0
، مودێلێک بۆ داهاتووی ئێران؟ Consensus Democracy دیموکراسی تەوافقی
Friday, 25 April 2014 10:44
، مودێلێک بۆ داهاتووی ئێران؟ Consensus Democracy دیموکراسی تەوافقی
 
ڕەنگە بە هۆی مێژوو، کلتور و تێکەڵاوی ئایینی و نەتەوەیی لە ئێران،

ئەم وڵاتە هەمیشە ناسەقامگیر و بەردەوام لە گەڵ کێشەی ناوخۆیی بەرەوڕوو بووە. لە ئێراندا هەمیشە هەوڵدراوە کوولتور، زمان، ئایین و مێژووی نەتەوەیەکی دیاریکراو زاڵ بکرێت و لە زۆر کەناڵەوەو بە شێوەی سیستماتیک لە هەوڵی سڕینەوەی لایەنەکانی دیکەدا بێت. بەردەوام و بە شێوەی فرە چەشن ژێنوسایتی نەتەوەیی وکلتوری بەشێکی دانەبڕاو، لە سیاسەتی حکومەتە یەک لە دووای یەکەکانی دەسەڵاتدار بە سەر ئێران‌دا بووە. سانتراڵبوونی دەسەڵات لە تاران وایکردووە نەتەوە و ئایینەکانی دیکەی ئەم وڵاتە بەچاوی گومانەوە سەیری بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتدارای بکەن. هەڵبەتە ئەم تێڕوانینە ڕیشەیەکی مێژووی هەیە، چوونکە لە سەر بنەڕەتی ئەو چەشنە سیاسەتە بناغەکەی دانراوە.

 

ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەو فرە ئایینییە، ڕووناکبیرانی پان ئیرانیستیش دەبێ زۆر بە باشی رەچاوی ئەم ڕاستییە بکەن. پاراستنی تەواوەتی ئەرزی ئێران بەبێ لە بەرچاوگرتن و پاراستنی ئەو مافانە، زیاترلە خەونێکی شاعیرانە دەچێت. ئێران تا ئەو کاتەی بە شێوەییەکی جیدی بیر لە ئالترناتیڤێکی پلورال و فرە چەشن کە هەموو نەتەوە و ئایدیا جیاوازەکان لە خۆ بگرێت، نەکاتەوە، ناتوانێ سەقامگیری و تەناهی لە ناو وڵاتدا جێگیر بکات. سەردەمی سڕینەوە‌ی نەتەوە، کوولتور و ئایینە جیاوازەکان بەسەرچووە، ئەوەش بۆ خۆی ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە توانیویەتی بەشێوەیەکی زۆر پتەو لە بیروڕای کۆمەڵی نێونەتەوەییدا جێێ خۆی بکاتەوە(جگە لە ئەندێشەی نادیموکراتی بە ناو رووناکبیرانی پاوانخوازی ئێران)وە، هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ پاراستن‌و داکۆکی لەو مافە ئینسانیانە بە تێکرای دەنگ ماددە و برگەی جۆراوجۆریان هینایە ئاراوە کە بە بیاننامەی مافی مرۆڤ ناوبانگی دەرکرد. ئەگەر لە سەردەمی کورشەوە تا ئێستا نەتووانراوە بەزۆر نەتەوە و ئایینەکانی دیکە ئاسیمیلە بکرێن، زمانێکی واحید و نەتەوەیەکی واحید پێک بێنن، هەنووکە لە سەردەمی ئێستادا کە بە جیهانی تێکنۆلۆژی و سەردەمی بوژانەوەی ئاوەز، رابوونی نەتەوەیی و ئایینیەو...ناوبانگی دەکردوە کارێکی زۆر مەحاڵە.

