكراتیك خۆیان رێكخه‌ن. له‌كتێبی گولێسنانی سه‌عدی دا نه‌قڵێك هه‌یه كه ده‌ڵێت: كابرایه‌كی رێبواری غه‌ریب، به‌لای ئاواییه‌كدا تێده‌په‌ڕی. زستان‌و سه‌رمابوو، سه‌گه‌كانی ئاوایی بۆی هاتن. داهاته‌وه به‌ردێك هه‌ڵگرێت‌و پێیان دادا، به‌ڵام زه‌وییه‌كه به‌ستبووی‌و به‌رده‌كه‌ی بۆ هه‌ڵنه‌گیرا. جا هه‌رای كرد‌و وتی: به‌خوا وڵاتێكی سه‌یره، سه‌گیان به‌ره‌ڵڵا كردووه‌و به‌ردیان به‌ستۆته‌وه... له‌ڕاستیدا له‌توركیه‌دا هه‌شتا، نه‌وه‌د ساڵه ئه‌وه به‌سه‌ر ئێمه دێت. گه‌لی كوردی‌یان به‌ستۆته‌وه، به‌ڵام فاشیست‌و پیاوكوژ‌و عه‌كسه‌ری پاوانخواز‌و شۆڤێنیستی دژی میلله‌ته چكۆڵه‌كانیان، هه‌موو ئه‌وانه‌یان به‌ره‌ڵڵا‌و ئازادكردووه، به‌ڵام گه‌لانی دیكه وه‌ك كورد، ئه‌رمه‌نی، چه‌ركه له‌هه‌موو ئه‌وانه‌یان به‌ستۆته‌وه‌و بێ به‌ش كردووه. جا كه تۆ نه‌توانی به‌شێوه‌ی ئارام‌و دێمۆكراتیك له‌كه‌ش‌و هه‌وایه‌كی ئازاد‌دا كار بكه‌ی، تووشی ده‌سته‌و ده‌سته‌به‌ندیی ده‌بی. دبێت شانه‌ی نهێنی دروست بكه‌ی.
كومیته نهێنییه‌كان ره‌قابه‌تی ئازادی سه‌رشه‌قامیان له‌سه‌ر نییه، هه‌ر نا‌وێرن خۆشیان ئاشكرا كه‌ن. ئه‌وانه تووشی سێكتراریزم‌و ده‌سته‌و ده‌سته‌به‌ندیی ده‌بن. له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ونه ململانێ‌و مونافه‌سه‌و به‌ربه‌ركانیی. دواترش ورده ورده چه‌ك دێته گۆڕێ‌و به چه‌ك له‌یه‌كتر ده‌ده‌ن!! ئه‌مانه هه‌موو به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگای نادێمۆكراتیكن. ئێمه له‌كه‌ش‌و هه‌وایه‌كدا، له‌ژینگه‌یه‌كی سیاسیی‌دا كارمان كردووه كه هه‌ر كاركردنی سیاسیی قه‌ده‌غه‌بووه. ئه‌وه له‌گه‌ڵ خۆی ئه‌م حاڵه‌ته دێنێت كه چه‌ند ساڵه به‌سه‌ر كوردا زاڵ بووه. من هیوادارم كرانه‌وه‌ی كه‌ش‌و هه‌وای سیاسیی كه دیاره دیسان من ئۆمێده‌وارم كه‌ڵكی لێوه‌رگرین‌و نه‌یشێوێنین!!! ئه‌م كرانه‌وه‌ی كه‌ش‌و هه‌وای سیاسییه، جۆری خه‌باتیشمان بگۆڕێت، جۆری خه‌باتیشمان بكات به خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، دێمۆكراتیك، ئاشكرا‌و یاسایی. ئێمه نه‌مانتوانیوه جه‌ماوه‌ریی، یاسایی، ئاشكرا كاربكه‌ین، هه‌موو ئه‌وانه له‌ناو خۆیدا په‌ره‌م په‌ره‌مبوون‌و ده‌سته‌به‌ندیی‌و دژایه‌تی یه‌كتر‌و كاری نهێنی هێناوه‌ته گۆڕێ. من بۆیه پێم وایه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه گرینگی هه‌یه، دیاره هه‌ڵبژاردنه به‌ته‌نیا ئه‌و گرینگییه‌ی هه‌بوایه ئه‌گه‌ر حیزبی داد‌و گه‌شه پێدان له‌سه‌ركار نه‌بوایه، ئه‌گه‌ر كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی تاقانه‌ی تیۆری كه‌مالیزم نه‌هاتبایه، بۆیه من هه‌ر له‌ڕۆژی هاتنییه‌وه سه‌ره‌ڕای هه‌موو ره‌خنه‌یه‌ك كه له‌و حكومه‌ته‌و حیزبی داد‌و گه‌شه‌پێداندا هه‌یه، به‌ڵام له‌چه‌ندین جێگادا به‌نووسین‌و وتار پشتیوانیم لێكردووه. پشتیوانیم لێنه‌كردووه له‌به‌رامبه‌رخۆماندا، به‌ڵام پشتیوانیم لێكردووه له‌به‌رامبه‌ر عه‌سكه‌رتاریای تورك. پشتیوانیم لێكردووه له‌به‌رامبه‌ر به كه‌مالیسته‌كان، له‌به‌رامبه‌ر توركه نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ره‌كان‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌خۆیان ده‌ڵێن "گورگه بۆره‌كان"دا. هاتنی حیزبی داد‌و گه‌شه‌پێدان بۆ هه‌مووی توركیه سه‌ره‌تای ئاڵ‌و گۆڕێكی گه‌وره‌بوو.
