0
تا ئه‌به‌د عیشق ده‌ڕژێ‌
Friday, 24 January 2014 10:02
تا ئه‌به‌د عیشق ده‌ڕژێ‌
 
  تا ئه‌به‌د عیشق ده‌ڕژێ‌

هه‌ر ده‌م پڕم له‌و خورپانه‌ی‌

كه‌ چركه‌كانی‌ دڵم تیرۆر ده‌كه‌ن ..

له‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ خه‌یاڵه‌وه‌ به‌مه‌ستی‌,

هاتم و گوناهێ‌ بوو ..

بێ‌ ده‌نگیم تالاَن كرد و له‌ خۆڵی‌ ده‌سته‌كانمدا

حه‌شارم داو تاوانێ‌ بوو,

وا ئێستاش په‌یڤی‌ شانه‌یه‌ك,

ره‌شه‌بای‌ پرچه‌كانم ژیرده‌كاته‌وه‌ و

به‌ شاباڵی‌ فڕینێك ده‌یانڕوێنێ‌,

بۆ ژوانی‌ گوڵدانێك .. ‍

تۆ بڵێ‌ی‌ ئه‌م هه‌موو حه‌سره‌ته‌م

ده‌خیلی‌ عیشق بێ‌ …

ده‌ڵێن ؛ عیشق زمانێكه‌ ته‌رجه‌مه‌ی‌ نی‌یه‌ ..

ئه‌شێ‌ ژانی‌ بوونیشی‌ كه‌له‌كه‌ بووبێ‌,

لای‌ ژه‌نه‌ڕاڵه‌كانی‌ ئازادی‌ ..

ئا ئه‌وه‌تا باخی‌ گشتی‌

مه‌عشوقیانه‌ و تا ئه‌به‌د عیشق ده‌ڕژێ‌ ..

منیش ته‌لی‌ زه‌ینم به‌رامبه‌ریان ڕاكشاوه‌و

به‌ شاهیدی‌ ئه‌وان

له‌ تقوسێكی‌ گه‌مژه‌دا و

له‌ ناو شه‌پۆله‌كانی‌ نه‌ستا

ئێواره‌ له‌خۆم دائه‌ماڵم و

به‌ شه‌رعیه‌تی‌ مانگی‌ ئه‌سپێرم,

پێكه‌نینی‌ (با) ئه‌دڕێنم و

به‌ پێچی‌ كۆلاَنه‌كانی‌ خه‌مه‌وه‌

ئایدیام ده‌به‌مه‌ سه‌ر كه‌ناره‌كانی‌ مناڵی‌ و

جه‌سته‌م له‌و درۆیانه‌ ئه‌ته‌كێنم,

كه‌ دڵیان بردم بۆ حوجره‌كانی‌ چاوه‌ڕوانی‌ …‍‍

ئێ‌ی‌ ژه‌نه‌راڵه‌كانی‌ ئازادی‌ … ئێوه‌

له‌ ڕێگه‌یه‌كدا تامی‌ شه‌هیدیتان چه‌شت

عیشقی‌ نیشتمان له‌ فه‌نه‌ری‌ هه‌نگاوه‌كانتانا

ده‌چۆرا و .. ناڵه‌ی‌ یاخی‌ بوونی‌,

ئه‌ستێره‌كانی‌ سه‌رشانتان,

تژی‌ به‌ پرژه‌ی‌ نوێژه‌كانی‌ خاك و

وێرده‌كانی‌ خوا .. !!

وا ئێستا له‌به‌رده‌م په‌یكه‌ره‌كانتانا

ده‌نگی‌ خنكاوتان ئه‌زبه‌ر ئه‌كه‌م …

چونكه‌ هه‌رده‌م وره‌ی‌ هه‌تاو ..

له‌ ده‌سته‌كانتانا چێ‌ ده‌كا و نه‌فره‌ت

له‌وورته‌ی‌ چاوه‌ڕوانی‌ ..

ئه‌شێ‌ ئه‌من چاوه‌ڕوانی‌ چی‌ بكه‌م ؟!

دڵی‌ ئێواره‌م له‌ت له‌ت كرد و تۆ نه‌هاتی‌ ..

جریوه‌ی‌ هه‌وری‌ چۆله‌كه‌ سیاسیه‌كانم

نارده‌ سۆراخی‌ باران و تۆ نه‌هاتی‌

 

ده‌نگی‌ لوولی‌ كه‌نارییه‌ وه‌ڕسه‌كانم پێچا,

به‌ كه‌نارنه‌ڤاڵی‌ پایز و تۆ نه‌هاتی‌ ..

گمه‌ی‌ كۆتره‌ قه‌یره‌كانم كرده‌ قردێله‌ی‌ سه‌رو تۆ نه‌هاتی‌

سكی‌ خۆرنشینم پڕكرد,

له‌ نوتفه‌كانی‌ شه‌و و تۆ هه‌ر نه‌هاتی‌ …!!

بێ هوده‌یه‌ فرمێسكی‌ مۆمێك بچنمه‌وه‌و

له‌ وانه‌یه‌كی‌ شه‌هید بوونی‌ په‌روانه‌دا,

عیشق نه‌ڕژێ‌ .. بێ‌ هووده‌یه‌ ئاهێك له‌سه‌بووری‌

به‌ ده‌سته‌كانمه‌وه‌ شیعر ده‌نوسێ‌ و

ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانی‌ ته‌نهایی‌ ..

وێرانه‌ خۆم .. من له‌ ده‌رگاكانی‌ هیچه‌وه‌ هاتم و

وه‌همه‌كانی‌ كۆتایی‌ ده‌منێژێ‌ ..

تازه‌ ناچمه‌وه‌ سه‌ر مشایه‌خه‌كانی‌ متمانه‌

متمانه‌یه‌ك بمكاته‌ لقی‌ په‌نجه‌كانی‌ و

هه‌ڵمواسێ‌ به‌ سێداره‌ی‌ ماچێ‌ .. !!

دوا وه‌سیه‌تیشم ئه‌وه‌یه‌

دێڕێك له‌ ئۆقره‌ شك نابه‌م

بۆ به‌رسیله‌كانی‌ ئه‌وین,

هه‌تا ترێ‌ی‌ عیشق هێشوی‌ خه‌ڵوه‌ت بنوسێ‌ …

چیتر په‌یڤین له‌سه‌ر ده‌نگم مه‌كه‌ن ..

بێ‌ هووده‌ رێتمی‌ ئه‌م په‌نجانه‌ باوێشك ئه‌دا و

خه‌وێك له‌ خه‌وا میقات ناكا .. !!

ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی‌

 

‌ • نوسه‌ر:ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی‌
1257جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1829
Share/Save/Bookmark

زۆربینراوترین سه‌ردێڕی هونه‌ر و که‌لتور‌