0
هەڕەشەکانی عەرەب، هۆشدارن بۆ کورد!
Thursday, 03 April 2014 07:05
هەڕەشەکانی عەرەب، هۆشدارن بۆ کورد!
 
ڕۆژی شەمە ڕێکەوتی ٢ی خاکەلێوەی ٢٧١٤ی کوردی،

ڕۆژنامەنووسێکی عەرەب لە بەغدا لە لایەن ئەفسەرێکی کورد سەربە لیوای پاراستنی بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی سەرۆککۆماری عێراق کوژرا. لە پاش ئەو ڕووداوە دەیان کەس و کەسایەتی عێراقی و عەرەب لەسەر ئەو ڕووداوە هاتنە قسە و دەستیان کرد بە هەڕەشە کردن لە کورد و داوای ئەوەیان کرد کە هێزی پێشمەرگە لە بەغدا دەربکرێت. تەنانەت لە یەکی لە وێنەکاندا کە بڵاو کراوەتەوە، لولەی تانک و دەبابەی سپای عێراق ڕووی کردووەتە کۆشکی کۆماری سەرۆککۆماری عێراق. لە کەس شاراوە نییە کە هەر لە سەرەتای ئازادبوونی عێراقەوە بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە شۆڤینییە عەرەبەکان لە دژی کورد درووشمیان بەرز کردووەتەوە و بە شاراوە و بە ئاشکرا لە دژی کورد هەڵوێست وەردەگرن و دژایەتی کورد دەکەن.

 

 

بەڵام لەم نێوەندەدا قسەکانی سەرۆک وەزیری عێراق نوری مالکی سرنجی زۆر کەس و لایەنی ڕاکێشا، نوری مالکی کە لە بنەڕەتدا پێوەندییەکی زۆر باش و نزیکی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبووە، تەنانەت شەهادەکەشی لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەرێمی کوردستان بەدەست هێناوە، هەر چەند کەس ناوبراوی لەو زانکۆیە نەبینیوە!. هەروەها ئەگەر کورد نەبوایە مالکی بۆ تاکە ڕۆژێکیش نەدەبووە سەرۆک وەزیر و دەسەڵاتی بەدەستەوە نەدەگرت. کەچی لە دژی کورد دێتە زمان و دەست بە هەڕەشە کردن لە کورد دەکات و دەڵێت خوێن بە خوێن پاک دەکرێتەوە، پێچەوانەی ئەو پەندەی پێشینانی ئەفغان کە دەڵێت «خون با خون شستە نمیشە» واتا «خوێن بە خوێن ناشۆریت».

 

کاتێک مالیکی دەڵێت کە خوێن بە خوێن پاک دەبێتەوە، بەو واتایە دێت کە ئەو ئاماژە بە هێمای تۆڵەسەندنەوە دەکات و ڕقێکە کە لەناو مێشکی ئەو و بەرپرسانی دیکەی عێراقدا گەشەی کردووە و جێی گرتووە و بەدوای بیانوودا دەگەڕێن بۆ ئەوەکە بیتەقێنن. لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بە ڕوونی بۆ نەتەوەی کورد ڕوون بووەتەوە کە نەتەوەکانی عەرەب و توورک و فارس وەک کورد بیر ناکەنەوە و تۆی تۆلەسەندنەوە لەناو مێشک و بیر و هزریاندا گەشە دەکات. چوونکوو کاتێک عەرەب و بەرپرسانی عەرەبی عێراق باس لە تۆڵەسەندنەوەی خۆێنی ڕۆژنامەنوسێکی عەرەب دەکەن کە لە لایەن ئەفسەرێکی کوردەوە بەڕێکەوت کوژراوە، ئەوەش لە پێناو ڕاگرتنی هێمنی و ئاساییشی شارێکی عەرەبنشین، ئەی دەبێ کورد چۆن بیر بکاتەوە لە کاتێکدا کە ڕاستەوخۆ ١٨٢ هەزار ژن و منداڵی کورد و ٨ هەزار بەرزانی و ٥ هەزار خەڵکی سڤیلی کورد لە شاری هەڵەبجە لە لایەن دەسەڵاتدارانی عەرەبەوە کوژراون.