ئه‌و دێمۆكراسییه‌ی كه هه‌یه‌و قه‌بووڵی وجوودی كورد ده‌كه‌ن، با مافه‌كه‌شیان نه‌دابێت جارێ، هه‌موو ئه‌وانه له‌گه‌ڵ حیزبی داد‌و گه‌شه‌پێداندا هات. هه‌ربۆیه ئێمه ده‌بێت كارێك كه له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه بتوانین به رێككه‌وتن‌و هاوكارێیه‌ك بگه‌ین له‌په‌رله‌مان بۆ گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی. له‌بابه‌تێكدا كه دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیه له‌ڕۆژنامه‌ی "كوردستانی نوێ" بڵاوم كرده‌وه، ئه‌و پرسیاره‌م هێناوه‌ته گۆڕێ: ئه‌گه‌ر حیزبی داد‌و گه‌شه‌پێدان پێ خۆشه ده‌ستوور بگۆڕێت، كێ له‌كورده‌كان زیاتر خوازیاری گۆڕانی ده‌ستووره؟ كێ له‌كورده‌كان خوازیاری گۆڕانی ئه‌و یاسایه كه عه‌سكه‌ر دای ناوه؟و كه‌مالیزم موجه‌سم ده‌كات؟ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌ی كورد له‌گۆڕانی ده‌ستوور دایه، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد به‌ته‌نیا به‌خۆمان‌و به36 په‌رله‌مانتاره‌وه، له‌نێوان 550 په‌رله‌مانتاری توركه‌وه، ناتوانین ده‌ستوور بگۆڕین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حیزبی داد‌و گه‌شه‌پێدان ده‌یهه‌وێت، ئێمه ده‌توانین ببینه پارسه‌نگ‌و پشتیوانێكی باش‌و ئه‌وه‌ی حیزبه‌كانی دیكه‌ی ناو په‌رله‌مان، حیزبه نه‌ته‌وه په‌روه‌ره توركه‌كان، ناسیۆنالیسته تووندڕه‌وه توركه‌كان دژایه‌تییان كرد له‌به‌رامبه‌ردا ئێمه، بتوانین پاڵپشتی حیزبی داد‌و گه‌شه‌پێدان بین‌و ئیمتیازیشی لێبستێنین بۆ ئه‌م پاڵپشتییه به‌قازانجمانه، خۆمان سوودمه‌ندیی سه‌ره‌كیین له‌گۆڕانی یاسای بنه‌ڕه‌تی توركدا. یاسای بنه‌ڕه‌تی تورك یاسایه‌كی عه‌سكه‌ریانه، نه‌ته‌وه‌په‌روه‌رانه، توركخوازانه‌و كه‌مالیستییه، هه‌رجۆره گۆڕانكارێیه‌ك له‌م ده‌ستووره به قازانجی ئێمه با گۆڕانكارییه‌كه ئه‌وه‌نده زۆریش نه‌بێت كه ئێمه پڕبه‌دڵ ئاره‌زووی ده‌كه‌ین، به‌ڵام هه‌موو گۆڕانێك به قازانجه بۆیه من ئۆمێده‌وار‌و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌م كه كورده‌كانی توركیه له‌گۆڕانی ده‌ستووردا به‌هه‌موو توانا پاڵپشتی حیزبی داد‌و گه‌شه‌پێدان بن‌و له‌دژی حیزبه چكۆڵه كه‌مالیسته‌كان بوه‌ستن ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و حیزبانه دژایه‌تی گۆڕانی ده‌ستووریان كرد. واباشه حیزبی داد‌و گه‌شه‌پێدان موحتاجی ئێمه بێت‌و له‌گه‌ڵ ئێمه هاوكاریی بكات نه‌ك له‌حه‌یفی ئێمه بڕوات موحتاجی كه‌مالیسته‌كان بێت‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وان هاوكاریی بكات.
