0
نامەیەکی سەرئاواڵەی بنەماڵەی ئەنوەر حسێن پەناهی زیندانی سیاسی کورد بۆ دوکتۆر "ئەحمەد شەهید
Tuesday, 06 December 2011 06:40
نامەیەکی سەرئاواڵەی بنەماڵەی ئەنوەر حسێن پەناهی زیندانی سیاسی کورد بۆ دوکتۆر "ئەحمەد شەهید
 
نامەیەکی سەرئاواڵەی بنەماڵەی ئەنوەر حسێن پەناهی زیندانی سیاسی کورد بۆ هەواڵنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ئێران دوکتۆر "ئەحمەد شەهید

"

بەرێز دوکتۆر "ئەحمەد شەهید"

هەواڵنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە کاروباری ئێران

رێزوسڵاوی بنەماڵەیەکی رەنج دیتووی کوردی ئێرانی قبوڵ بکەن

 

ئێمە بنەماڵەی "ئەنوەر حسێن پەناهی" چالاکی مەدەنی بەندکراوی کورد، لە درێژەی ئەم نامەیە هەوڵمان ئەوەیە کە کورتەیەک لەو ستەم و رەنجانەی کە بە سەر بنەماڵەکەمان هاتووەو داسەپاوە بۆتانی بخەینەرو باسی بکەین.

رەنج و ئازارەکان لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە "ئەنوەر حسێن پەناهی" چالاکی مەدەنی کە کوری گەورەی بنەماڵەیەو خاوەنی هاوسە رو سێ منداڵە، چوار ساڵ پێش ئێستا بە تاوانێکی نەکراو دەستبەسەرو زیندانی دەکرێ و هەروەها لە ژێَر ئەشکەنجەدا بە ئێعدام مەحکووم کرا. ئەگەرچی لە لایەن رێکخراوەکانی داکۆکی کار لە مافی مرۆڤ و کەمپەینی جیهانی و هەروەها بەدواداچوونەکانی بەردەوامی چالاکان لە یەکیەتی ئوروپا، حوکمی ئێعدامی ئەنوەر حسێن پەناهی لە دادگای پێداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی هەڵوەشایەوەو بە شەش ساڵ زیندان کۆتایی پێهات.

 

دوابەدوای دەستبەسەر کردنی "ئەنوەر" ، "ئەشرەف" منداڵی دووهەمی بنەماڵە کە لە شاری تاران بۆ بژیوی رۆژانە سەرقاڵی کار بوو و یاریدەدەری باوکی پیری بنەماڵەکەیان بوو، دوابەدوای داسەپاندنی حوکمی ئێعدام بە سەر ئەنوەری برای، شوێنی کارەکەی خۆی گواستەوە بۆ شاری سنەو کەوتە دوای پێداچوونەوە بە سەر دۆسیەی ئەنوەری برای و هەروەها یەکێکی تر لە خزمەکانی خۆیان.

بەڵام بە داخەوە "ئەشەرەف" لە رێکەوتی 6/7/1387 لە کاتی چوون بۆ تاران و بە مەبەستی داکۆکی کردن لە سەر بێ تاوانی ئەنوەری برای کە چەندین بەڵگەی لە گەڵ خۆی بردبوو لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا. لە دەست دانی ئەشرەف کە تەنها کەسی بنەماڵەکە بوو بۆ دەرهێنانی بژیوی رۆژانەی خۆیان و هەروەها براکەشی "ئەنوەر"، خەسارێکی گەورە بوو بۆ هەر دوو بنەماڵەکەو هەروەها دوابەدواوی داسەپاندنی حوکمی ئێعدامی "ئەنوەر" ئەم خەسارە گەیشتە ئەو پەڕی خۆی.

 

 

لە لایەکی دیکەوە ساڵی رابردوو بەرپرسانی وزەراتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، سەر لە نوێ براکەی دیکەی "ئەنوەر" کە تەمەنی تەنها 18 ساڵ بوو بە هۆی بەدواداچوونی دۆسیەی ئەنوەری برای دەستبەسەر کراو لە دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر بە مەبەستی وەرگرتنی (اعتراف) لە کاناڵەکانی راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی کە حازر نەبوو وەها کارێک بکات بەداخەوە لە ژێر ئەم ئەشکەنجانەدا چاوێکی لە دەست دا.