 

بۆ دەبێ کورد بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکات! لە ماوەی دەیان ساڵ دەسەڵاتدارێتی عەرەب بە سەر نەتەوەی کورددا هەزار کوردی دیکە کوژران و گیانیان لەدەست داوە و سەرکوت کراون و کەسیش ئاگاداری ئەو ڕووداوانە نەبووە. بۆ دەبێ کورد هەمیشە مێژوو و تراژیدیی مێژوویی لەبیر بکات و لاپەڕەی نوێ هەڵبداتەوە، بەڵام داگیرکەر دیسان یاری بەچارەنووسی بکاتەوە، ئایا ئەوە لە ساوایی سەرکردایەتیی کوردەوە دێت یان خود لە زیرەکیی و بەئەزموونی داگیرکەرانی کوردستان؟! بێگومان لە لاوازیی کورد سەرچاوە دەگرێت، کورد هەست بەبەرپرسیارێتی نەتەوەیی ناکات هەرچەند ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەییە گرینگ و پڕ باییخ و شوێندانەر بێت.

 

سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە دەیان هەڵەی مێژوویی ئەنجام داوە، یەکێ لەو هەڵانە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە کە هەنووکە دژوارە ئەو ناوچانە بگەڕێنرێتەوە سەر هەرێم، هەروەها کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لە پێوەندی بە خاک و ئاو و نیشتمانەوە نەبووە و نییە، بەڵکوو لەسەر بودجە و پارە و نەوتە. هەر چەند تاکوو ئیستاش ڕوون نییە کە بەشە بوجەی هەریم بە ڕاستی ١٧ لە سەدە یان خود کەم یان زێترە. ئێمە لە ماوەی ئەو ١١ ساڵەدا کە عێراق ئازاد بووە نەمانبینیوە کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە پێوەندی بە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم هەڵوێستێکی مەزن لەخۆ بنوێنێت و پاشەکشێ بە هزر و بیری شۆڤێنی عێراقی لە بەرامبەر کورد بکات.

 

بگرە هەنووکە پتر لە سەردەمی ڕژیمی بەحسی لەناوچوو کورد لە دەرەوەی هەرێم ڕاو دەنرێت و دەردەکرێن، هەڕشەی تیرۆرستان بۆ سەر کورد پەرەی سەندووە و ڕۆژانە هاوڵاتییانی کورد لەو ناوچانە دەکەونە بەر ڕق و کینەی عەرەبە شۆڤینییەکان و ئەو ناوچە کوردستانییانە بەجێ دەهێڵن و ڕوو لە هەرێم دەکەن. ئەمەش بووەتە مەترسییەکی مەزن بۆ سەر دانیشتووانی کورد لەو ناوچانە و ڕێژەی کورد تاکوو دێت بەرەو کەمی دەچێت. واتە ڕاگواستن بە چەشن و شێوەیەکی دیکە لە عێراق لە دژی کورد بەڕێوە دەچێت و لە کەشێکی بێدەنگدا ئەو پلانانە جێبەجێ دەکرێن. ئاستی مەترسی بۆ سەر شۆناسی کورد و کوردبوون لەو ناوچانە زۆر لە سەرەوەیە، چوونکوو هەنووکە هاوڵاتییانی کورد لە ترسی هەڕشەی عەرەب و تیرورستان و لەبەر نەبوونی ئاساییش خۆیان ئەو ناوچانە چۆڵ دەکەن. ئەگەر کەسێک خۆی ماڵ و ژیانی بەجێ بهێڵێت، ئەستەمە کە دواتر بگەڕێتەوە ناوی، بەڵام ئەگەر دەریان کرد ئەوە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کە ئەو مافەی کە لە دەستی داوە و لێیان زەوت کردووە بەدەستی بهێنێتەوە.