کەواتە بەپشت بەستن بەو ڕاستیانە، کاتی ئەوە هاتووە ڕووناکبیرانی ئێرانی بیر لە مودێلێک بکەنەوە، کە بۆ جارێکی دیکە مێژوو دووپات نەبێتەوە، بە پاراستنی ئەو جیاوزییە سرووشتیانە تەواوەتی ئەرزی ئێران بپارێزن. رەنگە من وەکوو تاکێکی کورد لە و ڕوانگەی احساسیەوە کێشەم لەگەڵ دابەشبوونی ئێراندا نەبێت، بەڵام باش دەزانم کە یەکەم: سیاسەتی نێونەتەوەیی و ژیۆپۆلیتیکی کوردستان ئەم سەربەخۆییە نەتەوەییە مەحاڵ دەکات.

دووهەم: جیهانی ئێستا زیاتر بەرەو یەکگرتن دەچێ و سنورەکان تەسک دەبنەوە و هێز لە یەکگرتوویی دایە، هەربۆیە ئاگاداری ئەو راستییەش هەم، کە کوردستان لە ئێرانێکی دیموکراتیک‌دا کە مافە نەتەوەییەکانی مسوەگەر کرابێت، لە بواری ئابووری و بۆژانەوەی فەرهەنگیەوە پێشکەوتنی زیاتر و خێراتر بە خۆەوە دەبینێت.

دیموکراسی تەوافقی تیوری سیستەمێکە کە لە هێندێ وڵاتدا تاقیکراوەتەوە. لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە ئەم مۆدیلە وەک سیستەمی دەسەڵاتداریەتی پەیڕەو دەکەن، سەرکەوتوو بوون‌و، تا رادەییەکی زۆر توانیویانە ڕێگە لە شەڕی ناوخۆیی و پارچە پارچە بوونی وڵات بگرن. بەرلەوەی باس لەم مودیلە وەک سیستەمێک بۆ داهاتووی ئێران پێشنیار بکەین، حەز دەکەم ئەگەر بەکورتیش بێت، ئاورێک لەم تئورییە/ یان مۆدیلە بدەینەوە:

لە بنەڕتدا بیرۆکە یان تێزی دەوڵەتی مەدەنی لیبراڵ دیموکراسی و مەشروعیەتی ئەم دەوڵەتە، نەتەوەیەکی سیاسیی یەکگرتووە. ئایدیای دەوڵەتی مەدەنی ئەوەیە کە دەست لە کاروبارە ئایینی و نەتەوەییەکان وەرنەدات و بێلایەن بێت. دەوڵەتی مەدەنی دەبێ پارێزەری مافی شاروومەندی و مەدەنییەکانی تاک بێت. لەڕاستیدا دەوڵەتی مەدەنی دەبێ لە سەر مەبنای مافی مروڤ، ئازادی و دابینکردنی هەلی ژیان بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە شێوەی یەکسان بێت، بەبێ لە بەرچاوگرتنی جیاوازی. لێرەدایە دەوڵەت دەتووانێت بۆ یەکیەتی خاکی وڵات پێوەندی نەتەوەیی، کولتووری و کۆمەڵایەتی تاک لەگەڵ نەتەوەیەکی دیاریکراو بگوازێتەوە بۆ دەوڵەتێکی (فرا)-نەتەوەیی. گرینگە لێرەدا ئەو ڕاستییە لە بیر نەکەین، کە دەوڵەتی مەدەنی لیبراڵ دیموکراسی وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەڵقوڵاوی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و بازاڕی ئازادە، کە ئەستەمە بۆ وڵاتگەلی ڕۆژهەڵات وەک ئێران، عێراق، ئەفقانستان...هتد سودی لێ وەگیرێت، چوونکە ئەم کۆمەڵگایانە لە بوواری کۆمەڵگای مەدەنی و بازارێ ئازادەوە زۆر لاوازن و هەمیشە لەگەڵ شەڕی ناوخۆییدا دەستەویەخە بوونە کە " دەمارگرژیەکی ریشەی" لە نێو ئەم وڵاتانەدا داکوتاوە. لەم وڵاتانەدا دەوڵەتی ناسیونالیزم، لە کولتووری نەتەوەیەکی دیارکراوەوە سەرچاوە دەگرێت، بەم پێیەیە دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی نەک تەنیا ئاستەمە،بگرە زۆر مەحاڵە.

سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهێز و بازارێکی سەنعەتی گەورەیان هەبوو، هەتاکوو دەیەکانی ٦٠ی سەدەی بیستەم، بیرۆکەی دەوڵەت- نەتەوە لە سەر بناغەی نەتەوە و کولتوورێکی دیاریکراو پێک دەهات. هەر ئەمەش وایکرد کە لە یاسای بنەڕەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا گۆڕانکاریگەلێکی زۆر قۆڵ بێتە کایەوە، کە بتوانرێ دەوڵەتێکی مەدەنیی لە سەر بناغەی مافی شاروومەندی بونیات بنرێت. لە زۆرێک لەو وڵاتانە دەسەڵات تا ئاستێکی زۆر دیسانتراڵیزە کرایەوە و حکوومەتگەلێکی خۆجێیی دامەزرا.

تێزی دیموکراسی تەوافقی هەڵقوڵاوی ڕخنەی زانستیانەیە لە تیوری لیبراڵ دیموکراس و دەوڵەتی مەدەنیی. بە بۆچوونی لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە، دەوڵەتی لیبراڵ دیموکراسی لە وڵاتانی چەند نەتەوەیی و چەند ئایینی‌دا هەرگیز ناتووانێ بێلایەن بن و بگرە مەجبوور دەکەون، کولتوور، زمان، مێژوو، سیمبوول و هەتا شێوە ژیانی نەتەوەی باڵادەست، بە سەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنن بۆ ئەوەی رەوایی بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن.

بناغەدانەر و بەناوبانگترین تیوریسیونی، تیوری دیموکراسی تەوافقی ئاراند لایپهارتە. لایپهارت تیوری دیموکراسی تەوافقی بە کاراترین و باشترین مودیلی دەوڵەتداری بۆ وڵاتانی فرە نەتەوە و فرە ئایین دەزانێ. بە باوەڕی لایپهارت دیموکراسی تەوافقی تەنها زامنی دابەشکردنی دەسەڵاتە لە کۆمەڵگا فرە نەتەوەییەکاندا، کە دەتووانێت وڵاتانی فرە نەتەوە لە شەڕی ناوخۆیی و پارچە پارچە بوون ڕزگار بکات. لە هەمانکاتدا ڕێگرە لەبەردەم دروستبوونی دیکتاتووری زۆرینە و زاڵبوونی نەتەوەیەکی دیاریکراو لە وڵاتدا. فاکتورگەلی سەرەکیی دیموکراسی تەوافقی بریتن لە:

١. دەسەڵات و حکومەت و داموودەزگاکان دەبێ لە نوێنەرانی هەموو نەتەوەکان پێک بێت.

٢. حکومەتگەلی خۆجەیی.

٣. هەقی ڤیتو بۆ نەتەوەکان بەتایبەت لە پرسە هەستیارەکان.

بۆچوونی لایپهارت ئەوەیە، کە دیموکراسی تەوافقی ئاشتەواییەکی سەراسەری دێنێتە کایەوە و ڕێگا لە دژکردەوەی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان دەگرێت. دروستکردنی دەسەڵاتێکی یەکگرتوو نەک تەنها ڕێگرە لە جەنگی ناوخۆیی، بەڵکو دەتووانێت لە بوواری ئابووری و پێشکەوتنی کلتوری و کۆمەڵایەتییەوە یارمەتیدەری دروستکردنی کیانێکی یەکگرتوویی فەرا- نەتەوەیی بێت.

