0
نامەی شەرافەت زەڕینی، دایکی ڕامین حسێن‌پەناهی بۆ ئانگێلا مێرکڵ (سەدری ئەعزەمی ئاڵمان)
Monday, 29 January 2018 12:54
نامەی شەرافەت زەڕینی، دایکی ڕامین حسێن‌پەناهی بۆ ئانگێلا مێرکڵ (سەدری ئەعزەمی ئاڵمان)
 
لە بیرم نییە کەی و چ ڕۆژێک لە پەنا کوڕەکانم، بە ئاسوودەیی دانیشتبێتم و تێر تماشام کردبێتن.

هەموو کاتێک یەکیان مەترسی لە سەرە یا هەڵاتووە و یا لە زیندانە. لەو کاتەوەی کوڕەکانم گەورە بوون کۆماری ئیسلامی نەیهێشتووە ڕۆژێکی خۆش و بێ کێشەمان هەبێ لە لای یەک؛ لە بیرم نییە دیواری ماڵەکەمان ڕەنگی شادی و ئاسوودەیی بینیبێت. لە بیرم چووەتەوە چۆن دەتوانی لە ناخی دڵەوە پێبکەنی. ناتوانم بگریم، ئەو قسانەش کاتێک دەکەم کە فرمێسک بە چاوانم دا شۆڕ بوونەوە. فرمێسکی ڕەنج و پڕ لە غەم و حەسرەت. ڕۆژانێک ئەنوەر لە زیندان بوو، ئەفشین بە شوێن کارەکانیەوە بوو و ئێستا ئەفشین و ڕامین لە زیندانن و براکانی دیکەیان بە شوێن کارەکانیانەوەن. برایەکیان لە ئاڵمانە، ئەمجەد حسێن‌پەناهی کوڕی منە؛ لەو کاتەوەی ڕامین سزای ئێعدامی بە سەر داسەپاوە بۆ ساتێکیش ئارام و قەراری نییە.
شەش مانگ ئەشکەنجە و ئازار و بێڕێزی بە ڕامین دڵمی لەت لەت کردووە و ئێستاش ترس و نیگەرانی ئێعدام؛ ئایا دەتوانن بۆ ساتێکیش خۆتان لە جێی من دانێن؟ کوڕی من چالاکێکی سیاسی بوو کە باوەڕی بە دەسەڵات نەبوو.
هیوادارم هەوڵێک بدەن و هەر کارێک لە دەستان دێ بیکەن بۆ ئەوەی کە ڕامین ئێعدام نەکرێت؛ دەڵێن ئەگەر ئێوە نامەیەک بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بنووسن زۆر کاریگەرە. هەر بۆیە وەک دایکێکی داغدار کە کوڕێکم تیرۆر کراوە و ئێستاش کوڕێکی ٢٤ ساڵەی دیکەم لە ژێر هەڕەشەی سزای ئێعدام دایە بە دڵێکی بریندارەوە داواتان لێ دەکەم کە یارمەتیم بدەن؛ بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نامە بنووسن و داوایان لێ بکەن ڕۆڵە ئازیزەکەم ڕامین ئێعدام نەکەن. من لە هەموو ئەو کەسانەی دژی سزای ئێعدامن داوا دەکەم یارمەتیم بدەن.
مەهێڵن ڕۆڵەکەم ئێعدام بکەن.
شەرافەت زەڕینی (دایە شەریفە)، دایکی ڕامین حسێن‌پەناهی

 

72جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1908
Share/Save/Bookmark