 

لە دۆخێکدا کە چارەنووسی ئەو ناوچانە بەرەو لێڵی دەچێت و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەگەر بەو چەشنە هێرش و هەڕەشەی تیرۆرستان بۆ سەر هاوڵاتییانی کورد بەردەوام بێت، لەوانەیە کورد بۆ هەمیشە ئەو ناوچانە لە دەست بدات، کەچی سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵوێستی وەرنەگرتووەو و گرینگی و باییخ بەو ڕووداوانە نادات کە لە دەرەوەی هەرێم ڕوو دەدەن و هاوڵاتییانی کورد دەبنە قوربانی ئەو دۆخە. پێویستە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان درێژە بە سیاسەتە هەڵەکانی خۆی لە گەڵ هێزە عێراقییەکان نەدات و پێداچوونەوەیەکی قوڵ بۆ ئیستراتیژییە هەڵەئامێزەکانی خۆی بکات و هەوڵ بۆ نۆژەنکردنەوە و ڕاست کردنەوەی هەڵەکانی بدات.

 

پێویستە کە جاریکی دیکە هەرێمی کوردستان بنەما و بناغەکانی پلانە نەتەوەیی و سیاسیی و ئیستراتیژییەکانی سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە و ڕوانگەی گەلی کوردستان و شەقامی کوردی لەو پێوەندییەدا هەڵبسەنگێنێت و لەبەرچاو بگرێت. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە ئەو دەستکەوتانەی کە هەنووکە کورد بەدەستی هێناوە، بە خوێنی گەل بەدەست هاتووە و دەبێ ڕوانگەی گەلیش لەبەرچاو بگرن. ئەگەر شۆڕشی کورد لە ساڵەکانی ٧٤ و ٧٥ نسکۆی نەهێنابایە و خوالێخۆشبوو ژنێڕاڵ بەرزانی نەمر لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی ناوەندی بگەییشتبایە ڕێکەوتن، ئەو دەستکەوتەی کە هەنووکە بەدەست هاتووە ئەو کاتیش مسۆگەر دەبوو. کەواتا کورد تاکوو ئیشتاش شتێکی نوێی بەدەست نەهێناوە و پێویستە بەردەوام درێژە بەخەبات بدات بۆ ئەوەکە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە سەر هەرێم، بەڵام ماوەیەکی زۆرە کە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم ئەو ناوچانەی لەبیر چووەتەوە و گرینگی پێنادات، وەک ئەوە وایە کە ئەو ناوچانە بۆ هەمیشە لە کوردستان دابڕابن.

 

هەروەها لە پێوەندی بە دۆخی سیاسیی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان پێویستە حوکوومەتی هەرێمی کوردستان پەرە بە ئازادییە تاکەکەسیی، ئازادی نووسین و بڵاوکردنەوەی بیروڕای ئازاد بدات، ئازادی پرسێکی جیاوازە و پێوەندی بە پرسی نەتەوەییەوە نییە، ئازادی مافێکی ڕەوای مرۆڤە، وەک ویستێکی مرۆڤایەتی پێویستە کە بۆ مرۆڤ دەستبەر بکرێت. نەبوونی ئازادی یان خود بەرتەسکردنی ئازادیی و ڕێگرتن لە بەرفەراوان بوونی دەبێتە هۆی ئاژاوە و ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و تەنانەت ئابووریش. بۆیە لە نەبوونی ئازادیدا باییخە کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەکان گرینگیان نامێنێت و شیرازەی کۆمەڵگا بەرەو لاوازی دەچێت و ڕووی لە ڕۆخان و داڕمان دەبێت.

 

بۆ ئێمە کە وەک نەتەوەیەکی بندەست مێژووی نەتەوایەتییمان تۆمار کراوە و گەلەکەمان چەوسانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و لە لایەن داگیرکەرانیەوە چەوساوەتەوە، ئازادی وەک پرسێکی مەزن و گرینگی کۆمەڵگای کوردستان سەیر دەکرێت. کاتێک کە ئازادی لە کۆمەڵگای کوردستان بەرتەسک دەکرێتەوە، تراژیدیای مێژوومان بەبیردا دێتەوە و ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕۆخسار و دەروونی تاکی کۆمەڵگای کوردی دادەنێت و مرۆڤی کورد هەست بەچەوسانەوە دەکات، چوونکوو لە مێژووی نەتەوەکەماندا دەیان تراژیدی ڕووی داوە. ئەگەر هەر گەل و نەتەوەیەک لە مێژوویدا تراژیدی تۆمار کرابێت، بە ئاسانی ئەوە مێژووە لەبیر ناکات و بۆ سەدان ساڵ کاریگەری نەرێنی لەسەر دەمێنێ و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەرتەسکردنی ئازادیدا هەست بەرۆخان دەکات.