پ: ئه‌كه‌ری په‌رله‌مانتارانی كورد له‌توركیه له‌م هه‌ل‌و مه‌رجه‌ی ئێستادا چییه؟
وڵام:ئه‌م په‌رله‌مانتاره كوردانه‌ی كه چوونه‌ته پاله‌رمان، ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی دیكه‌شیان هه‌یه، ئاشتێیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی فراوانتر له‌چوارچێوه‌ی ناوچه‌گه‌رییشدا دروست بكه‌ن. هه‌ر وه‌ك له‌پێشدا ئاماژه‌م پێكرد ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی كوردستانی توركیه‌دا ئه‌م هاوكارییه بكه‌ن. ئێستا پێت ده‌ڵێم له‌چوارچێوه‌ی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستاندا بتوانن ئه‌م ئاشتبوونه‌وه گشتییه دروست بكه‌ن. چونكه ئێمه كورد‌و گشت حیزبه كوردییه‌كان تووشی شه‌ڕی ناوخۆ بووین، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی چه‌كداریشمان نه‌كردبێت، تووشی قسه‌و قسه‌لۆك بووین‌و دژایه‌تیی یه‌كترمان كردووه. به‌لای من په‌رله‌مانتارانی كورد له‌په‌رله‌مانی توركیه ده‌توانن ئاشتێیه‌كی ده‌سته‌جه‌معی‌و نه‌ته‌وه‌یی دروست بكه‌ن له‌گه‌ڵ كوردی سوریه، عێراق‌و ئێران‌و ئه‌و دژایه‌تی‌و دووبه‌ره‌كایه‌تی كه له‌به‌عزه‌جێگایه‌كدا كه به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كوردی عێراق لێبۆته شه‌ڕێكی خوێناویش، له‌گه‌ڵ كوردی پارچه‌كانی دیكه نه‌بۆته شه‌ڕی چه‌كداری، به‌ڵام بۆته شه‌ڕه‌قسه، ئه‌مان ده‌توانن كۆتایی به‌هه‌مووو ئه‌وانه بێنن‌و ئه‌وه‌یكه كه پێ ده‌ڵێن بانگه‌وازێ بده‌ن بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی. ئێمه ئێستا ناتوانین سنووره‌كان تێك ده‌ین‌و بی به‌زێنین، به‌ڵام ده‌توانین له‌مێشك‌و دڵی خۆماندا ئه‌و سنوورانه نادیده بگرین. له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانشدا هاوكاریی بكه‌ین، جا ئه‌و هاوكارییه ده‌بێت هاوكارێیه‌كی عه‌مه‌لی‌و سیاسی رۆژێك بۆ تێكدانی سنووره‌كانیش. به‌ڵام من جارێ ناچمه ئه‌و شوێنه، به‌ڵام هه‌ر له‌و سنوورانه‌شدا كه هه‌ن، به‌ڵام له‌مێشك‌و دڵی خۆماندا سنووره‌كان بسڕینه‌وه. ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان‌و گشتی بكه‌ن، په‌رله‌مانتارانی كورد له‌په‌رله‌مانی توركیه با ده‌ستپێشخه‌ربن‌و داوا له‌حیزبه‌كانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانیش ده‌كه‌م به‌ره‌وپیری بانگه‌وازه‌كه‌یان بڕۆن. ئه‌وان بانگه‌واز بده‌ن‌و حیزبه‌كانی دیكه به‌ره‌وپیریان بڕۆن‌و له‌ئاكامدا ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی سه‌رانسه‌ریی كوردستانی دورست بكه‌ین كه با هه‌ركه‌س له‌سنووری خۆیدا كاربكات، به‌ڵام له‌ڕاستیدا له‌مێشك‌و دڵی خۆماندا سنووره‌كانمان سڕیوه‌ته‌وه.
• نوسه‌ر:ئا: سوله‌یمان ئه‌بووبه‌كری