0
به‌درێژایی ته‌مه‌نم
Friday, 24 January 2014 10:00
به‌درێژایی ته‌مه‌نم
 
  به‌درێژایی ته‌مه‌نم

1

گەر تۆم

لەخۆم خۆشتر دەوێ

بمبەخشە

چونکە

له‌وه‌ته‌ی تۆم خۆش ده‌وێ

له‌م ژیانه‌ به‌بونی تۆ...

هه‌ناسه‌ ده‌ده‌م!.

2

گەر ته‌نها تۆ...

چرای رووناکی،

ژیانم بیت

بمبەخشە

ده‌زانم بێ تۆ...

چرای ژینم دەکوژێتەوە

خۆری هیوا

بۆ هه‌تایه‌

رۆشنایم پێناداته‌وه‌!.

3

گەر تۆ...

تێکەڵ بە شا دەمارەکانی

خوێنم بیت

بمبەخشە

تۆ نه‌بی...

له‌هه‌ر چركه‌یه‌ك بێ

كۆتایی دێ

به‌و دڵه‌ی تۆی لێ دوور بێ

له‌بوونی تۆ...

هەست بە بوونی خۆم دەکەم!.

4

گه‌ر شه‌وان ئه‌ستێره‌كان

ده‌ژمێرم

بمبه‌خشه‌

به‌درێژایی ته‌مه‌نم

هه‌ر تۆ ئه‌ستێره‌ی به‌خت و

رۆشنایی ئاسمانی دڵمی

له‌نێوانی خۆم خۆتدا

عه‌شقێكی سه‌ره‌ڕۆم!.

5

گه‌ر شاڕێك پڕ ده‌كه‌م

له‌گوڵ

مانای ئه‌وه‌ نییه‌

گوڵ هه‌بێ

جوانتر بێ

له‌تۆی من

بۆن خۆشتر بێ

له‌و ئه‌وینه‌ی تۆ بۆ من

بمبه‌خشه‌

نیگایه‌كی تۆ...

هه‌موو گوڵی دنیا دێنێ

بۆ منێكی عاشق به‌ تۆ...!

6

گه‌ر به‌یادی تۆوه‌

شه‌وان چاو داده‌خه‌م و

خه‌ون به‌تۆوه‌ ده‌بینم

بمبه‌خشه‌

زۆر شه‌و بووه‌

به‌بێ ئیزنی تۆ

له‌ئامێزم خه‌وتوی

چه‌ند دڵ گه‌رمی

ئازیزی دڵ

وه‌ك په‌روانه‌ی

له‌گوڵی خه‌یالمدا

شیله‌ی عیشقم

هه‌لده‌مژی!.

7

گه‌ر دوور بی

هه‌ر له‌دڵما بوونت هه‌یه‌

كه‌ باران ته‌ڕیشم بكات

وشکم.. وشک

به‌لاته‌وه‌ سەیر نەبێ

خەیاڵم کردووی بە چەتر

چۆن جه‌سته‌م ته‌ڕ ده‌بێ

كه‌ تۆ...

له‌ناخه‌وه‌ بمسوتێنی!.

8

گه‌ر بۆ دووری تۆ...

فرمێسك ده‌ڕێژم

بمبەخشە

نازانی دووری تۆ...

زامێکی سارێژ نەکراوەو

وه‌ك هه‌ناسه‌م

نزیكم ده‌كاته‌وه‌

له‌مه‌رگێكی بێ تۆیی!.

9

گەر بۆت دەمرم و

زیندوو دەبمەوە

بمبەخشە

دڵم به‌عیشقی تۆ

چرۆ ئەکا

ئه‌ی پێنجه‌مین وه‌رز

بۆ من-ێكی عاشق به‌ تۆ

بۆ ناگونجێی

لە رۆژمێری ئەم حەزەدا

بۆ هه‌تایه‌ وه‌رزێك بی

به‌ته‌نها بۆ من

كه‌س ده‌ستی پێت نه‌گات و

هه‌ر به‌ته‌نها بۆ من بی!.

 

کەنەدا

ده‌ریا ره‌واندزی

 

‌ • نوسه‌ر:ده‌ریا ره‌واندزی
1262جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:1828
Share/Save/Bookmark

زۆربینراوترین سه‌ردێڕی هونه‌ر و که‌لتور‌