 

کورد وەک کۆنترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێویستە کە مێژووی کۆنی خۆی لەبیر نەکات و هەمیشە لە ڕاستای بەدەست هێنانی مافە نەتەوەییەکانی پەرە بە خەبات و تێکۆشان بدات و داڕشتنی ئیستراتیژی سیاسیی لە ڕاستای هاتنە دی ئامانجە نەتەوەیی و مرۆڤایەتییەکانییەوە بێت. گەلی ئێمە لە هیچ دۆخ و قۆناغێکی مێژوویدا نەکەوتووەتە ژێر کاریگەری سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، هەمیشە بەرخۆدانی لە ڕاستای هاتنەدی ئامانجەکانی درێژە پێداوە. کاتێک کە نەتەوەی کورد لە سەردەمی ئیمپراتووری عووسمانی و سەفەوییدا کەوتە ژیر کاریگەری ئەو دوو هێزە ئایینییە، ئیتر خاکەکەی لەتلەت کرا و بۆ یەکەمینجار کوردستان لە ساڵی ١٥١٤ ی زایینیدا بوو بە دوو بەش و ئیمپراتوورییەتی عووسمانی و سەفەویی لە نێوان خۆیاندا دابەشیان کرد.

 

هەنووکە سیاسەت و ئیستراتیژی ناوچەیی بەرەو ئەو ئارەستە دەڕوات کە ئەو دوو ئیمپراتوورە سەر لە نوێ و بەشێوەیەکی نوێ لە ناوچەکە خۆڕێک بخەنەوە و هەوڵ بۆ کۆنترڵ کردنی ناوچەکە دەدەن، دیارە کورد وەک هەمیشە بەشێک لە پڕۆژەی ئەو دوو هێزە ناوچەییە کە هەنووکە ئێران و توورکیە نوێنەرایەتی دەکەن، پێک دەهێنێت و لەخۆ دەگرێت. ئیستا ئارەستەی ئیستراتیژی سیاسیی کورد لە دوو بەرەدا خۆدەنوێنێت، بەرەیەک کە پارتی دیموکراتی کوردستان، عەرەبە سوونەکانی ناوچەکە و تورکمانی عێراق نوێنەرایەتی دەکات و لە توورکییە نزیکن و توورکیەش پارتێکی ئیسلامی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و ئەو پارتەش هەوڵ بۆ زیندوو کردنەوەی ئیمپراتووری عووسمانی بەشێوەیەکی نوێ دەدات، چوونکوو تاکوو هەنووکە بۆ چوونەناو یەکێتی ئەورووپا شکستیان هێناوە و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئیتر باییخ بەچوونەناو یەکێتی ئەورووپا نەدەن، گەڕانەوەی توورکییە و بتەوکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لەو ڕاستایەدا دێت.

 

کۆماری ئیسلامیش هەر لە سەرەتاوە درووشمی پێکهێنانی ئیمپراتووری شیعەی بەرزکردووەتەوە و دەمێکە بە کردەوە کاریگەری لەسەر کەمینە شیعەکانی ناوچەکە داناوە. ئەوەمان لەبیر نەچێت کە هەنووکە پارتی کرێکارانی کوردستان و پەیەدە و گۆڕان و یەکێتی نشتیمانی کوردستان و شوێنکەوتووەکانی پارتی کرێکاران و ڕژیمی سووریە لە بەرەی کۆماری ئیسلامی ئێران دان. پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەسەر دوو لایەندا دابەش کراون، بەشێکیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانن و بەشەکەی دیکەیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، واتا هەردوو لایەن لەژێر کاریگەری ئەو دوو هێزەدان، بۆیە ڕۆڵی لاواز دەگێڕن و ناتوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن.

