0
بانگەوازێکی مرۆڤدۆستانە و خێرا!
Saturday, 10 December 2011 12:09
بانگەوازێکی مرۆڤدۆستانە و خێرا!
 
ماوەی سێ ساڵە پەنابەرانی بێدیفاعی دانیشتووی کامپی ئەشڕەف لە پارێزگای دیالە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە سەرکوت دەکرێن

و تاکو ئێستاش چەندین جار خەڵتانی خوێن کراون ..

دانیشتووانی ئەم کامپە کە نزیک بە 3400 کەسن، ئەو پەنابەرە ئێرانیانەن کە بەهۆی نەبوونی ئازادی لە وڵاتەکەیان، روویان لە وڵاتانی دەوروبەر و یەک لەوان عێراق کردووە. (58)جار شەرمەزارکردنی حکومەتی ئێران لە لایەن داوودەزگا جیاجیاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خۆی بەڵگەى ئەم راستییەن کە نەیارانی حکومەت لەم وڵاتە سەرکوت دەکرێن.

بە پێی ئەو راستییانەی سەرەوە و بە پێی زۆرێک یاسای نێودەوڵەتی، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئێرانی بۆ وڵاتەکەیان تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتییە و هەرگیز نابێ رووبدات و لە هەمان کاتدا پەنابەران دەبی سودمەند بن لە مافی پاراستن و ئاسایش و دەرنەکردن یاخود جێگۆڕکێ پێکردنی بەزۆرەملی.

بە پێی راگەیاندنێکی رەسمی، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پشت بەستن بە داوکاریی دانیشتووانی ئەشڕەف خۆیان، ئەوانی وەک پەناخواز و پارێزراو راگەیاندووە و داوای لە حکومەتی عێراق کردووە رێگە بدرێت سەردانی ئەم کامپە بکات و لە نزیکەوە فۆڕمی پەنابەرییان بۆ پڕ بکاتەوە. ئەم هەنگاوەی کۆمیساریا بەدوای ئەوەدا دێت کە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە لە کۆتایی ئەمساڵدا کامپی ئەشڕەف دادەخات و دانیشتووانی ئەشڕەف لە عێراق دەردەکات!

لە کاتێکدا کۆتایی ساڵ نزدێک دەبێتەوە، حکومەتی عێراق نەک تەنیا سوورە لەسەر داخستنی ئەم کامپە، بەڵکو زیات لە دوومانگە رێگرە لە بەرانبەر ئەم هەنگاوەی کۆمیساریای باڵای پەنابەران کە تاکو ئێستا لە لایەن زۆرینەی خەڵکی عێراق و خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی ئەورووپا و کۆنگرەی ئەمریکا و زیات لە 4000 پەرلەمانتاری وڵاتانی جیهان و ژمارێکی زۆر لە بەرجەستەترین کەسایەتییەکانی وڵاتانی جیهان و یەک لەوان عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پشتگیری لێکراوە..

بە پێی راگەیاندنەکان، دانیشتووانی ئەم کامپە هەموو نەرمییەکیان لە خۆیان نیشان داوە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکەیان و تەنانەت بۆ گواستنەوەیان بۆ وڵاتانی سێهەم بە پێی دەستپێشخەرییەکەی پەرلەمانی ئەورووپا. بەڵام ئەوان بۆ گواستنەوەی بەزۆرەملی لە ناو خاکی عێراقدا ئامادەییان نییە و کەس نابی چاوەڕوانیی ئەوەیان لێ بکات کە خۆویستانە قەتڵوعام قبووڵ بکەن. ئەگەر ئەوان بەزۆرەملی بگوازرێنەوە، لە دیفاعکردن بەدەر هیچ رێگایەکیان بۆ نامێنێتەوە.

ئێمەی سەرنووسەر و بەڕێوەبەری میدیای کوردی، وێڕای راگەیاندنی پشتگیریکردنمان لە مافە مرۆییەکانی دانیشتووانی کامپی ئەشڕەف داوا لە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لە هەنگاوێکی نائاسایی خێرادا، کار بکات بۆ بەڕەسمی ناسینی دانیشتووانی کامپی ئەشڕەف وەک پەنابەرانی سیاسی. لە هەمانکاتدا داوا لە (یونامی) و نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەین بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کوشتار لەم کامپە، زۆر راشکاوانە نەیاربوونی خۆیان لە ئاست جێگۆڕکێ پێکردنی بەزۆرەملی و دوامۆڵەتی کۆتایی ساڵ رابگەیەنن.

ژمارێک لە سەرنووسەران و بەڕێوەبەرانی میدیا کوردییەکان

 

 

‌ • نوسه‌ر:ژمارێک لە سەرنووسەران و بەڕێوەبەرانی میدیا کوردییەکان
3067جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:453
Share/Save/Bookmark