هەڵبەتە شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات لە دیموکراسی تەوافقی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە و دەکرێ، بەگوێرەی ڕابردووی هەر وڵاتێک سود لە تیوری دیموکراسی تەوافقی وەربگیرێت. بۆ نموونە لە بلژیک و سویس دەسەڵات لە نیوان نەتەوە جیاوازەکان دابەشکراوە. سەڕەڕای ئەمەش، حکومەتە خۆجێیەکان دەسەڵاتێکی باشیان لە خۆبەڕێوەبەریدا هەیە. لە لوبنان دەسەڵاتی پوستە هەستیارەکانی پەرلەمان، سەروکایەتی وڵات و سەروکایەتی حکومەت لە نیوان سێ ئایینە سەرەکییەکەی ئەو وڵاتە دابەشکراوە، بەڵام لە هەمان کات دەسەڵاتێکی بەهێزی سانتراڵ هەیە( کە پیموابێ دەسەڵاتێکی زۆر مەترسیدارەو، ئەگەری ئەوە هەیە بە پێێ بەرژەوەندیی لایەنە جیاوازەکان بێتە گۆڕەپانەکە تەناهی وڵات تێک بدات).

سەرەڕای ئەوەیکە ئەم تێزە دەتووانێ کاریگەرییەکی باش و پوزەتیڤی بۆ وڵاتانی فرە نەتەوە و فرە ئایین هەبێت، بەوحاڵەش نابێ خاڵە لاوازەکانی لەبەرچاو نەگرین. دیموکراسی تەوافقی ئەگەر لەلایەن نوخبەکان و سیاسەتوانانەوە شرۆڤە نەکرێ‌و بە تێگەیشتنەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێ، وڵات بەرەو دەمارگرژییەکی‌ ناسیونالیستانەی کوێرانە دەبا، کە بەرئەنجامێکی خوێناوی لێ دەکەوێتەوە. لەم مودیلەدا دیموکراسی بەمانا لیبراڵەکەی پێناسە ناکرێت. دیموکراسی لە بنچینەدا بەرژەوەندی زۆرینە لەبەرچاو دەگرێ، بەڵام دیموکراسی تەوافقی تەواوی بەرژەوەندییەکان وڵات بە سەر کەماییەتییە ئایینی‌و نەتەوەییە جیاوازەکان دابەش دەکات.

هەنووکە تا رادەییەک لە واتای دیموکراسی تەوافقی گەیشتن بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە ئاخۆ ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی ئەو فاکتەرانەی تێدایە کە کەڵک لە ئەزموونی دیموکراسی تەوافقی وەربگرێت؟ بە لە بەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانە کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە چەشنە، ئاخۆ دیموکراسی تەوافقی میکانیزمێکی باشە؟ پێکهاتەکانی ئێران بەدریژایی مێژوو لە زۆربەی هەرە زۆری مافەکانیان بێبەش کراون، ئەمە لە کاتێک دایە ئەو سیاسەتە ناتەندروستە لەلایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان بە شێوازی جۆراوجۆر و، بە مەبەستی ئاسیمیلە کردنی کەمایەتییەکان، لە پێناو بەرز نرخاندنی شۆناسی نەتەوەیی، نەتەوەییەکی تایبەت پێرەوکراوە. بە درێژایی ئەو ماوە دوور و درێژە ئیزنیان بە دەرکەوتنی کولتوور، سیمبوول، زمان، مێژووی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکە نەداوە. هەر بۆیە ئەم کەمایەتییانە بۆ پێشگرتن لە توانەوەی زیاتر و، بەرگری لە شۆناسی ئینسانیان ناچار بوون پرچەکرداری توندو خوێناوی لە خۆیان نیشان بدەن. ئەو گوشار و هەڵاواردنانەی نەتەوەی باڵا دەست بۆتە هۆی درووستبوونی رابوونی نەتەوەیی‌و... هەڵاتن لە سیستەمی داخراو و بیرکردنەوە لە دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی لە سەر بنەمای سیمبوولە نەتەوەییەکان.