 

ئەوەش ئەو مێژووەمان بەبیردا دەهێنێتەوە کە لەسەردەمی ئەو دوو ئیمپراتوورییە واتا عووسمانی و سەفەوییدا کوردەکان ١٦ میر و ٥٢ سەنجاقیان هەبوو و لە ناوچەکانی خۆیان دەسەڵاتی کاتییان بەدەستەوە بوو، تەنانەت بەشێک لە میرەکان مافی ئەوەیان هەبوو کە پارەش لەچاپ بدەن، بەڵام مافی ئەوەیان نەبوو کە یەکبگرن. مەبەستم ئەوەیە کە لە هەر کات و سەردەم و دۆخێکدا ئەگەر کورد لە ژێر کاریگەری هەژموونی سیاسیی و هزری داگیرکەرەکەیدا بێت، بەدڵنیا کورد مافی خۆی بەدەست ناهێنێت و تەنیا ڕۆڵی یاریکەرێکی دۆڕاو دەگێڕێت و ئەو دەستکەوتانەش کە بەدەستی هێناوە دەکەوێتە مەترسییەوە. بەڵام ئەوەی کە سرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە زۆربەی سەرکردە کوردەکانی ئەمڕۆ پێچەوانە، ڕوانگەی ڕەخنەئامێزیان بۆ ڕووداوەکانی مێژوو هەیە و ڕەخنە لەو مێژووە دەگرن کە ئەو هەڵانەی تێدا ڕووی داوە، بەڵام لەملاشەوە خۆیان ئەو مێژووە دووپات دەکەنەوە و داهاتووی نەتەوەی کوردیان خستووەتە ژێر هەژموونی داگیرکەران و بە بەڵێنی داگیرکەران دڵخۆشن یان خود توانای لێکدانەوەی پرس و باسەکانیان نییە و لە شرۆڤەکردنی ڕووداوەکان لاوازن، ئەوەش داهاتووی کورد لێڵاویی دەکات.

 

ڕۆژگارێک کورد خەباتی بۆ ئەوە دەکرد کە مافەکانی لە یاسای بنەڕەتی وڵاتانی داگیرکەردا بچەسپێت و بەفەرمی بناسرێت، بەڵام هەستیان بەوە نەدەکرد کە تەنیا نووسینی ماف لە یاسای بنەڕەتی وڵاتدا بەس نییە، چوونکوو ئەو یاسایە دەکرێ بگۆڕدرێت یان خود هەڵبووەشێتەوە یان جێبەجێ نەکرێت، بۆ نموونە وەک مادەی ١٤٠ کە ئیستا کەس لەبیری نەماوە. هۆکاری ئەوە کە بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسیی و پارتە سیاسییەکانی کوردستان دڵخۆشبوون بەوەکە مافی کورد لە یاسای بنەڕەتی وڵاتی عێراقدا دانی پێدا نراوە ئەوە بوو کە کورد لە پاش ڕێکەوتنی سێڤەر و لۆزان تاکوو ئیستا مافەکانی بەو چەشنە لەیاسای بنەڕەتی وڵاتانی داگیرکەردا دانی پێدانەنراوە و بەفەرمی نەناسێنراوە، ئەوەش بۆ بێئەزموونی کورد دەگەڕایەوە کەو بەوچەشنە بەڵێنییانە دڵخۆش دەبوون، بەڵام ئیستا بەشێک لەوان هەست بەو ڕاستییە دەکەن کە دانپێدانان لە یاسای بنەڕەتی وڵاتدا بەس نییە، بەڵکوو دەبێت ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت، ئەو کات گرینگی و باییخی دەبێت. بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە ئەگەر هەرێم بەدەسەڵات و بەهێز نەدەبوو ئیستا کێشەکانی لەگەڵ بەغدا زۆر لەوە زیاتر دەبوو کە هەنووکە هەیە.

