0
بانگەواز بۆ بەشداری لە کۆرێکی پالتاکی دەربارەی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام
Friday, 01 June 2012 11:29
بانگەواز بۆ بەشداری لە کۆرێکی پالتاکی دەربارەی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام
 
خەڵکی خەباتگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان تێکۆشەرانی مەدەنی, فەرهەنگی و سیاسی   بانگەواز!

خەڵکی خەباتگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان

تێکۆشەرانی مەدەنی، فەرهەنگی و سیاسی

لایەنگران و خەمخۆرانی دیالۆگ، سەبارەت بە داهاتووی پارێزگای کرماشان!

هاووڵاتیانی بەڕێز!

کرماشان و ئیلام دوو پارێزگای گرنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە لە باری مێژوویی و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە گرنگییەکی تایبەتییان هەیە، بەڵام کرماشان دۆخێکی تایبەت و گرنگتری هەیە لەبەر ئەوەی دانیشتوانەکەی سەر بە چەندین زاراوە و ئایینی جیاوازن. ئەم پارێزگایە ناوەند و ئەڵقەی بە یەکەوە بەستنی زۆربەی کوردانی ڕۆژهەڵاتە، کە بە زاراوە و بنزاراوەکانی سۆرانی، هەورامی، گۆرانی، کەڵهوڕی و لەکی دەپەیڤن. ناوچەی کرماشان لە فرەچەشنی و ڕەنگاوڕەنگیدا لە کوردستان بێهاوتایە و، کوردانی ئەم پارێزگایە بەشێک شیعە، بەشێک سونی و بەشێکیتر سەر بە ئایینی یارین. تەنانەت خەڵکانی سەر بە ئایینیەکای یەهوودی، مەسیحی و زەردەشتیش لە ئەم مەڵبەندە دەژین.

بە گشتی ئەم ناوچەیە لە گوڵستانێکی ڕەنگاوڕەنگ ئەچێت. بۆ ئەوەی جوانی ئەم دەڤەرە بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانییەوە بپارێزرێت و دووربێت لە پەتای دووبەرەکی و هەڕەشەی دوژمنان و نەیارانی گەلی کورد، پێویستە هەموو دڵسۆزان، خەمخۆران، تێکۆشەرانی بواری فەرهەنگی، سیاسی و ڕوناکبیرانی ئەم ناوچەیە، لە ڕێگای دیالۆگ و وتووێژەوە، لەیەکتر نزیک ببنەوە. ڕاژە(خزمەت)کردن و پێشخستنی ئەم ناوچانە، ئەرکی سەرشانی یەکە بە یەکەی دانیشتوانیەتی و پێویستە یەکگرتوویی و یەکڕیزیمان لەم ڕەوتە ناسک و مێژووییەدا فرەتر بپاڕێزین. واباشە بە بەهێزکردنی هەستی کورد و کوردستانی بوون، هاوچارەنووس بوون و مرۆڤ بوون، جێگای جیاوازییەکان پڕ بکەینەوە. زۆر پێویستە لە ڕێگەی دیالۆگەوە یارمەتیدەر و پاڵپشت بین بۆ دابینکردنی کۆمەڵگاێەک کە لەودا کەرامەت و شکۆی هەموو لایەک پارێزراو بێ.

دەتوانین لە ڕیگای دیالۆگ و ڕاوێژی بەردەوامەوە، لە ژوورێکی پاڵتاکیدا، کە بۆ ئەم مەبەستە دروستکراوە، زیاتر لە یەک تێبگەین و لێک نزیک بینەوە و، ڕێگە چارەی گونجاو بۆ کێشەکان دەسنیشان بکەین. دیالۆگ کاریگەرترین ئامرازی لێک تێگەیشتن و پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە. دەبا هەوڵدان بۆ لێک تێگەیشتنی تاکەکانی ئەم دەڤەرە، بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان، ببێتە ئەرکی سەرشانی هەموو خەمخۆرانی ناوچەکە.

بەم بۆنەیەوە داوا لە هاووڵاتیانی بەڕێز و هەموو کەس و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت خەڵکی پارێزگای کرماشان بە گشتی دەکەین، کە بە بەشداریکردن لە "ژووری دیالۆگی کوردیی کرماشان"، یەکەم هەنگاوی کار و تێکۆشانی خۆیان لەپێناو بەرژەوەندی ناوچەکەدا هەڵبگرن و، یارمەتیدەر بن بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە ئامانجێکی وەها گرنگ و پڕبایەخ. ناوی ژوورە پاڵتاکییەکە ئەمەیە: "Kurdish Dialogue Rroom for Kirmashan  ". ژوورەکە یەکشەممە   03.06.2012   کاژێر 20.00 بە کاتی ئورووپا دەکرێتەوە و، چەن یەکشەممەیەک هەر لەو کاتەدا بەردەوام دەبێ تا بەشداران دەگەنە ئاکامێکی گونجاو. هاتنە ژوورەوە بۆ هەمووانە، بەو مەرجەی ئەو کەسەی کە بۆ یەکەم جار دێتە ژوورەوە، یان خۆی بناسێنێ، یان کەسێک لەوانەی بەشداری ژوورەکەن، خێرا بنووسن کە ئەو بەشدارە تازەیە دەناسن. سەرکەوتوو بن!

تێبینی: ئەگەرچی بانگەوازەکە بۆ هەموو کەس و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، بەڵام ئێمە ئەم پەرسە بە پرسێکی زیاتر کۆمەڵایەتی(فەرهەنگی) دەزانین و نامانەوێ بکرێتە پرسێکی سیاسی، تا ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک تێیدا بەشداربن و، بارسووکیش بێ بۆ کەس و لایەنە سیاسییەکان کە ئەرکی قورستریان لەسەرشانە.

کۆمەڵێک لە لایەنگرانی دیالوگی کوردانی پارێزگای کرماشان ـ دەرەوەی وڵات 29.05.2012

 

 

‌ • نوسه‌ر:کۆمەڵێک لە لایەنگرانی دیالوگی کوردانی پارێزگای کرماشان ـ دەرەوەی وڵات
4620جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:780
Share/Save/Bookmark