0
نامه‌ی زیندانی سیاسی كورد عه‌لی مورادی بۆ ئه‌حمه‌د شه‌هید
Thursday, 29 August 2013 02:09
نامه‌ی زیندانی سیاسی كورد عه‌لی مورادی بۆ ئه‌حمه‌د شه‌هید
 
عه‌لی مورادی زیندانی سیاسی كه‌ ئێستاكه‌ له‌زیندانی به‌نده‌ر عه‌باس حوكمی زیندانییه‌كی تێپه‌ڕ ده‌كات،

له‌نامه‌یه‌كدا بۆ ئه‌حمه‌دی شه‌هید باس له‌ بارودۆخی خراپی خۆی ده‌كات

به‌ پێی هه‌واڵی كه‌مپه‌ینی پشتیوانی له‌زیندانیانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی، عه‌لی مورادی زیندانی سیاسی كورد كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی رێبه‌ندانی ساڵی 1382 له‌ گوندی كانی دینار سه‌ر به‌ شاری مه‌ریوان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌ تاوانی ئه‌ندام بوون له‌ یه‌كێك له‌حیزبه‌ كوردییه‌كان گیراوه‌و حوكمی 30 ساڵ زیندانی بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌ ئێستاكه‌ له‌ زیندانی ناوه‌ندی شاری به‌نده‌ر عه‌باس حوكمه‌كه‌ی تێپه‌ڕ ده‌كات نامه‌یه‌كی روو ئه‌حمه‌دی شه‌هید نوسیوه‌.

ئه‌م زیندانیه‌ سیاسییه‌ كورده‌ كه‌ ئێستاكه‌ توشی نه‌خۆشی دڵ بووه‌ له‌ به‌شێك له‌نامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پاش گرتنی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆر كراوه‌و ده‌یان تۆمه‌تی بێ بنه‌مایان خستۆته‌ پاڵی‌و سه‌رباری گشت گوشاره‌كان من هیچ یه‌ك له‌و تاوانانه‌م قه‌بووڵ نه‌كرد و له‌ئاكامدا پاش 5 مانگ ئه‌شكه‌نجه‌و لێدان‌و نه‌هێشتنی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌م‌و بێ بوونی پارێزه‌ر به‌ 30 ساڵ زیندان مه‌حكووم كرام.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ناڕه‌زایه‌تیم ده‌ربڕی له‌دژی حوكمی دادگای مه‌ریوان، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی كه‌ حوكمه‌كه‌ رۆشته‌ دیوانی باڵای ئێران له‌وێش به‌هه‌مان شێوه‌ ته‌ئیدی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌ و له‌ئاكامدا به‌ره‌و زیندانی میناب به‌مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی حوكمی زیندانه‌كه‌م گوازرامه‌وه‌.

ئه‌م زیندانیه‌ سیاسیه‌ كورده‌ له‌به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌ی روو له‌ ئه‌حمه‌د شه‌هید ئاماژه‌ به‌ دۆخی ناله‌باری ناو زیندان له‌ ساڵی 1386 ده‌كات‌و ده‌نووسێت: به‌هۆی تووش بون به‌ نه‌خۆشی دڵ‌و هه‌روه‌ها كه‌مته‌ر خه‌می به‌رپرسانی زیندان له‌ رێگری كردنم بۆ نه‌خۆشخانه‌و له‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌ دۆخی ناله‌باری زیندان بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ له‌ ساڵی 1386 ده‌ستم دایه‌ مانگرتن له‌ خواردن.

ئه‌و هه‌روه‌ها له‌درێژه‌دا ده‌نووسێ: ساڵی 1387 بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كه‌م گوازرامه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شاری شیراز و له‌وێ نه‌شته‌رگه‌ری دڵیان بۆ كردم‌و پاش ماوه‌یه‌كی دیكه‌ زیندان گه‌ڕاندمیانه‌وه‌ بۆ شوێنی خۆم ‌و دیسان به‌ هۆی بارودۆخی كه‌شی زیندان‌و نه‌بوونی هیچ یه‌ك له‌ ستانداره‌كان نه‌خۆشینه‌كه‌م هه‌ڵیدایه‌وه‌و بووه‌ هۆی ئازاری دووباره‌م.

ئه‌و له‌كۆتایی دا وێڕای ره‌خنه‌ له‌ كه‌شی ناو زیندانی ناوه‌ندی به‌نده‌رعه‌باس روو له‌ ئه‌حمه‌دی شه‌هید ده‌نووسێ: كچێكی 16 ساڵ ته‌مه‌نم هه‌یه‌و ئێستاكه‌ له‌گه‌ڵ دایكی له‌و وڵاتی سۆئێد ده‌ژی‌و بۆ چه‌ند ساڵ ده‌چێت نه‌مبینیوه‌و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ دۆخی ناله‌باری خۆی ده‌كات‌و روو له‌ ئه‌حمه‌دی شه‌هید ده‌نوسێت كه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی جه‌سته‌یی ناله‌بارم‌و كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسانی ده‌زگایی قه‌زایی كۆماری ئیسلامی ‌و داوام له‌ ئێوه‌ وه‌ك چاوه‌دێری به‌سه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ له‌پێناو ئازاد كردنی من‌و باقی زیندانیانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی ئێران تێبكۆشن.

 

2502جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1627
Share/Save/Bookmark