دیموکراسی تەوافقی بەگشتی ڕێگا خۆشکەرە بۆ بەشداری نەتەوەکانی پێکهینەری ئێران لە پرۆسەی سیاسیی و دەسەڵاتداریەتی. پێکهاتنی حکوومەتی خۆجێییەکان یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی دیموکراسی تەوافقییە. بە باوەڕی من ئەو سیستمە نە تەنیا یەکپارچەیی وڵاتی دەپارێزێ، بەڵکو دەکرێ ببێتە هۆی بەرپرسیارییەتی بۆ سارێژکردنی برینە کۆنەکان.سەرەڕای ئەوە ئەزموونی وڵاتانی دیکە نیشانیداوە کە حکومەتگەلی خۆجەیی رۆڵێکی بەهێز لە بووژانەوە ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی کۆمەڵەکەیان دەگێڕن. رووناکبیران و دەسەڵاتدارانی ئێران نابێ چاو لەو ڕاستییە بنووقێنن کە، جگە لە چەند شار، زۆربەی هەرە زۆری ناوچە کورد، عەرەب، تورکەمەن‌و بەلووچەکانی ئێران لە زۆر پێداویستی مرۆییەکان بێبەش کراون. ناکرێ دەسەڵاتی وڵاتێکی پان‌وبەرینی وەک ئێران تەنیا لە ناوەند چڕ بکرێتەوە، بە پیچەوانە لە ڕێگای دیسانتراڵە کردنی دەسەڵاتەوە، سیاسەتوانان باشتر لە هەر کاتێکی دیکە دەتوانن ئاگاداری حاڵ و گوزەرانی خەڵک بن و، لە ڕێگەی حکومەتە خۆجییەکانەوە داخوازییەکانی خەڵک دابین بکەن. ڕەنگە رووناکبیرانی ئێران، بەتایبەت فارسەکان باش لە راستییەکانی کومەڵگای ئێران ئاگادار نەبن‌و، زانیارییەکانیان هەر ئەوانە بن کە لە رێگەی زمانەحاڵەکانی ناوەندەوە پێیان گەیشتوە و زۆر جێگەی متمانە نین، چوون بنەمای ئەندێشەکانی ناوەند لە سەر چەواشەکردنی راستییەکانی کەمایەتییەکانەوە سرچاوەی گرتووە،هەر بۆیە کاتێک باس لە مودێلی دیکە دەکرێ، جگە لە دابەشبوونی ئێران چیدی دیکەیان بەخیاڵدا نایەت.

بەپشتبەستن بە فاکتورگەلی سەرەوە، لەوباوەڕدام دیموکراسی تەوافقی، ئەگەرچی لە هێندێ بووارەوە لاوازی هەیە، بەڵام رەنگە مودیلێک یان تەقریبەن ئالترناتیڤیکی باش بێ هەتا سەرگرتنی پرۆسەی دیموکراسی راستەقینە لە ئێران‌دا.هەڵبەتە لە تەنیشت ئەواشدا ڕاوێژ و دیالوگ لە ناوەندە ڕووناکبیری و ئاکادیمیەکاندا زۆر گرنگە بۆ دۆزێنەوەی مودیلێک کە زیاتر لە گەڵ پێکهاتەکانی ئێراندا دەگونجێت. هەروەها رووناکبیرانی کوردیش دەبێ ئەم بابەتە بەجیدی بوورووژێنن و سیاسەتووانانی ئێرانی مەجبوور بکەن کە بیر لە ئاڵترناتیڤی دیکە بکەنەوە. پێموابێ ئاڵترناتیڤی دیموکراسی لیبراڵی ناتوانێ میکانیزمێکی شیاو بێت بۆ پاش رووخانی کۆماری ئیسلامی. چوون ئەو سیستمە ناتووانێ کێشە نێوخۆییەکانی ئێران چارەسەر بکات و وڵات زیاتر بەرەو قەیران دەبات.

سەفەر ئەزیزی

 

‌ • نوسه‌ر:سەفەر ئەزیزی
2441جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1902
Share/Save/Bookmark