 

ئیستا مەزنترین هەڵەی ئیستراتیژی و سیاسیی کورد ئەوەیە کە پڕۆژەی نەتەوەیی خۆی لە چوارچێوەی سیاسەت و ئیستراتیژی ئەو دوو هێزەی ناوچەکە واتا ئێران و توورکییە جێ کردووەتەوە، ئەوەش کورد بەرەو لاوازی دەبات، چوونکوو ڕۆڵی خۆی وەک هێزێکی سەربەخۆ کە ئیستراتیژی سەربەخۆی هەبێت لە دەست دەدات، لە کۆتاییدا کورد دەبێتە سووتەمەنی ئەو دوو هێزە و ئاڵۆزی لە کوردستان پەرە دەستێنیت، پێویستە کورد لە ئیستاوە ئیستراتیژی خۆی لەسەر هێز و پێگەی خۆی دابڕێژێت، چوونکوو بەهێزیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرژەوەندی وڵاتانی ئێران، توورکییە، سووریە و عێراقدا نابێت و لە ئاکامدا ئەو وڵاتانە لە دژی کورد هاوکاری یەک دەکەن و یەک هەڵوێست دەبن و ڕوانگە جیاوازەکانیان یەک دەخەن.

 

لە مێژووی پانسەد ساڵی ڕابردوودا هەردوو ئیمپراتووری سەفەویی و عووسمانی مەزنترین مەترسی بۆ سەر پێگەی کورد لە ناوچەکە بوونە، لە پاش ڕۆخانی ئەو ئیمپراتوورییانەش دیسانەوە کورد لە ژیر دەستی پاشماوەی ئەو دوو ئیمپراتووریە ماونەتەوە و هێماکانی ئەو دوو دەسەڵاتە لەسەر هێز و پلانی کورد لە باکوور و باشوورەوە دیارە. لەوەش کێشەزاتر ئەوەیە کە بەشێک لە پارتەکانی باکوور و باشوور لەژێر کاریگەری ئەو دوو هێزەی ناوچەکەدا دژایەتی یەک دەکەن و خەباتی ڕۆژئاوای کوردستانیش کردووەتە قوربانی ئەو هەژموونانە کە زاڵە بەسەریانەوە و ڕێ لەسەربەخۆیی سیاسییان دەگرێت. ئیستا ئەوە لە کەس شاراوە نییە کە ئەمڕۆ یەکێتی و یەکڕیزی کورد بووەتە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر و تێکەڕای لایەنەکان بەبێ گرینگیدان بە نێۆڕۆکی ئەو یەکڕیزییە درووشمیان بۆ بەرز کردووەتەوە، بەڵام لە گۆڕەپانی کردەوەدا خۆیانی لێبەدوور دەگرن و ئۆباڵی کێشەکان و پێکنەهاتن دەخەنە ئەستۆی یەکتر.

 

هەر نەتەوەیەک مێژووی لە بیر بکات و گرینگ و باییخ بەو خوێنە نەدات کە لە پێناو سەربەستیی و ئازادیدا داوێتی، هیوای دواڕۆژی لەبیر دەکات و ئامانجە مەزنەکەی کەخۆ لە پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی و دواڕۆژێکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتووی دەبینێتەوە، دەستبەر ناکات، هیوادارم کە نەتەوەی ئێمە و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەست بە هەستیاربوونی دۆخی سیاسیی نەتەوەکەمان بکەن و ئازادییەکان بەرفەراوانتر بکەن و گەندەڵی ڕیشەکێش بکەن و هیواکانی گەل نەکوژن و چاکسازی بهێننە کایەوە. نابێ دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئیزن بەوە بدات کە خەڵکی کوردستان هەست بە مایەپووچی خەبات و تێکۆشانیان بکەن و کۆمەڵگا لەو خەبات و خوێنەی کە لە پێناو ئازادی و سەربەستیدا داوێتی پاشگەز بێتەوە و ئارەزووی ڕۆژگارێکی دیکە و حوکمڕانی دیکە بخوازێت.