هەمووی ئەمانە لە کاتێکدایە کە هەموو بنەماڵەی "ئەنوەر" هەر لە باوکییەوە کە لە تەمەنی 70 ساڵیدایەو هەروەها دایکی و تەنانەت خۆشکەکانیشی، زۆر جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و لێپرسینەوەو هەرەشەیان لێکراوە.

 

بەرێز جنابی ئەحمەد شەهید

پرسیاری ئێمە لە جنابتان وەکوو راپۆرت نێری تایبەتی ماڤی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەوەیە کە لە کام شوێنی جیهان کەسێک بە تاوانی چالاکی کردنی کەسێکی دیکە دەستبەسەر دەکرێت؟

تاوانی هەموو خۆشکان و براکانی بنەماڵەی ئێمە لە ئێران، تەنها بە هۆی بوون و خەباتی سیاسی دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەیە لە دەرەوەی ئێران. ئەو دوو کەسە بە هۆی بیروباورەکانیان، رێگای خەباتی سیاسییان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردووەو بە هۆی ئەوەیکە هیچ مەجاڵ و دەفەتێک لە نێو خۆی وڵات بۆیان نەماوەتەوە، بە ناچار لە دەرەوەی ئێران درێژە بە چالاکییەکانی خۆیان ئەدەن. پرسیار لێرەدایە کە بۆچی باقی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکە بە تاوانێکی نەکردە، موحاکمەو سزا دەدرێن؟

هەنووکە "ئەنوەر حسێن پەناهی" چالاکی ناسراوی سیاسی و مەدەنی کورد، لە بارودۆخێکی زۆر خراب لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە بە سەر دەباو تووشی خوێنرێژی و عفونەتی گورچیلە بووە. ناوبرا چەندین جار بۆ بێهداری زیندان رەوانە کراوە و سەرەڕای ئەوەیکە پزیشکان وتوویانە کە دەبێ بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و لەوێ لە ژێر چاوەدێریدا بیت، بەڵام بەرپرسیانی زیندان رێگەی پێ نادەن و بەرگری لێدەکەن.

دەبێ بوەترێ ناوبراو کاتێک کە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری قوروە(کوردستانی روژهەڵات) بەسەر دەبرد لە شوێنی (دندە) تووشی شکان بووەو ماوەی سێ ساڵە کە تووشی عفونەتی "گورچیلە" و "ریخۆڵە" بووە و بەردەوام لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە لە بەر چاو نەگیراوە، ئێستاکە لە ئاستانەی نانەوەی دۆسیەی تازەو هەروەها دانانی تاوانی تازە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوەیە.

لەم بارودۆخەدا ئێمە هاواری بێ تاوانی و سکاڵای خۆمان بە گوێی ئێوە دەگەیێنین، چونکە لە سەر ئەو باوەرەین ئێوە هەواڵنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانن و دەتوانن دەنگی ئەو کەسانەی کە لە بێ دەنگییەوە(بیداد) وە زاڵە هاتوون بە گوێی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە بگەیێنن.

بەو هیوایەی کە ئەم هاوارە مەزڵوومەی بنەماڵەی ئێمە کە لە چەند ساڵی رابڕدوودا تەنانە بۆ ساتێکیش بوبێ ئارامی و ئاسایشمان نەدیوە بە گوێی دونیا بگەیێت.

بەسپاس و بە هیوای هەڵمەتی هەرچی زووترو کارای ئێوە

بنەماڵەی ئەنوەر حسێن پەناهی، زیندانی سیاسی کوردی ئێرانی

روونوس:

چاودێری مافی مرۆڤ

بۆ بەرێز ناوی پیلای

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور

کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران

کومیتەی بەرگری لە زیندانیای سیاسی و مەدەنی

 

‌ • نوسه‌ر:بنەماڵەی ئەنوەر حسێن پەناهی
5371جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:442
Share/Save/Bookmark