0
خۆپێشاندان لە تورنتۆ بە دژی رژێم و شەپۆڵی نوێی لەسێدارەدان لە ئێران + وێنە
Wednesday, 13 November 2013 09:59
خۆپێشاندان لە تورنتۆ بە دژی رژێم و شەپۆڵی نوێی لەسێدارەدان لە ئێران + وێنە
 
رۆژی یەکشەممۆ، ١٠ی نوامبری ٢٠١٣، بەرامبەر بە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧١٣ی کوردی لە سەر داوای ١٨ رێکخراوی سیاسی و مەدەنی

بە دەستپێشخەری کومیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کانەدا، خۆپێشاندانێکی بەرین لە شاری تورنتۆ بەڕێوە چوو.

 

ئەم خۆپێشاندانە کە بۆ ئیدانە کردنی لەسێدارەدانی ئەم دواییانەی بەندکراوانی سیاسی و بۆ نارەزایەتی دەربڕین بە شەپۆڵی نوێی ئێعدام لە ئێران و دەربرینی نفرەت و بیزاری لە رژێمی کۆنەپەرەستی ئاخوندی لە ئێران رێکخرابوو لە گەڵ پێشوازی گەرمی بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی ئەم دەڤەرەو و ئێرانییەکان لە پێکهاتە نەتەوەییەکانی جیاجیا بەرەوڕوو بوو.

خۆپێشاندەران بە دانی دروشمی جۆراوجۆری دژایەتی لە گەڵ لەسێدارەدان و دژایەتی لە گەڵ رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چەند کاتژمێرێک لەبەردەم شارەداری شاری نۆرتیۆرکی تورنتۆ خۆپێشاندانیان کرد.

پاش خوێندنەوەی چەندین پەیام و بروسکە لە بەشی کۆتایی خۆپێشاندانە نارەزایەتییەکە، بڕیارنامەی خۆپشێاندەران خوێندرایەوە کە تێدا داوای راگیرانی لەسێدارەدان لە ئێران و ئازادکردنی گشتی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران کرابوو.

خۆپێشاندەران پاش خوێندنەوەی سرودی 'ئەی شەهیدان' کۆتاییان بە خۆپێشاندانەکە هێنا.

جێگای ئاماژەیە کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەر بە کومیتەی شارەکانی تورنتۆ، سنت کاترین، کیچینێر-واترلوو و لەندەن لە رۆژهەڵاتی کانەدا بەشداری ئەم خۆپێشاندانەیان کردبوو

‌ • نوسه‌ر:رەحیم رەشیدی
1476جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1745
Share/Save/Bookmark