1
"PKK رێگرە لە دروستكردنی درێژترین تونێل لە رۆژهەڵاتی كوردستان"
Wednesday, 20 November 2013 10:19
"PKK رێگرە لە دروستكردنی درێژترین تونێل لە رۆژهەڵاتی كوردستان"
 
پارتی كرێكارانی كوردستان PKK، وێڕای وەرگرتنی 50 ملیۆن تمەن بۆ دروستكردنی تونێلەكانی سەر رێگای مەریوان و سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان،

هێشتا رێگرە لە بەردەم جێبەجێكردنی پرۆژەكە و بۆ دروستكردنی یەكێك لە درێژترین تونێلەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان داوای پارەی زیاتر دەكات.

 

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، نزیكەی دوو مانگە هەموو ئامادەكارییەك كراوە و كەرەستە و ئامرازی پێویست بۆ لێدانی تونێلی گاران لە نێوان سنە و مەریوان هێنراوەتە شوێنی لێدانی تونێلەكە، بەڵام PKK داوای پارە لەو كۆمپانیایە دەكات كە تونێلەكە دروست دەكات و دەیەوێ بە زۆر پارەكە لە خاوەن كارەكە وەربگرێ و رێگری لە دروستكردنی تونێلەكە دەكات كە درێژییەكەی 2100 مەترە.

 

سەرچاوەیەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "PKK تا ئێستا 50 ملیۆن تمەنی بۆ دروستكردنی چوار تونێلەكەی سەر رێی مەریوان ـ سنە وەرگرتووە، بەڵام ئێستاش داوای پارەی مانگانە دەكات". ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "ساڵانێكە خەڵكی ئەو ناوچەیە چاوەڕێی ئەوەن ئەم تونێلانە دروستبكرێن كە دەبنە هۆی نزیكبوونەوەی ماوەی نێوان شارەكان، كەچی بەداخەوە PKK ناهێڵێ ئەو پرۆژەیە دەستپێبكات، نازانم ئەمە چ شێوەیەكە لە خەبات. ئێمە ئەم كردەوەیە مەحكوم دەكەین و داوا لە چالاكانی سیاسی، مەدەنی و بەگشتی خەڵكی ناوچەكە دەكەین لە بەرامبەر ئەم كارانەی PKK دا هەڵوێست وەربگرن".

 

ماوەی 10 ساڵە پرۆژەی دروستكردنی رێگایەكی نوێ لە نێوان سنە ـ مەریواندا دەستیپێكردووە كە چوار تونێل لە خۆدەگرێ. ئەم پرۆژەیە نزیكەی 40 خولەك لەماوەی نێوان ئەو دوو شارە كەم دەكاتەوە. ئەم رێگا نوێیە كە درێژییەكەی 140 كیلۆمەترە، سنە ـ مەریوان ـ باشماخ پێكەوە دەبەستێتەوە.

 

ماوەیەك لەمەوبەر لە ناوچەكانی سەر بە شارەكانی سەردەشت و بانە لە رۆژهەلاتی كوردستان، گرووپی چەكدار بە ناوی پژاك ـ پارتی ژیانی ئازادی كوردستان ـ ەوە چووبوونە سەر كارگەكانی پەلەوەر و كارگە بەرهەمهێنەرەكانی دیكەی ئەو ناوچانەو پارەیان لێوەرگرتبوون. پژاك ئامادە نەبوو لەو رووەوە هیچ زانیارییەك بە (رووداو) بدات.

 

سلێمان، كە خاوەنی كارگەیەكی پەلەوەرە لە سەردەشت، بە (رووداو)ی گوت كە ئەوان داوای 3 ملیۆن تمەنیان دەكرد. بەڵام ئەو تەنیا یەك ملیۆنی پێداون. چەكدارەكانیش جامی ئۆتۆمبێلەكەی دەشكێنن و كارەبای دەواجینەكەشی دەبڕن. بەگوتەی ئەو خاوەن دەواجینە بۆ هەر هۆڵێك ملیۆن و نیوێكیان دیاری كردووە. ئەویش چونكە دەواجینەكەی دوو هۆڵ بووە داوای سێ ملیۆن تمەنیان لێكردووە.

 

سلێمان گوتی "چەكدارەكان خۆیان وەك گەریلای پژاك ناساندووە. چەك و رەختی رێكوپێك و نارنجۆكیان پێبووەو جلوبەرگی لە جۆری جلوبەرگی گەریلاكانی پژاكیان لەبەردابوو".

 

سەرچاوەیەكی دیكە بە (رووداو)ی گوت "پژاك بەهۆی وەرگرتنی پارە و گوشار بۆ سەر خاوەن كارگەكانی ناوچەی مەریوان، ئابووری ناوچەكەیان تووشی كێشە كردووە. تەنانەت حكومەتی ئێران سنوورەكانی مەریوانی داخست و ئەمەش رێی لە كاسبی خەڵك لە سنوورەكان گرت و قەیرانی ئابووری بۆ خەڵك دروستكرد".

 

هەر ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ساڵی پار خاوەن كۆمپانیایەكی دروستكردنی رێگاوبان بە ناوی (ن.م) لەلایەن پژاكەوە بە بارمتە گیراو بە دانی 80 ملیۆن تمەن ئینجا ئازاد كرا.

 

رێگای مەریوان ـ سنە هاتوچۆیەكی زۆری لەسەرە. رێگای هاتوچۆی نزیك بە 40 گوند لەسەر ئەم جادەیەیە. هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە بارهەڵگرەكان بەو رێیەدا هاتوچۆ دەكەن و كاڵا و خۆراك دەگوازنەوە بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها بەهۆی بوونی ناوچەیەكی گەشتیاری وەك دەریاچەی زرێبار خەڵكێكی زۆر لەو رێگەیەوە دێنە شاری مەریوان.

‌ • نوسه‌ر:رووداو - هەولێر
 • سه‌رچاوه: رووداو - هەولێر‌
1642جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1758
Share/Save/Bookmark

Jywar
Monday, 20 January 2014 16:31
سلاو وريز

فه رموون ئيوه ريكاكه بكه نه وه يا توو نيله كه به رين كه نه وه