0
بۆ بەرز راگرتنی بیرەوەری قوربانیانی تێرۆریزم، تەنیا رێگە خەبات دژی تێرۆر و تێرۆریزمە.
په‌یام به‌ بۆنه‌ی 22 هه‌مین ساڵوه‌گه‌ری تروری د. قاسملوو ‌.
Tuesday, 12 July 2011 23:30
په‌یام به‌ بۆنه‌ی 22 هه‌مین ساڵوه‌گه‌ری تروری د. قاسملوو ‌.
 
١٣ی ژوئییەی ١٩٨٩ی زایینی ٢٢ ساڵ بەر لە ئێستا وەیشوومەی تێرۆریزمی دەوڵەتی ئێران یەکێ لە دیارترین و بەنابانگ ترین ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی و کەسایەتییەکی نێونەتەوەیی کردە قوربانی

ئامانجە دژی مرۆڤانەکانی خۆی. ئەو کەسایەتییە دوکتور عبدوالرحمانی قاسملوی، دێموکرات و ئازادیخواز، تێکۆشەری مافی گەلان و پارێزەری مافی مرۆڤ، رێبەر بە ئەزموون و لێوەشاوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ، پێی وایە هەر وەک تێرۆرلە تایبەتمەندی تێرۆریستەکانە و، لە سەرانسەری جیهاندا پشتگیری یەکتر دەکەن، قوربانیانی ترۆریزمیش بە جیاوازی بیروبۆچوونەکانیانەوە موڵکی هەموو ئازادیخوازنن. با یادی ساڵرۆژی دوکتور قاسملوو وەکوو رەمزێکی قوربانی تێرۆریزم وەرگرین و بکەینە یادی هەموو ئەو کەسایەتییە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییانەی کە رێگەی ئازادی و دادپەوەری و مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا بوونەتە قوربانی تێرۆریزم و سەری کرنۆش لە بەرانبەرگەورەییاندا دانەوێنێن

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ، پێی وایە لە ٢٢وەمین ساڵڕۆژی شەهید بوونی دوکتور قاسملوو یادی ئەو رێبەر مەزنە ناکەینەوە تا ئەژنۆی خەم و ماتەم لە باوەش بگرین، و لاوازی خۆمان لە بەرانبەر تێرۆریزمدا نیشان بدەین، بەڵکوو یادی دەکەینەوە تا:

1- بە دوژمن بسەلمێنین کە کورد لە بەرانبەرکۆستە جەرگ بڕەکانیدا بە چۆکدا نایەت و بە هێز و خۆڕاگرە. یادکردنەوەی ساڵانەی ئەم بۆنانە بۆ نیشانی دانی ئەو هێز و توانا و خۆڕاگری و ویستەی نەتەوەی کوردە لە بەرانبەر دوژمن و، سوور بوونی لە سەر خەبات بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی و زبوون کردنی تێرۆریزمە.

2- یادی ئەم بۆنەیە دەکەینەوە تا نەتەوەکەمان دڵنیا کەینەوە کە بە شەهید کردنی رێبەرەکانمان دوژمن ناتوانێ چۆک بە رۆڵەکانی دابدا و، مەیدانی خەبات بۆ رزگاری نیشتمان و نەتەوەی پێ چۆڵ بکا. رۆڵەکانی کورد بۆ چەندەمین جارە کە ئەو خەیاڵەی دوژمنیان کردووەتە بڵقی سەر ئاو. لەوانە شەهید کردنی سمکۆ، شێخ سەعید، پێشەوا قازی، شێخ مەحموودی حەفید و تا دەگاتە دوکتۆر قاسملوو و شەرەفکەندی. هەر جارەو دوژمن پێی وا بووە کە بە بڕینی سەرەکان دەتوانێ بە ئامانجەکانی بگا و دەنگی حەق خوازی نەتەوەیەک کپ بکاتەوە. بەڵام رۆڵەکانی نەتەوەی کورد هەموو جارێ وەکوو شاخەکانی کوردستان خۆڕاگر وەستاون و لە بەرانبەر دیکتاتور و ستەمکاراندا بۆ ئازادی و مافەکانی، وتار و کرداری رێبەرانی خۆی کردووەتە مەشخەڵی رێ نێشاندەری خەبات وکۆڵ نەدەرانە بە گژیاندا چوونەتەوە.

3- ئەم یادە دەکەینەوە تا برینی قوربانییەکانمان سارێژ بکەین و وەفاداری خۆمان بە رێبازەکەیان نیشان بدەین و دڵنیایان بکەینەوە کە رێگەیان بەردەوامە و تا گەیشتن بە ئامانج خەبات دژی تێرۆر و تێرۆریزم بۆ ئازادی و مافی گەلان و رێزگرتن لە مرۆڤایەتی درێژەی دەبێ.

4- هەروەها ئەم یادە هاودەردییە لە گەڵ بنەماڵە و هاوخەباتییە لەگەڵ بەندییە سیاسییەکان و تێکۆشەرانی بواری مافی مرۆڤ کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە تەحەمول کردن دەرد و رەنجی ئەشکەنجە جیسمی و گیانییەکان بە خەبات و خۆڕاگری خۆیان دوور لە بنەماڵەکانیان ماوەی حوکمەکانیان بە سەر دەبن یا چاوەڕوانی جێ بە جێ کردنی حوکمی سێدارە دەکەن.

5- لە کۆتاییدا داوامان ئەوەیە کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی، بە هەموو بیروبۆچوونەکانەوە لە ریزی یەکگرتوودا، بۆ زیندوو راگرتنی یادی قوربانیانی تێرۆریزم و هەورەها بۆ پشتیوانی لە تێکۆشەرانی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی و بواری مافی مرۆڤ یەکگرتووانە لە گۆڕەپانی خەبات دژ بە تێرۆریزم بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی ئازاد بوەستنەوە و بە هاتنە مەیدانیان گوڕ و تینی زیاتر بە خەباتەکەیان بدەن و ببنە هیوا و پاڵ پشتی تێکۆشەران لە رووبە رووبوونەوەیان لە گەڵ تێرۆریستاندا.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ

١٢/٧/٢٠١١ی زایینی

 

‌ • نوسه‌ر:کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ
5710جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:164
Share/Save/Bookmark