 

لە ڕێڕەوی مێژوودا زۆر وانە فێر بووینە کە باس لەوە دەکەن کاتێک کە دەسەڵاتی گەندەڵ یان خود زۆرداری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی باڵ بەسەر وڵاتدا دەکێشێت و خەڵک لە دەسەڵات بێزار دەبن و هاوکات دەسەڵات بە شێوازە جیاوازەکانی، کۆمەڵگا دەچەوسێنێتەوە، ئەو کات دووژمن و نەیاری سەرەکی گەل و دەسەڵات کە خۆی بۆ کاتێکی گونجاو و لەبار حەشار داوە، خۆی دەردەخات و لەدژی نەتەوە و دەسەڵاتی سیاسیی ڕادەوەستێت بۆ ئەوەکە کۆتایی بە ژیانی سیاسیی و خۆبەڕێوەبەریی نەتەوەیەک بهێنێت. نەتەوەی کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتاییبەتی کە هەنووکە کیانێکی سیاسیی و یاسایی لە چوارچێوەی عێراقدا پێکهێناوە، چەندین نەیاری مەزنی هەیە کە لە لێواری سنوورەوە مۆڵیان داوە. بێگومان سەرکەوتن یان خود بشێوی و ئاڵۆزی هەر پارچەیەکی کوردستان کاریگەری نەرێنی و ئەرێنی لەسەر پارچەکانی دیکە دادەنێت. بۆیە پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێم گرینگ و پڕ باییخن.

 

ژئۆپولیتیکی کوردستان بەچەشنێکە کە داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەن کە دۆخەکە پێچەوانە بێتەوە و گوشار بخەنە سەر هەریمی کوردستان یان خود هەوڵی لەبار بردنی دەسەڵاتی کوردی لە ناوچەکە بدەن، بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان تاکوو هەنووکە نەیتوانیوە کە ڕووداوە پێشهاتووەکانی ناوچەکە لە قازانجی کورد و هەرێمی کوردستان بشکێنێتەوە و پاشەکشێ بە هزری داگیرکەری بکات و یەکێتی نەتەوەیی بێنێتە کایەوە. بێزاربوونی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم و درێژەکێشانی نادادپەروەری و هەوڵنەدان بۆ چاکسازی لە هەرێم، دەبێتە هۆی ئەوە کە داهاتووێکی باش چاوەڕێی دەسەڵاتی سیاسیی و تەنانەت کۆمەڵگای هەرێمی کوردستانیش نەکات.

 

مەزنترین و گرینگترین بەردی بناغەی هەر دەسەڵات و سیستمێکی حوکمڕانی ئەوەیە کە پێش هەموو هەنگاوێک هەوڵ بۆ بناغەداڕشتنی ئابوورییەکی بەهێز بدات، بێگومان تاکوو ئابوورییەکی سەربەخۆ کە پشتئەستوور بێت بە داهاتی نێوخۆیی لە گۆڕێدا نەبێت گونجاو نییە کە باس لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی بکرێت و بەکارهێنانی ئەو کارتەش وەک هەڕەشە کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگە و هێزی کورد دادەنێت، چوونکوو کورد جارێ بڕیاری ئەوەی نەداوە کە لە عێراق جیا بێتەوە و ورووژاندنی ئەو کارتەش کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا قوڵتر دەکاتەوە، ئێمە کاتێک دەبینین کە هەرێمی کوردستان توانای ئەوەی نییە کە موچەی مانگێکی فەرمانبەرەکانی دابین بکات، ئیتر بەو ئەنجامە دەگەین کە هەرێمی کوردستان پلانی ئەوەی نییە کە بۆ دەیان ساڵی دیکەش لە عێراق جیابێتەوە، بۆیە بە پێویستی دەزانم کە ئاماژە بەوە بکەم کە گونجاو نییە لەگەل کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دژکردەوەی هەستەکی پێشان بدرێت، ئەوە لاوازی سیاسیی ئێمە وەک نەتەوەی کورد دەردەخات، هەرچەند وڵاتەکەمان دەوڵەمەندە و سەدان سەرچاوەی ژێر زەوی وەک نەوت و گازی هەیە، بەڵام تاکوو ئیستاش ژێرخانی ئابووریی هەریم لاوازە و ئەو سەرچاوانە بەشێوەیەکی ڕوون لە بەرژەوەندی گەلدا سەرف ناکرێن.

 

‌ • نوسه‌ر:ئاریتما موحەممەدی
2206جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1890
Share/Save/Bookmark